تۆمارێكی دەنگدانی بێگەرد چۆن ئامادە بكەین؟


تۆمارێكی دەنگدانی بێگەرد چۆن ئامادە بكەین؟

لەئێستادا سەرجەم لایەنەكان بە لایەنی دەسەڵات و لایەنە نارازییەكان و چاودێرانی سیاسی چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی باس لە تۆماری دەنگدان دەكەن كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئامادەی كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە ئێستادا حەوت لایەنی سەرەكی كێبڕكێی سیاسی لەسەر سەد كورسی پەرلەمان دەكەن ئەمە جگە لەوەی كە یانزە كورسی پێكهاتەی توركمان و مەسیحی و ئاشوریەكان كە بڕیارە لە ۳۰ئەیلولی ۲۰۱۸ئەنجام بدرێت.

هەروەك ئاشكرایە هەڵبژاردن تاكە ڕێگای یاسایی و دیموكراسیە لەبەردەم تاكی دەنگدەر تا بتوانێت بە ئازادانە نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت لە چوارساڵ دا بۆ پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار و ڕاشید دروست ببێت تا خزمەت بەكۆی بوارەكانی وڵات و دەنگدەر بكات ، ئەمەش بەوە دێتە دی كە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای بێ لایەنی و پیشەیی بوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكانی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگە و هەندێك دام و دەزگای دیكە بە دروستی تۆمارێكی بێگەرد دوور لە ناوی زیادە و دووبارە و مردوو ...هتد بونیاد بنێت تا دڵنیایی تەواو بداتە شەقام لەلایەك و كۆی لایەنە سیاسیەكان لەلایەكی دیكە، ئەمەش ئەگەر هەماهەنگی و ئیرادە هەبێت هیچ كارێكی ئەستەم نیە لەم سەردەمەی بوونی ئامڕازە پێشكەوتنەی تەكنەلۆجیا و ئەنتەرنێت دا.

هەڵبژاردن وەك باشترین بژاردەی یاسای و هەرەخاڵی جێگیری دیموكراسی بۆ زامنكردنی یەكریزی نیشتمانی چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابوریەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هۆی دەستاو دەستی ئاشتیانەی دەسەڵات لە چوار ساڵی داهاتوو..

هەروەك ئاشكرایە هەرێم لەساڵی لەدوای ۱۹-٥- ۱۹۹۲خاوەنی پەرلەمان و حكومەتی خۆماڵی خۆی بووە و سەرەڕای گرفتی شەڕی ناخۆ و دوو ئیدارەیی و چەندان گرفتی دیكەی لەكار خستنی دەزگای پەرلەمان.لەلایەكی دیكەوە تۆماری دەنكدان چی لەئاستی عێراق و چی لەسەر ئاستی هەرێم كە دروست دەكرێت تەنها پشت دەبەسترێت بە بەو داتا و زانیاریانەی كە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە كەئەویش تەنها پشت بەستنە بەپسولەی خۆراك كە ئێمە دەزانین زۆرێك لە ئاوارەی سوری ئێرانی و توركی لەهەرێم و لە عێراقن و خاوەنی پسولەی خۆراكی عێراقین كە ئەمەش كارێكی زۆر هەڵە و دوورە لەبنەما زانستیەكان.
لە مێژووی دروست بوونی وڵاتی عێراق چەند جارێك سەر ژمێری دانیشتوان كراوە و كۆتا جار لە ۱٦-۱۰-۱۹۸۷كراوە كە كۆی دانیشتوانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەو كاتەدا بریتی بووە لە ۲٦۳۳٥۱۹۹بیست وشەش ملیۆن و سێ سەد و سی پێنج هەزار و سەد و نەوەد نۆ كەس .

ئێستا باس لە دروستكردنی تۆماری دەنگدان بكەین بۆ هەرێمێكی بچووكی چوار پارێزگا كە ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك بە گوێرەی داتاكانی وڵاتی عێراق [ هەولێر۱۷۱۲۷۰۰ سلێمانی ۱۹۳۷۰۰۰ دهۆك۱۲۱۸۷۰۰ هەڵەبجە۱۸٦۰۰ كۆی گشتی دەكاتە٥۰٥٤٤۰۰ كەسە ] كە هێندە قورس و گران نیە و كە ژمارەی دانیشتوانی دەتوانرێت بە دوو تیم ئەم كارە بكرێت تیمی یەكەم پێك بێت لە تیمیكی شارەزای پسپۆڕی ئایتی بیست بۆ سی كەسی و تیمی دووەم پێك بێت لە تیمی هەندێك بەرپرس لە وەزارەتەكانی ناوخۆ تەندروستی و پێشمەرگە و مادەی ۱٤۰ دەتوانین تۆمارێكی پاك و بێگەرد دروست بكەین بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەم خاڵانەی لای خوارەوە :

۱- وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەو فەرمانبەرانەی كە ئێشكگر دەبن لە بنكە و خەستەخانە كان و زیندانیەكان بە دروستی ژمارەی كارمەند و فەرماابەرەكانیان بدەن بەو تیمە پسپۆڕە كە ناوەكانیان لە تۆماری تایبەت تۆمار بكەن و لەهەمان كات دا ناوەكانیان لە تۆماری گشتی دەر بهێنن تا لەڕۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن و لەهەمان كات دا تەواوی لایەنە سیاسیەكان دڵنیا بن كەئەم كەسانە ناتوانن لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی دووبارە دەنگ بدەنەوە .

۲- وەزەرەكەكانی تەندروستی و ناوخۆ لینكێكی ئەلەكترۆنی دروست بكەن و هەمانگی تەواویان هەبێت لە نێوان یەكتردا بە دروستی ژمارەی لەدایكبوان و مردووان تۆمار بكەن و ڕۆژانە تۆمار بكرێت و ئەم كارەش هیچ قورس و گران نیە بەتایبەت لەم ئەمڕۆی پێشكەوتنی دونیای پێشكەوتنی بواری زانستی دا.

سرینەوەی ناوی مردووان لە تۆماری دەنگدەران كە بەپێی نوسراوی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ژمارە (١٣٦٧٩ لــە ١٢/١٢/٢٠١٨) ژمارەكەیانی دیاریكردوە بە (١٢٥٣١٧) كەسە

۳- هەماهەنگی تەواو دروست بكرێت ئەو خێزانانەی كە فۆرمی مادەی ۱٤۰یان هەیە بە دروستی لە تۆمارەكە دەربهێرێن لە پارێزگاكانی كەركوك و موسڵ و دیالە و سەلاحەدین .

بەم هەنگاوانە كە باسمان كرد دەتوانین گرفتی تۆماری دەنگدان بە ماوەیەك كە زیاتر نەبێت لە مانگ و نیوێك و بە بڕە بودجەیەكی دیاریكراو چارەسەر بكەین‌ و هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی پێ ئەنجام بدەین و دواتریش ئەم هەماهەنگیە ببێتە بنەمایەكی كاری بەردەوامی زانستی لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی لەلایەك بۆ بەردەمی تۆماری ناوی مردووان و ئاگاداركردنی كۆمسیۆن بە لینكە ئەلەكترۆنیەكە و لەلایەكی دیكە پەیوەندی نێوان وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و كۆمسیۆن لەلایەكی دیكە لە تۆماری ناوی نوێ كە زیاد و كەم دەبن بۆ هەردوو وەزارەت و زیندانەكان، لێرەوە دەتوانین ئەم تۆمارە مانگ بە مانگ برەوی پێ بدەین ببێتە تۆمارێكی زانستی دروست دوور لە ناوی زیادە و ساختەكاری و هەڵبژاردنەكانی وەكو ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش كە وادەكەیان لە تەواو بوونایە پێ ئەنجام بدەین .
.........
ئەبوبەكر گەڵاڵی .............سلێمانی
پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن ...۷-۹-۲۰۱۸