عێراق پێویستی به‌ پینج ته‌وافوقه‌

  یەک شەممە, 19 ئاب 2018 20:03

هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا و دوای 98 رۆژ له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌12/5/2018 دادگای فیدرالی عێراقی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سندكرد، سه‌ره‌رای گله‌یی زۆری هه‌موو قه‌واره‌ به‌شداره‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ بوونی ساخته‌كارییه‌كی ئه‌لیكترۆنی بێ وێنه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، كه‌چی دادگا سه‌ره‌رای زۆر و هه‌مه‌جۆری تانه‌كان و هه‌مواری یاساكان دواجار بریاری كۆتاییدا و ئه‌نجامه‌كان بوونه‌ ئه‌مری واقیع و ده‌بێ له‌مه‌ودوا هه‌موو حزب و پێكهاته‌كان سه‌ره‌رای تانه‌كانینان مامه‌ڵی له‌گه‌ل بكه‌ن و چاوه‌ڕێی چاكسازی له‌م ئه‌نجوومه‌ن بكه‌ن. 

له‌دوای راستاندنی ئه‌نجامه‌كان لێره‌وه‌ كاره‌ قورسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق، ئه‌ویش پێكهینانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و دابه‌شكردنی پۆست و ئیمتیازاته‌ له‌نێوان هیزه‌ براوه‌كان، ئه‌مه‌ش قورسترین كاره‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه،‌ چونكه‌ له‌م وڵاته‌ فره‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌ پێویستی به‌ پێنج ته‌وافوق هه‌یه‌ :
1- سازانی كوردی – كوردی : واتا سازان له‌ نێوان هێزه‌ كوردستانییه‌ براواكان له‌سه‌ر پۆستی سه‌ركۆمار و جێگرانی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كه‌سێ پۆستی سیادین و ئێمه‌ش حه‌فت لایه‌نی براوه‌ی كورسی ئه‌نجوومه‌نمان هه‌یه‌ جا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كامیان ده‌بێته‌ خاوه‌ن پۆستی سیادی و چۆن رێكده‌كه‌ون ؟
2- سازانی سوونی – سوونی : واتا سازان له‌نێوان لایه‌نه‌ سوونییه‌كان عێراق له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێكرانی سه‌ركۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كان ، چونكه‌ ئه‌وانیش دابه‌شبوون به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، ئیسلامی و عه‌لمانی و نه‌ته‌وه‌یی .
3- سازانی شیعی – شیعی: واتا سازانی شیعه‌كانی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ئه‌وانه‌شی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگرانی سه‌ركۆمارو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، كه‌ ئه‌م سازانه‌ قورستره‌ له‌سازانی كورده‌كان و سوونه‌كان ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گرنگی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران .
4- سازانی كوردی – سوونی – شیعی : واتا سازانی ئه‌م سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌ی عێراق بۆ به‌شداری و شه‌راكه‌ت له‌ به‌رێوه‌بردنی عێراقی تازه‌ كه‌ ده‌ستوور و عورفی كارپێكراو‌ هه‌رسێ پێكهاته‌ی پابه‌ند كردووه‌ كه‌ به‌شه‌راكه‌ت وڵات به‌ریوه‌به‌رن ، وڵاتانی دراوسێ و خاوه‌ن هه‌ژموون به‌سه‌ر عێراقیش پاڵپشتی له‌ شه‌راكه‌تی هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ ده‌كه‌ن.
5- سازانی ئه‌مه‌ریكی – ئێرانی : واتا ریككه‌وتنی ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر هه‌رسێ پۆسته‌ سیادییه‌كه‌ (سه‌ركۆمار، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران) كه‌ له‌سێ خولی رابردوو ئه‌مه‌ به‌ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرا و كاری بۆ كرا ، به‌ڵام جیاوازی ئه‌وكات و ئێستا زۆره‌ ، ئه‌وكات دیموكراته‌كان خاوه‌ن بڕیاری و سه‌رۆكایه‌تی كۆشكی سپیان ده‌كرد ئه‌وانیش له‌سیاسه‌تدا نه‌رمترن ، به‌ڵام ئێستا كۆمارییه‌كان و له‌نێوانیشیاندا تره‌مپ سه‌رۆكایه‌تی كۆشكی سپی ده‌كات ، ئیستا گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ پێشبینی پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی لێده‌كرێ نه‌ك به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، بۆیه‌ پێكهاتن و پێكهێنانی كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌تی عێراق له‌نێوان به‌رداشی ئێران و ئه‌مه‌ریكا قورستر ده‌بێ له‌جاران . بۆ كوردیش ئاسان نییه‌ بچێته‌ ناو كام هاوپه‌یمانی .

هێمن ئەسكەندەر

به‌كالۆریۆسی یاسای و رامیاری .

لە دایكبووی ساڵی 1978 لە شاری هه‌ولێر.

كادیری پێشكه‌وتووی یه‌كگرتووە.

لیكۆله‌ره‌وه‌ی دادوه‌ریە.

به‌رێوه‌به‌ری نووسین رۆژنامه‌ی یه‌كگرتوو بووه‌ .

به‌رپرسی رێكخراوی ته‌رازووە بۆ رۆشنبری یاسایی.