وەزیرەكە وا دەڵێت و ئێمە چی بڵێین؟!

 

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی  حكوومەتی  هەرێمی كوردستیان  لە بارەی  پرسیاری بەشێك لە هاوڵاتیان  كە ئایا بۆچی نرخی بەروبوومی ھاوردە لە نرخی بەروبومی ناوخۆ گرانترە؟ وەڵامێكی نوسیووە و بە سێ خەت وەڵامی داوەتەوە.
لە خەتی یەكەم  وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت "تێچوی بەرھەمی ناوخۆ زۆرە بە بەراورد لەگەڵ ئەو بەربوومانەی لە وڵاتانی بیانیەوە ھاوردە دەكرێن" لە خەتی  دووەم  نوسیویەتی "پاڵپشتی كشتوكاڵی لە ھەرێمی كوردستان زۆر كەمە بە بەراورد بە پاڵپشتی وڵاتانی تر بۆ بەرھەمی جوتیارانیان"
لە  خەتی سێ هەمیش  ئەو  گوتوویەتی " لە وڵاتانی پێشكەوتوو،ھەمیشە بەرھەمی خۆماڵیان گرانترە لە بەرھەمی ھاوردە چونكە لێ ی دڵنیان و بە تەندروستتری دەزانن و حەزیش ناكەن پارەیان بچێتە دەروە چونكە زیانی ئابوری دەكەن".
رێزم بۆ وەڵامەكانی جەنابی وەزیر هەیە و قسەكانی لە شوێنی خۆیەتی، بەڵام كێشەیەكی 20 ساڵی لە  كوردستان بە سێ خەت وەڵام نادرێتەوە، بەڵكو پرسەكە مەودایەكی زۆر دوور تری  هەیە كە پێوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و كلتوری بە قەدر راگرتنی بەرهەمی ناوخۆییمانە، ئەو بەرهەمە ناوخۆییانەی كە زۆر بێ بەهامان كردوە و شەوانە لە شاشەی  تیڤیەكان لە رێگەی بە نێو  ( رێكلام) گاڵتەیان پێ دەكەین و هانی خەڵكی خۆمان دەدەین بەرهەمی دەرەوە بكڕن.
هەر وەزیری  كشتوكاڵ خۆی ئەو حەقیقەتە باش دەزانێت و نوسراوێكیشی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری كردوە بۆ ئەوەی كە چیتر لە رێگەی رێكلام  سوكایەتی بە بەرهەمی ناوخۆ نەكرێت.
بۆیە بەرهەمی دەرەوە لە هەموو بابەتەكان داگیری كردووین چونكە ئێمە لە نێو سیستەمێكداین كە تاوەكو ئێستا نازاندرێت سیستەمێكی ئیشتراكیە یان بازاری ئازاد، یاساكان و بڕیارەكانی ئەو حكوومەتە ئیشتراكین و بازارەكانیش ئازادا بە رادەی (بەڕەڵایی) ئیتر كە وا بێت چۆن بەرهەمی ناوخۆ رەواجی دەبێت و كێبڕكێی بەرهەمی دەرەوە دەكا.
ئەگەر ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆرمان هەبێت و 3 ملیۆنەكەی تریش بە پارەی ئەوان ژیا بن و ژێرخانی بەرهەمی ناوخۆییمان نەبێت هەروا دەبێت و بەرهەمی ناوخۆ چۆك بۆ بەرهەمی دەرەكی دادەدا.
ئەگەر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەو سەدان  كارگە خۆماڵیەی موتەوازیعانەی لای  خۆشمان داخرابن، جا بەرهەر هۆكارێك بێت و كێی لە پشتەوە بێت، ئەوە دەبێت چاوەورانی ئەوە بكەین بەرهەمی ناوخۆییمان حاڵی هەر وا بێت كە  وەویر و ئێمەش دەیزانین.
ئەگەر ئەوەندە بێ ئاگابین وەكو گەورە وەبەرهێنەرێكی لای  خۆمان گوتی: وڵاتێكی دراوسێ وەبەرهێنەرانی كوردستانی ئیغرا كردوە بۆ ئەوەی لە وڵاتەكەیدا سەرمایەگوزاری بكەن و كارخانە بكەنەوە و سەرمایەكەیان ببنە دەرەوە" دەبێت فاتیحا بۆ بەرهەمی ناوخۆ و سەرمایەگوزاری ناوخۆمان بنێرین!.