ڕاگەیاندن و کاری هاوبەش ـ پڕۆژەیەک بۆ نیشتمان 

حامد محمد عەلی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا ، لەبەرزۆر هۆکار، لەوانە باکگراوندی حیزبی و ئایدۆلۆجی جیاواز، لەلایەک و هەروەهانەبوونی هیچ ڕایەڵەو تۆڕو هاوبەندییەک کە بەیەکەوە گرێیان بدات،لەلایەکی ترەوە، تائێستا نابینرێت هیچ کارو چالاکی و هەڵمەتێکی هاوبەش لەبەژەوەندی گشتی هاووڵاتیان ئەنجام بدەن..

بەڵکو هەریەکە بە پێی پلان و زەوق وسەلیقەی بەڕێوەبەرانی ئەم کەناڵانە، مامەڵە لەگەڵ تێکرای پرس و پێشهات و ڕوداوەکاندا دەکەن..

ئەمە لەکاتێکدا کە زۆر پرس و بواری گرنگ و هەستیارو پەیوەست بەژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی هەرێمەوە هەن ، کە دەکرێ بە پلانی هاوبەشی ئەم کەناڵانە، هەڵمەتی ڕاگەیاندنی هاوبەش وکاری جوانی بۆ بکرێ،کە لە بەرژەوەندی کۆی خەڵکی هەرێمە کەمان بێت ،بەبێ جیاوازی.

بەدڵنیاییەوە ئەوهەڵمەتە هاوبەشانە ، ئەگەرپلان و میکانیزم و کەرەستەی گونجاوی بۆ بەکاربێت، ئەوە لەماوەیەکی کەمدا ،ئاسەوارو لێکەوتەو دەنگدانەوەی ئیجابی زۆرباشی دەبێت. .

هەربۆنمونە لەم بوارانەدا :ـ

ـ هەڵمەتی ڕاگەیاندن لەدژی مادە هۆشبەرەکان..

ـ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گشتی بۆ ڕێگری وچۆنیەتی خۆپاراستن لە هەندێ پەتاو نەخۆشی لەکاتی بڵاوبونەوەیدا،یان پێشتر.

ـ هەڵمەتی هاوبەش لەدژی دیاردەی بڵاوبوونەوەی نێرگەڵە کێشان لەنێوگەنجان و مێردمنداڵان و زیانەکانی ئەم ژەهرە وهەروەها زیانەکانی جگەرە لەسەر تەندروستی و بۆ ژینگەش .

ـ لەهەمانکاتدا هەڵمەتی هاوبەش بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لەبەفیڕۆنەدانی سامانی ئاوو وزەی کارەباو پاراستنی ژینگە بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە.. هەروەها چەندین بوارو پرسی تر، کەدەکرێ بەهەماهەنگی و هاوکاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامو دەزگا حکومیە پەیوەندیدارەکانی وەکو لیژنەکانی پەرلەمان + وەزارەتەکانی تەندروستی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوو پەروەردە و ڕۆشنبیری هتد..ئەنجام بدرێت.