کەشوھەوای ھەڵەبجە و، خوێندنەوەیەکی پێویست

  دوو شەممە, 06 ئاب 2018 04:24

حاڵەتێکی بەرچاو کە جێی سەرنجی زۆربەی خەڵکی ھەڵەبجەیە بەتایبەت و بگرە زۆرینەی ئەوانەی چاودێری کەشوھەوا دەکەن لە کوردستاندا و بەتایبەتتر شارەزایانی بواری کەشناسی و میدیاکارانیش کە بەراوردی دەکەن، بریتییە لە خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی داتای بەرزیی کەشوھەوای شاری ھەڵەبجە لە وەرزی ھاویندا، بەشێوەیەک کە ھەندێ جار شان لە شانی ھەولێر و کەرکوک و کەلاریش دەدات کە بە گەرمای زۆر لە سنوری کوردستاندا ناسراون، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەوەی لە ھەڵەبجە ژیابێت و ئاشنای ئەو سنورە بێت، دەزانێت کە لەگەڵ بوونی گەرمای زۆری ھاوین لە سەرجەم ناوچەکاندا، بەڵام ھەڵەبجە ئەو پلە بەرزەی نییە کە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، یان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت.

بێگومان ئەم حاڵەتە ھەندێ جار بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی پلەی نزمیی گەرما لە زستاندا و رادەی بارانبارینیش ھەستی پێدەکرێت، بۆیە لەو بارەوە بەندە وێڕای وەک خەڵکی ئەو شارە خۆشەویستەم و پاشانیش وەک پسپۆڕێکی جوگرافیا و دواتر ڕۆژنامەنووسێک کە بەردەوام چاودێری گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا دەکەم لە ھەرێمی کوردستاندا، خاوەنی دوو توێژینەوە و چەندین وتاریشم لەبارەی ھەڵەبجەوە، کە تیایاندا چەند جارێک باسم لە کەشوھەوای ھەڵەبجە و دەوروبەری کردووە، بۆیە بە گونجاوی ئەزانم چەند تێبینییەک لەو بارەوە بخەمە ڕوو:

١. ئەو داتاو جیاوازییانەی نێوان کەشوھەوای ھەڵەبجە و شارەکانی تر لە رووی گەرماوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا و، بەتایبەت ئەم دوو ساڵەی رابردوو دەرکەوت، لەکاتێکدا گۆڕانکاری کەشوھەوای جیھان بەگشتی و ناوچەکەش بەتایبەت پێکەوەیەو، ناکرێت گۆڕانکارییەکە شارێک بەجیا بگرێتەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی کاریگەری کەمبوونەوەی روبەری سەوزایی و خاکوخۆڵ و فراوانبوونی ڕووبەری کۆنکرێت و قیر لە سەرجەم شارەکاندا، (بەدەر لەکاریگەرییە سروشتی و مرۆییەکانی تر کە لەیەک جیاوازن).

٢. شوێنی دانانی وێستگەی کەشناسی شار لە خوارەوەی شارەوەیە لەسەر رێگای سیروان، ئەمەش وەک دانیشتووانی شار دەزانن ناوچەیەکی کاریگەرە بەو گەرمایەی کە ھەندێ جار لە شێوەی گڕە ھەڵدەکات، جیاواز لە کەشوھەوای ئاسایی و دروستی ناوشار و بەشەکانی تری دەوروبەری شار.

٣. نزیکی کەشوھەوای ھەڵەبجە لە سلێمانییەوە لە رابرووە تا ئێستا زۆر ئاشکرایە، زۆری تێکەڵی دانیشتووانی ئەو دوو شارەش ڕوونە و دەزانن کە جیاوازی نێوان پلەکانی گەرما لە ھەر چوار وەرزدا زۆر دوور نابن لەیەکەوە، (بێجگە لە حاڵەتی دەگمەن)، پێچەوانەی ئەوەی ئەمساڵ تێبینی کرا.

٤. راگەیاندنی داتاکانی بەرزی پلەی گەرما بۆ شاری ھەڵەبجە لە رووی دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی دروستکردووە، بەشێوەیەک کە ئایا پلەی گەرمای ھەڵەبجە بۆ ئەوەندە بەرز بووەتەوە، لەکاتێکدا ساڵانی رابردووتر جیاوازییەکە بەو شێوەیە نەبووە، بۆیە بەشێک لە دانیشتووان بە نیگەرانییەوە دەڵێن ئەو داتایانە راست نین و گومانیان لەسەر دروست دەبێت.

بۆ راستکردنەوەی ھەڵەی داتاکان و رەواندنەوەی گومانەکان و وەرگرتنی زانیاری دروستتر لە کەشناسیی ھەڵەبجە، پاشان گەیاندن و پەیوەستکردنەوەی بە تۆڕی ئەنتەرنێتی جیھانەوە، کە بێگومان ھەر ئەو داتایەش لەلایەن کەشناسیی ھەرێم و میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە، پێشنیار دەکەم:

١. گواستنەوەی وێستگەی کەشناسیی شار بۆ بەشی سەرەوەی شار، بەتایبەت نزیک کەمپی زانکۆی ھەڵەبجە، کە داتاکانی نزیکتر لە ناوشار تۆمار ئەکات و، رادەی ئەو باران و بەفربارینەش تۆمار ئەکات کە زۆرجار دەبارێت و خوارەوەی شار ناگرێتەوە..

٢. کاربکرێت لەسەر نوێکردنەوەی ئامیرەکانی پێوانەکردن و تۆمارکردنی پلەکانی گەرما و باران و پەستان و با، بۆ ئەوەی نزیکتر لە زانیاری دروست تۆماربکەن و بڵاوی بکەنەوە..

٣. دامەزراندنی سایت یان پەیجێکی تایبەت بە کەشناسیی ھەڵەبجە، یان جێکردنەوەی بەشێک لە سایت و پەیجی پارێزگا بۆ بەشی کەشناسی و رۆژانە لەو دەروازەیەوە داتاکان بڵاو بکرێتەوەو، ھیچ دەزگاو کەناڵێک پشت بە سەرچاوەی زانیاری تر نەبەستێت..

خوازیارم بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگای ھەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی ھەرێم، ئەم بابەتە بەھەند بگرن و، ئەوەندەی دروستە کاری بۆ بکەن، ھەروەک ئەوەشی رای تایبەتە و نادروستەو بەندە ھەڵەبووم لە تێبینی و نوسینەکاندا، بمبورن و، لە دڵسۆزی و خەمخۆریمان بۆ خزمەتی شارەکەمان بگەن..

ھیوادارم بەم تێبینی و پێشنیارانە پێکەوە بتوانین خزمەتێک بە شاری ھەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکەین و ھەر کەموکورتی و ھەڵە و ناڕوونییەکیش ھەست پێدەکەین، پێکەوە کار بۆ باشترکردنی بکەین.

فەهمی حەمە تۆفیق

فهمی حمە تۆفیق عارف...
بەرواری لەدایكبوون: ( 11 / 4 / 1976 )
شوێنی لەدایكبوون:...هەڵەبجە - عەبابەیلێ..
بڕوانامە:..بەكالۆریۆس / جوگرافیا (زانكۆی صلاح الدین) 2001 ـــ ماستەر/ جوگرافیا (سانت كلیمێنتس) 2010
ئیش و پۆستی ئێستا:.مامۆستا (ئا.ئەزمڕی كوڕان)، ل.ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی یەكگرتوو، كارگێڕی مەكتەبی پیشەییەكان، بەڕێوەبەری دەنگی یەكگرتوو / رادیۆی سلێمانی...
خوێندنەوەو رێكخستنی دوو كتێبی مەرحومی د.ئەكرەم عەنەبی بۆ چاپ ئەوانیش:. (1- لە هەڵەبجە بووم، 2- ئینجیلی بەرنابا)،
كتێبێك ئامادەیە بۆ چاپ (لەنێوان مامۆستا و قوتابیدا).