پـێـوەر بـۆ پـایـە بـەرزی و قــەدرداری

  دوو شەممە, 23 تەمموز 2018 09:29

لەبەر ئەوەی تەواوی بەدیھێنراوان موڵکی خـوان و خۆی لە جوانترین نەخشـەو دیزایندا بەدی ھێناون ، دەبینین ھەروەک چـۆن تۆکمەیی لە خەلقیاندا بەدی دەکرێت ھەرواش نایابی لە یاسای بەڕێوەبردن و مامەڵە کردن لەگەڵ یاندا ئاسان دەبینرێت . یەک لەو یاسا و ڕێسا بە نرخانەی خوای گەورە دانانی پێوەری پارێزکاری (التقوی)و پابەندیە ، بۆدیاری کردنی چاکی و بەڕێزی مرۆڤەکان لەلای خوای پەروەردگار ، بە بەڵگـەی : ( إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ / الحجرات : ١٣) .
مەرج بۆ دۆستایەتی خوا ، بریتی نیە لە بەرز بوونەوە و فڕین بەحەوادا و ڕۆچوون بەقوڵایی دەریاو زەریادا ، بەڵکو کێ چاکترو دروست تر سنوورەکانی خوا دەپارێزێ ئەوە نزیکترە و پلەی دۆستایەتی و خۆشەویستی لای خوا زیاترو بەھێزترە . گەر بتەوێت ببیتە دۆست و وەلی خوا، با دەرکەوی و بتبینێت لەو بووارەی فرمانی پێ کردووی ، وە با نەتبینێ لەوەدا لێی قەدەغە کردووی .
پایەبەرزی ئەسحاب (خوایان لێ ڕازی بێت)، بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ قورئاندا تەریب و چوون یەک بوون ، وەک بڵێی ھەر یەکەیان قورئانێکی زیندووی کردەیی بووە ، لەبەر ئەوەیە گرنگترین بابەت و پرس حەڵاڵ و حەرام (الأمر و النھی)ـە ، ئەوەی خوای بەلاوە عەزیمە حەتمەن فەرمانیشی بەلاوە عەزیمە ، بەڵگەی خۆشویستنی خوا بریتیە لە کەوتنە شـوێنی پێغەمبەر (د،خ) ی خـوا ، وە ئاوا ھەڵسـوکـەوت کردنە کە ئەو کردوویەتی : (قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي ) ، ئاوا ھەم خوا خۆشی دەوێن وەھەم چاوپۆشی لەخەتاو تاوانەکانتان دەکات (يُحْبِبْكُمْ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ / آل عمران : ٣١).
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کەخوای گەورە چۆنی ویستووە پێغەبەر (د،خ) ئاوا بووە ، ئەوە نیە خۆی تاریفی دەکات : (وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ) . جا بۆ ئەوانەی بە تەمای چاکەی خواو ڕۆژی دوایین ، وە زۆر وان لەبیری خوادا ، دەی ئەوە مەزنترین سەرمەشق تاکو چاوی لێ بکەن و وەک ئەو بکەن ، تەنھا پێغەمبەرە (د،خ) : (لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) .
خوای گەورە منەتی داناوە لەسەر مرۆڤ ، وەختێک ئەقڵ و ئاوەزو بیرو فکری فراوانی پێ بەخشیوە ، لەھەمان کاتدا تەواوی ئەو شتانەی پێویستن بۆی فەراھەم ھێناوە ، تاوەکو بەبیرکردنەوە بەدوایاندا بڕوات و بەواقعی ئەوەی لەبەرژەوەندی دایەو خزمەتی دەکات بۆخۆی دروستی بکات ، ئەمەش بە جوانی لە دروستکردنی ماڵ و مەسکەن و پێداویستیەکانی تریدا ڕەنگی داوەتەوە .
دەی ھەر ئاواش ئەرکیەتی بیر بکاتەوە بۆچی خەلق کراوە ، چ کارو ئەرک و بەرپرسیاریەکی لەسەری نراوە ؟ تاکو بەدروستی ئەنجامی بدات ، وەک چۆن نوێنەری وڵاتێک لەسەریەتی تەواوی بیرو توانای بخاتە کار تاکوبەچاکی نوێنەرایەتی وڵات و گەلەکەی بکات ، ئاواش ئەرکی موسڵمانە نوێنەرایەتی ئاینەکەی بە چاکی و دروستی بکات .
بەنموونە ، وەختێک پاک و خاوێنی فرمانەو بەپێی تواناو گونجان پێویستە جێبەجێ بکرێت (تنظفوا فإن الإسلام نظيف)، دەبێ بزانین ھەروەک چۆن خاوێنی لاشە و بەرگ و ڕوخسار بەھەند دەگرێت ، ھەرواو زیاتریش پاکی ناخ و دەروون و دڵ (گوفتارو ڕەفتار)یش بایەخی پێ دەدرێت ، مرۆڤ وەختێک خاوێنە ئاوێنەی پەیام و ئامانجی خاوێن بێت .