دەست درێژی بۆسەر ماف و ئازادی لە ریزی تاوانە گەورەكاندایە

  چوار شەممە, 15 ئاب 2018 09:57

   ئەگەر سەیری قورئان بكەین دەبینین مرۆڤ وەك یەكێك لەبەڕێزترین دروست كراوەكانی خۆی سەیر دەكات و رێزێكی تایبەتی بۆ كەرامەت و ویست و عەقڵی دادەنێت، لەبەرئەوە پارێزگاری لەسامان و كەرامەت و نەوەی مرۆڤ دەخاتە ریزی ئامانجە بەرزەكانی شەریعەت، بەڵام ئەگەر سەیری دیدو تێڕوانینی مسوڵمانان بكەین دەبینین لەم رووەوە زۆر بەرووكەشی سەیری ئەم مەسەلەیە دەكەن، بۆ نمونە چەمكی (دەست درێژی بۆ سەر سامان) زۆربەی مسوڵمانان وای لێك دەدەنەوە كەئەمە تایبەتە بەبردنی ماڵی بەرامبەرەكان بەتاڵان، واتە تەنها لەسنوری تایبەتی سامان و دارایدا لێكی دەدەنەوە، واتە تەنها زیان گەیاندنە بەبەرژەوەندیە تایبەتیەكانی مرۆڤ.

بەڵام لەراستیدا ئەم بۆچونانە هەڵەن و لەئاست ئەو ئامانجە گەورانەدا نین كەقورئان باسیان دەكات، چونكە قورئان و فەرمودە ئەوەی كەدەربارەی مرۆڤ باسی دەكات گشتگیرە، لەلایەك هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە بەبێ باسی رەگەزو مەزهەب، چونكە هەمووان دروست كراوی خوان، دووەمیان تێڕوانینەكانی قورئان لەسنورێكی بەرفراواندایەو هەردوو بواری ماددی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەكاتێكدا كەپێغەمبەری خوا دەفەرموێت (كل المسلم علی المسلم حرام) ئەم فەرموودەیە مسوڵمانان و نامسوڵمانیش دەگرێتەوە، واتە چۆن رشتنی خوێنی مسوڵمان حەرامە، بەهەمان شێوە بۆ نامسوڵمانیش حەرامە.

لەو فەرمودەیەدا پێغەمبەری خوا سێ شت حەرام دەكات لەسەر مسوڵمان، خوێن و ماڵ و ناموس، واتە تۆ نابێت دەست درێژی بكەیتە سەر مسوڵمان لەو سێ لایەنەوە، بەڵام ئەگەر سەیری هەندێك فەرمودەی سەحیحی تر بكەین دەبینین كەجەخت لەسەر چەند مافێكی تر دەكەنەوە كەئەوانیش پاراستنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤە ،كەرامەتی مرۆڤیش چەمكێكی قورئانیەو خوای گەورە جەخت لەسەر پاراستنی دەكاتەوە، لەهەمان كاتدا سنورێكی فراوان هەیە بۆ راڤەكردنی، چونكە كەرامەتی مرۆڤ دەگرێتەوە، كەئەمانیش كۆمەڵێك بنەمای گرنگن بۆ پاراستنی مافەكان و هەست كردن بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەمرۆڤ.

لەئیسلامدا دەست درێژی بۆ سەر ئەم مافانە دەست درێژیە بۆسەر گەورەترین بەهای مرۆڤایەتی كە كەرامەتی مرۆڤە، چونكە ئەم مرۆڤە پیرۆزە. ئەو گیانەی كەتیایەتی بەشێكە لەگیانی خوا (ونفخنا فیه من روحنا) ئەو گیانەش سەرچاوەی ژیان و بوونی مرۆڤە، هەربەهۆی ئەویشەوەیە، كەمرۆڤ جەستەو عەقڵ و ئیرادەی دەكەوێتە كارو دەست بەجم و جۆڵ دەكات .

خوای گەورە چوار جۆر لەدەست درێژی حەرام دەكات، كەئەوانیش یەكەم دەست درێژی كردنە بەشێوەی نهێنی بۆ سەر ماڵی كەسانی تر كەپێی دەوترێت دزی. خوای گەورە دەفەرموێت(السارق والسارقة فاقطعوا أيديهما) زۆربەی راڤەكاران و توێژەران و زانایانی فقه لەو بڕوایەدان كەدزی كردن دوو بوار دەگرێتەوە، لەلایەك بریتیە لەبردنی ماڵ و سامان، لەلایەكی تریشەوە دەست درێژیە بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ و ئازادیەكانی تاك و كۆمەڵ.

هەروەها ئەگەر سەیری قورئان و فەرمودە بكەین باس لەسزای زۆر سەخت دەكات لەدنیاو دوارۆژدا، بۆ ئەوكەسانەی كەئازادی مرۆڤ زەوت دەكەن و مافەكانی پێشێل دەكەن و مافێك كەخوا پێی داوە ئەوان پێشێلی دەكەن و دەست درێژی دەكەنە سەر، ئەگەر بۆ ئەم مەبەستەش عەقڵ بەكاربهێنین و بپرسین ئایا ئەگەر خوای گەورە لەبەرامبەر دزینی بەشێكی كەم لەسامان و دارایی باس لەسزای قورسی وەك دەست بڕین بكات، یان پێغەمبەری خوا لەسەر دزینی هێلكەیەك نەفرەت لەبكەرەكەی بكات، ئەی ئایا ئەگەر كەسێك بێت و دەست درێژی بكاتە سەر مافەكانی گەلێك و ئازادیان لێ زەوت بكات و هەموو سامانی وڵات بەرێت و بیدزێت دەبێت سزاكەی چی بێت؟ دەست درێژی لەئیسلامدا زۆر لایەن دەگرێتەوە لەوانەش ئەوەی لەزمانەوانیدا پێی دەوترێت دزی یان خیانەت یان غەش كردن یان لەرێگەی دەست بەسەرا گرتن و بەكارهێنانی هێز وەك لەقورئاندا باسی دەكات كەنانەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی و شەوكوتی و ڕێگری و دزیە.

خوای گەورە لەبەرامبەر ئەوكەسانەی كەدزی لەمافەكانی مرۆڤ دەكات و هێزوتوندوتیژی بەكار دەهێنێت ئەگەر ئەم هێزە ماددی بێت یان مەعنەوی، هەرەشەی توندترین سزایان لێ دەكات (إِنَّمَا جَزَا‌وُ الَّذِينَ يُحَارِبُونَ اللَّهَ ؤرَسُولَهُ ؤيَسْعَوْنَ فِي الْأَرْضِ فَسَادًا أَنْ يُقَتَّلُوا أَوْ يُصَلَّبُوا أَوْ تُقَطَّعَ أَيْدِيهِمْ ؤأَرْجُلُهُمْ مِنْ خِلَافٍ أَوْ يُنْفَوْا مِنَ الْأَرْضِ) زۆر لە زانایان و بانگخوازان جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كەئەو سزایانە تەنها دزینی ماڵی تایبەت دەگرێتەوە بەڵام ئاوڕێك بەلای ماڵی گشتیدا ناكەنەوە.

لەراستیشدا ئەمەش هەڵەیەكە نەتوانراوە بەشێوەیەكی بەرفراوان و بەشێوەیەكی (مقاصد) باس لەگەورەیی شەریعەت بكرێت، چونكە لەراستیدا دزی لەماڵی گشتی و دەست درێژی بۆ بوارە مەعنەویەكان زۆر خراپترو تاوانێكی زۆر گەورەترە ، ئەگەر كەسێك دزی لەماڵی تایبەتی كەسێك بكات لەكاتێكدا كەپەشیمان دەبێتەوە دەتوانیت بروات بۆلای كەسەكەو ماڵەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە یان گەردنی خۆی پێ ئازاد بكات، بەڵام ئەگەر دزیەكە لەماڵی گەل و حكومەت بێت چۆن دەتوانیت بیگەڕێنیتەوە بۆ گەل و مافەكانیان بۆ بگەڕێنیتەوە یان یەكە یەكە گەردنی ئازاد بكەن.