بایکۆت شۆرشێکی سپی بوو ........ !!!



ئەگەر سەیرێکی مێژووی نوێی مرۆڤایەتی بکەین ، هەموو ئەو وڵاتانەی دوای شەڕو کاول کاری ویستویانە هەڵبسنەوە و سەر لەنوێ وڵاتەکەیان بنیاد بنێنەوە لە پەروەردەو دەستیان پێ کردووە .
ئەویش بەگرنگی دان بەهەموو پێکهێنەرەکانی بواری پەروەردە ، بەتایبەتی پێکهێنەری بنەڕەتی ئەم بوارە کە مامۆستایە .
بەڵام بەداخەوە لەهەریمی کوردستاندا بەهۆی بێ پلانی و نەزانی و بڕیارە هەڵەکانی حکومەتەوە  ڕۆژ بەڕۆژ باروگوزەرانی مامۆستایان بەرەو خراپی دەروات و حکومەتیش بێ باکانە ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت ، مامۆستایانیش لەپێناوی باروگوزەرانی خۆیان و تەواوی کۆمەڵگا و گێڕانەوەی سیستەمی حوکمڕانی کوردی بۆسەر ڕێرەوێکی دروست و پاراستنی ئەزموونی حکومەتداری کوردی لە هەڵدێر ، لەبەرواری 21/1/2016 بڕیاریان دا بایکۆتی هۆڵەکانی وانە وتنەوە بکەن .
بەڵام دوای تێ بەڕبوونی زیاتر لەدوو مانگ بەسەر ئەم بڕیارەی مامۆستایاندا ، حکومەت هیج داواکارییەکی مامۆستایانی جێ بەجێ نەکرد و چەندین جار و بەچەندین ڕێگەی جیاواز و بەڵێنی درۆ هەوڵی دا مامۆستایان بنێرێتەوە بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن .
سەرەنجام لەدوای پشووەکانی بەهار بەشێکی زۆری مامۆستایان بەناچاری گەڕانەوە بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان و پرۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی ناڕێک و ناتەندروست دەستی پێ کردەوە .
لەدوای دەست پێ کردنەوەی دەوامی ناڕێکی قوتابخانەکان زۆر پرسیار ئاراستەی مامۆستایان دەکرێت ، بەوەی بایکۆت سودی چی بوو ، بۆچی دوو مانک پرۆسەی حوێندنتان پەکخست ، لێرەدا دەمانەوێ لەسەر ئەم پرسیارانە هەڵوێستەیەک بکەین.
سەرەتا پێویستە هەموان بزانن مامۆستایان بایکۆتیان لە پێناوی بایکۆتدا نەکرد ، وە بایکۆت لای ئێمە پیرۆز نی یە ، ئامانج نی یە ، بەڵکو ئەو تەنها ڕێکارێک بوو بۆ گێڕانەوەی مافەکانمان ، مافەکانمان لای ئێمە ئامانجن و بەهیج شێوەیەک سازش ناکەین لەسەریان ، ئێمە بایکۆتمان بۆ ئەوە نەکرد خۆمان لە وانە وتنەوە و خوێندنگاکان بدزینەوە ، ئیمەی مامۆستا بایکۆتمان بەسەردا سەپێنرا .
پێش ئەوەی بڕیاری بایکۆت بدەین ، چەندین ڕێگەی مەدەنیمان گرتە بەر ، لە خۆپیشاندان و نوسینی بەیاننامە و یاداشت و سەردانی سەڕۆکایەتی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و دەزگا و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان ، بەڵام هیچ کام لەو کەسایەتی و لایەن و ڕێکخراوانە ئامادە نەبوون داواکاری مامۆستایان جێ بەجێ بکەن .
مامۆستایان بە تەنها و بێ هیچ پشتگیرییەک و شکۆمەندانە و ئازایانە شەڕی مافەکانی خۆیانیان دەست پێ کرد و سەلماندیان بەهیچ شێوەیەک گەندەڵی و زوڵم و ستەم و نادادی قبوڵ ناکەن .
مامۆستایان بەو کارەیان تێڕوانین و ودونیا بینی و فەلسەفەی حوکمڕانی بەرپرسەکانی ئەم هەرێمەیان دەرخست بەرامبەر بە پەروەردە ، دەریانخست ئەم هەرێمە لە قەیرانێکی قوڵی دونیابینیدایە ، قەیرانێک کە وڵات بەرەو دەوڵەتی پۆلیسی دەبات و هیچ بایەخێک بۆ مامۆستا و پەروەردە و فێرکردن ناهێڵێتەوە ،
ئەم دونیا بینی یە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پەروەردەی قوتابیان و نەوەکانی ئایندە و ڕێژەی نەخوێندەواری لە کۆمەڵگادا زیاد دەکات و نەوەیەک دروست دەکات کە بایەخ بە خوێندن وزانست نەدەن .
تێروانین و دونیا بینیەک کە دوای دوومانگ لە پەککەوتنی پرۆسەی پەروەردە ئامادە نییە هیچ داخوازییەکی مامۆستایان جێ بەجێ بکات ، بەڵام بە دوو ڕۆژ مانگرتن ئامادەیە پێداچونەوە بە سیستمی مووچەی وەزارەتی ناوخۆدا بکات .
ئەم جۆرە لە تێڕوانین و دوونیا بینی بۆ پەروەردە ، نەوەکو هەر چاکسازی پێ ناکرێ ، بەڵکو کارەسات دەخوڵقێنێ ، کارەساتێک کە بەزیانی تەواوی کۆمەڵگە تەواو دەبێت .
بایکۆتی مامۆستایان پێ ووتین سلێمانی بێ خاوەنە ، ئەو حیزب و لایەنەش کە خۆیان بە خاوەنی سلێمانی دەزانن تەنها سلێمانیان وەکو گیاندارێک دەوێ کەشیرەکەی بدۆشن بۆخۆیان ، ئەگەر وانییە ئەولایەنەی خۆی بەخاوەنی سلێمانی دەزانی و شەریکی ئەم حکومەتە فاشیلەیە کاری جدی دەکرد بۆ ئەوەی داواکاری مامۆستایان جێ بەجێ بکرێت و پرۆسەی خوێندنی منداڵانی ئەم شارە پەکی نەکەوێت .
ئەو خەباتە مەدەنییە پێی ووتین ئەم هەرێمە قەیرانی کەمی و نەبوونی پارەی نییە ، قەیرانی خراپ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی  پارە و داهاتی هەیە ، ئێمە زۆر زوو ئەم قسەیەمان کرد ، بەداخەوە گوێیان بۆنەگرتین ، تا ئەوکاتەی چەند پەرلەمانتارێک بەڵگەوە ڕاستی قسەکانی ئێمەیان سەلماند و ووتیان هەرێم نەوەکو قەرزدار نییە ، بەڵکو خاوەنی نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە
لە هەمان کاتدا بایکۆتی مامۆستایان سەلماندی هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراو و دەزگا و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانەی بانگەشەی خەمخۆری و دڵسۆزی بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەکەن هیچ نین و لێداوان و قسەکانیشیان لەسەر بواری پەروەردە لە موزایەدەک زیار نییە ، وە بایکۆت سەلماندی حیزبەکان و پەرلەمانتار و وەزیرەکانیان لەگەڵ داوا و داخوازی مامۆستایاندا نەبوون و نین ، سەلماندی ئەوان تەنها سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دەبن و خۆیان ئامادەی قوربانی و هەڵویست نین لەپێناوی پەروەردە و داواکاری مامۆستایان .
لە لایەکی ترەوە پەککەوتنی پرۆسەی پەروەردە وانەیەکی گرنگی کرداری بوو بۆ قوتابیان ، و کەس و کاریان ، وانەیەک کە لە دوو توێی کتێبەکاندا دەگمەنە ، ئەوان بەزمانی حاڵ ووتیان ئازا و ئازاد و چاو نەترس  بن ، سەر بۆ هیج گەندەڵ و زاڵم و ستەمکارێک کەچ مەکەن و بەهیچ شێوەیەک سازش لە سەر مافەکانتان مەکەن .
بایکۆتی مامۆستایان پێی ووتین هەندێ مامۆستا و بەڕێوەبەر  هەن ، ئەگەر لە ئاسمانەوە ئازادی ببارێت ئەوان چەتر هەڵدەکەن بۆ ئەوەی بەریان نەکەوێ ، ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانە بوون کە لە سەرەتای ڕێگەوە پشتیان کردە هاوپیشەکانیان و ئامادەنەبون بایکۆت بکەن و بوون بەشێک لە پلانەکانی دەسەڵات بۆ شکست هێنان بەو خەباتە مەدەنییەی مامۆستایان .
مامۆستایان ئەوەندەی لە توانیاندا هەبوو بەتەنها ئەنجامیاندا ، پێویست بوو کەسوکاری قوتابیان و حیزبەکان و پەرلەمانتار و وەزیرەکانیان و زانایانی ئاینی وڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکاری مامۆستایان بکردایە بۆ سەرخستنی ئەو خەباتە مەدەنییە ، کە سەرنجام بە سوودی تەواوی کۆمەڵگا دەشکایەوە . وەدرێژەکێشانی ئەم  قەیرانە و ئەم جۆرە لە حوکمڕانی و دونیابینی بەزیانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا کۆتایی دێت .
پێویستە لە کۆتاییدا بوترێ
بایکۆت شۆڕش بوو ، شۆڕشێکی سپی هۆشیاری کومەڵایەتی و پەروەرەیی بوو ، شۆڕش بوو لە تێڕوانین و دونیا بینی ، شۆڕش دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی ، شۆڕش بوو لە پێناوی خزمەتکردن بە توێژی فەقیر و هەژار .
هەڵگرانی ئەم شۆڕشە براوە بوون ، هەقیانە شانازی بە خۆیانەوە بکەن ، دۆڕاو لە شۆڕشەدا حکومەت و حیزبەکان و یەکێتی مامۆستایان و تەواوی کۆمەڵگە بوو .

 

عادل حسن
ئەندامی پێشووی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی
.

a.m