ئەردۆغان،نەفریشتەیە نە شەیتان

  چوار شەممە, 18 تەمموز 2018 06:15

ساڵانێكی زۆرە ناوی (ئەردۆغان) بەشی زۆری هەواڵ و راپۆرتە جیهانی و ئیقلیمیەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردوە، میدیای كوردیش وەك بەشێك لە میدیای جیهانی، رۆژانە هەواڵ و راپۆرت و شیكاری هەیە لەسەر كارەكانی ئەردۆغان. بەر لەوەی بزانین میدیای كوردی چۆن باس لە ئەردۆغان دەكات،باشتر وایە زۆر بەكورتی بزانین ئەردۆغان لە ئەرزەوە هەڵقوڵاوە یان داباریوە لە ئاسمان؟دیارە هیچیان،ئەو تا سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو یاریزان بوو، دواتر بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1994 بو بەپارێزگاری شاری ئەستەمبوڵ،ئیتر بەم شێوەیە هاتە نێو دنیای سیاسەت. ئەردۆغان كە هەندێك پێدەڵێن سوڵتان،ئەم نازناوە كێشە و گرفتی زۆری بۆ هەندێ‌ كەس دروستكروە، رۆژانە لە دەیان كەناڵ و رادیۆ و سایت و پێگە ئەلەكترۆنیەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، شەڕی نێوان لایەنگر و دوژمنانی دووبارە دەبێتەوە. بەداخەوە هەر دوو بەرەكە، تەنها بە عاتیفە و سۆز لەمەسەلەكە دەڕوانن و هیچیان ئاماژە بە حەقیقەتی ئەردۆغان ناكەن.بەرەیەك ئەردۆغان بە ئیمامی زەمان و خەلیفە دەزانێ‌ و سەرسەختانە بەرگری لێدەكەن،لەبەرامبەردا بەرەكی تر بە هێمای شەڕ و خراپەی دەزانن و وەك شەیتان لێی دەڕوانن. لە راستیدا پێویستە لایەنگرانی ئەوە بزانن كە ئەردۆغان خۆی بە پیاوی ئاینی یان نوێنەری رەوتێكی ئیسلامی نازێ‌، بەڵكو ئەو كەسێكی سیاسیە و پارتەكەشی حزبێكی تێكەڵەی كراوەیە، هەر ئەوەیە هەندێ‌ لە بیروڕاكانی لەگەڵ ئیسلامدا یەكانگیرە و هیچی تر.ئەوانەش كە بە شەیتانی دەزانن،ئاشكرایە بەر لە ئەردۆغان توركیای (11)سەرۆكی تری بەڕێ كرودە،ئێستا ئەردۆغان باشەكەیانە، چونكە لە رابردوودا كەسێكی لەو باشتر سەرۆك نەبووە. ئەردۆغان بەرلەوەی ئیسلامی بێ‌ یان عەلمانی،توركە،بەڵام توركێكی سیاسەتمەدار و خزمەتكاری نەتەوەكەی خۆی، ئەردۆغان بۆ توركیا و گەلانی توركیا خراپ نیە و، دڵی بەشێكی زۆر لە خەڵكی وڵاتەكەی بە خۆیەوە گرێداوە بە كوردەكانیشەوە. ئەردۆغان وەك كاركتەرێكی سیاسی ناوچەكە، بە هیچ كەسێكی تری وڵاتانی دەوروبەر بەراورد ناكرێ‌،لە سوریای ئەسەد 8 دانە ساڵ دیاری سەرۆك بۆ گەلەكەی تەنها فرمێسك و بارووت و مەرگە،لە عێراقێش تەقینەوە و كەمی خزمەتگوزرای و هەژاری گەلەكەی بەس نەبوو، دواجار سەختەكاریەكانی هەڵبژارن گڕی سیاسی بەردایە وڵات ،ئێرانیش بە هۆكاری ئابڵوقە ئابورییەكان و گرفتەكانی لەگەڵ ئەمریكا رۆژ بە رۆژ كێشەی زیاتری بۆ دروست دەبێ‌ و، میللەتیش زەرەرمەندی یەكەمە،لەم نێوەندەدا ئەردۆغان هیچ كام لەمانەی نیە،لانیكەم ژیانێكی ئاسایی و خزمەتگوزرایە سەرەتاییەكانی دابین كردوە، تا رادەیەكی باش یاسا و دادگا بەركارن و ئیشی خۆیان دەكەن،ئەمنیەتی گشتی وڵات پارێزاوە و بەزمی تەقینەوەی رۆژانە بوونی نیە، ئابوری وڵات بەگشتی نۆڕماڵە و قەرزی وڵاتانی لانیە و، ترسی هەرەس هێنانی گەورەشی لەسەر نیە. ئەو ئەردۆغانەی كە لای هەندێ‌ كەس وێنادەكرێ‌ بە شەیتان،هەڵبژاردنی كرد و یار و نەیارەكانی بەشداریان كرد و، لە ماوەی تەنها (5)كاتژمێردا ئەنجامەكانی راگەیانرا و كەسیش بایكۆتی ئەنجامەكانی نەكرد! ئەردۆغان زۆر لە دوای هەڵبژاردنی عێراقەوە هەڵبژارنی كرد،بەڵام لە عێراق تا ئێستاش ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە دادگا پەسند نەكراوە،بەڵام ئەردۆغان كابینەی حكومەتەكەشی راگەیاند و، دەست بەكاریش بوون بە 16 وەزارەتەوە، كەچی بەس خۆمان لە هەرێم 22 وەزارەتمان هەیە!!! بەداخەوە ئێمەی كورد زۆر ئیش لەسەر عاتیفە دەكەین و زۆرجار راستیەكان وەك خۆیان نابینین،ئاخر ئەگەر عێراق و هەرمیش ئەردۆغانێكی هەبوایە عەیبی چی بوو؟! ئەردۆغان بۆ تورك و بۆ توركیا عەیبی چیە؟! هەڵەگەورەكە ئەوەیە كەسەكان یان رووداوەكان لە سیاقی خۆیاندا نەخوێنیەوە، سەیر ئەوەیە توركێك كە ئێستا لە سەر كورسیەكەی ئەتاتورك دانیشتوە، چاوەڕێی ئەوەی لێبكەی حاشا لە تورك بوونی خۆی بكات و وەك (قازی) خەریكی كوردایەتی بێت!!!،ئاخر ئێمەی بۆ تەنها جارێك رەخنە لە خۆمان نەگرین؟.ئەرێ‌ ئێمە وەكو كورد چەند ئەردۆغانمان هەیە؟ دیارە كە هیچ ئەردۆغانێكمان نیە. باشە بەشێك لە میدیاكانی هەرێم بۆ شتەكان وەك خۆیان ناگەێنن،ئاخر (پارتی گەلانی دیموكرات-هەدەپە) بە زمانی خۆیان ئەڵێن ئیمە گوزراشت لە رەوتی چەپی توركیا ئەكەین، نەك نمایندەی حزبێكی كوردی ،دیارە ئەوان ئازادن گوزارشت لە هەرشتێك بكەن، مەبەستمان ئەوە نیە كە رەخنە لە چەپگەرایی ئەوان بگرین، نا مەبەستمانە راستیەكان وەك خۆیان بگەن،دواتر ئەردۆغان و پارتەكەی هۆكاری سەرەكی بوون، بۆ وجود و بوونی (هەدەپە) هەرچەند گوزارشت لە كێشەی كوردیش ناكەن بەڵام وەك (قەزریە) سەیری مەسەلەی كورد دەكەن. ئیتر ئەردۆغان پەكی نەكەتووە لە سەر هەندێ‌ هەواڵ و شرۆڤەی سیاسی كە بەردەوام خەریكی بەشەیتان كردنی ئەون، نا ئەو بەراورد بە دەوروبەر، وەك كاركتەرێكی سیاسی سەركەوتوو كاری خۆی دەكات و، ئێمەش وەك هەرێم و وەك عێراق، ئەبێ‌ خەو بەو رۆژەوە ببینین ئەردۆغانێك ببێ‌ بە فریاد رەسمان و،ئاو و كارەبای رۆژانە و، مووچەی مانگانە و، قیری رێگاوبانمان بۆ دابین بكات.

سۆران هەستیار

سۆران عبدالله، لە دایك بووی 1973.ئەندامی كارای  سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەڵەتی.بەشداربووی چەندین خولی جۆراو جۆری بواری رۆژنامەوانی،وەرگێر و شاعیر و پەخشان نووس.شرۆڤەكاری سیاسی،موحەریری هەواڵ لە كەناڵی سپێدە لە ساڵانی پێشوو، نوسەری  بەردەوامی رۆژنامەی یەكگرتوو پێش وەستانی رۆژنامەكە.