پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و ملكەچی بۆ خوا

 

بەشێكی زۆر لە گرفتەكانی ئوممەتی ئیسلامی ئەوەیە كە زۆر لە شەیتانەكان لەسەر رێگای جۆراوجۆر بۆی دانیشتوون و سەرقاڵیان كردووە بە كۆمەڵە شتێكی لاوەكیەوە كە هەوڵی گومڕاكردنی دەدەن و لە رێبازی راست لایدەدەن و ناهێڵن بەرەو ئامانجە گەورەكان هەنگاو هەڵبگرێت و بەو شێوەیە مامەڵە بكات كە خوای گەورە لە پێناویدا دروستی كردووە.
پێغەمبەری خوا (د.خ) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت "خوای گەورە دەڵێت: من بەندەكانم بە پاكی دروست كردووە بەڵام كۆمەڵە شەیتانێك دێن و گومڕایان دەكەن و لە ئامانجی گەورەی ئاینەكە دووریان دەخەنەوە، كۆمەڵە شتێك كە بۆیان حەڵاڵا كراوە لێیان حەرام دەكەن".
هەروەها پێویستە مرۆڤی باوەڕدار بێ‌ ئاگا نەبێت لە یادی خواو بەردەوام زمانی پاراو بێت بە زیكری خواو تەكبیر و سڵاوات لەسەر پێغەمبەری خوا (دخ)، دەگێڕنەوە لە زۆر لە پیاوچاكانی پێشوو كە ئەوان بەردەوام خوایان لەبیر بووە و بێئاگا نەبوون لە یادی خوا تەنانەت ئەگەر بۆ سەرئاویش بچوونایە پارچە قوماشێكیان لەسەر دەمیان دادەنا هەتا لەو شوێنانەدا ناوە پیرۆزەكانیان بەسەر دەمدا نەیەت.

مرۆڤ سازی:
ئەگەر بێت و بە وردی بیر بكەینەوە لە سروش و ئەوەی كە خوای گەورە ناردوویەتی لە شەریعەت و یاسا و دروشمەكانی عیبادەت و عەقیدە بۆسەر پێغەمبەرەكەی، دەبینین كە بەشێوەیەكی گشتی جەخت كردنەوەیە لەسەر مرۆڤ سازی و پەروەردەكردنی مرۆڤ بۆئەوەی بە ئیرادەیەكی بەرزی مرۆڤ دۆستیەوە بێتە مەیدان و بە دور بێت لە ملكەچی و خۆ بەكەمزانی و سوجدە بردن بۆ غەیری خوا ،بەڵكو مرۆڤێك بێت تەنها كڕنوش بۆ خوا بەرێت و خوا بە گەورە بزانێت و لەگەڵا هەموو ئەوانی تردا یەكسان بێت كە مرۆڤن و بە هیچ هۆیەكی ترەوە ملكەچی بۆ مرۆڤ نەنوێنێت، پارێزگاری لە كەرامەت و گەورەیی مرۆڤ بوونی خۆی بكات لە بەرامبەر ئەوانی تردا، ئەو دروشمەی مرۆڤی باوەڕدار لە رۆژانی جەژندا كە بەردەوام دووبارەی دەكاتەوەو دەڵێت "الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله، الله أكبر، ولله الحمد" ئەم دروشمە بۆ ئەوەیە كە ئیرادە و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ لە ناخی مرۆڤدا بڕوێنێت و وتار و كردار و رەفتارەكانی مرۆڤ بە خواوە پەیوەست بكاتەوە، لەكاتێكدا كە مرۆڤی باوەڕدار دەڵێت "الله اكبر" ئەمە مانای ئەوەیە كە ئەو خوا گەورەیەی هەموو زیندەوەرانی دروستكردووە لەسەر بنەما و ئەندازەیەكی بێ‌ وێنە كە مردن و ژیانی هەموویانی بەدەستە و یەكەمین و دواهەمینە و لە هەموو شتێك گەورەترە (هەموو ئەو بت و ستەمكار و تاغوتانەی كە ئێستا لەسەر زەویدا دەپەرسترێن) لە خوا بچوكترن و ژیانی هەموو ئەوانەش بەدەست خوایە.

مەبەست لە ملكەچ بوون بۆ خوا چیە؟
ئامانجی پەرستنی خوا كڕنوش بردن و ملكەچ بوونە بۆ خوا، ئەمەش مرۆڤی باوەڕدار گەورە دەكات و ئیرادەیەكی گەورەی پێ‌ دەبەخشێت، چونكە بە كڕنوش بردنی بۆ خوا وای لێ‌ دەكات مرۆڤێكی گەورە و بە ئیرادە دروست ببێت و كڕنوش و ملكەچی تەنها بۆ خوا بڕیار بدات و لە بەرامبەردا مرۆڤێكی گەورە و بەهێز دەربچێت و بڕیار بدات كە بەرامبەر ستەمكار و مرۆڤەكانی تر خۆی بە یەكسان بزانێت و ملكەچی بۆ كەس بڕیار نەدات، چونكە ئەو بڕیاری داوە خوای گەورە لە سەروی هەموانەوەیە و كەس لە خوا گەورەتر نیە، لەبەرئەوە نابێت كڕنوش بۆ هیچ كەسێكی تر بەرێت، ئەگەر ئەو لایەنە كەسێك بێت یان دەوڵەتێك بێت یان پارت و گروپێك بێت، لەبەرئەوە دەبێت مرۆڤی باوەڕدار تەنها روی لە خوا بێت و تەنها خوا بە سەرچاوەی رۆزی و خۆشبەختی و مردن و ژیان بزانێت، دروشمی گەورەی پێغەمبەران و پیاوچاكان و چاكسازان كە (لا إلە إلا الله) بووە ئەمە دروشمی سەرەكی خەبایتان بووە بۆ رزگاركردنی مرۆڤایەتی لە پەرستنی بەندەكانەوە بۆ پەرستنی خوا.

اللە أكبر
مانای ئەم چەمكە واتە بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیە لە ناخی مرۆڤ و عەقڵا و دڵی دا كە مانا بەخشینە بە یەكتا پەرستی (لا إلە إلا الله) كە ئامانجی گەورەی هەموو ئاینەكان و پێغەمبەران و چاكسازان بووە لە مێژوودا ، بۆئەوەی لەناخی مرۆڤی باوەڕداردا بیچەسپێنێت، كە ئەمە سەرچاوەی تەنها عەقیدە و یەكتاپەرستی پێغەمبەران بووە بۆئەوەی مرۆڤ ئاراستە بكات و بەرەو دروشمە گەورەكەی ئاین كە دەڵێت "رۆژێك دێت كە سامان و دارایی و دەسەڵات و نەوەو بنەچە سوود بە مرۆڤ ناگەیەنێت تەنها دڵێكی پاك و روو لەخوا نەبێت" لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤ جەخت بكاتەوە لەسەر (الله اكبر ، لا إلە إلا الله) چونكە ئەمانە ئەو دروشمانەن كە سەرچاوەی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و رێز و گەورەین، مرۆڤ دەپارێزێت لە بچوكبوونەوەو پەرستنی هەر مرۆڤێكی تر و پاراستنی مافەكانی هاوڵاتی بوون و یەكسان كردنەوەی هەموو مرۆڤ لە ئاستێكدا كە دەبێت دەسەڵاتدار و بێ‌ دەسەڵات تەنها خوا بپەرستێت و ئەو دەسەڵاتەش كە دەچێتە دەست هەندێك كەس دەبێت بۆ خزمەتكردنی خەڵك بێت نەك ئیستغلال كردنی بێت بۆ بە كۆیلە كردنی مرۆڤ و هاوڵاتیان و گەندەڵی و خیانەت و خۆ بە فیرعەونكردن.

پاراستنی رێز و گەورەیی مرۆڤ
ئیسلام توانیویەتی كە هاوسەنگی بكات لە نێوان پاراستنی رێز و كەرامەت و عیززەتی باوەڕدار و ناچار نەكردنی بۆ چەمانەوە لەبەردەم هیچ ستەمكارێكدا، مرۆڤی باوەڕدار كاتێك كە خوا دەپەرستێت و ملكەچی بۆ خوا بڕیار دەدات بەم كارەی گەورەو بەڕێز و شكۆمەند دەبێت، چونكە بەم كارە هاوسەنگیەك پەیدا دەكات بەوەی بە پەرستن و بە گەورەگرتنی خوا لە روویەكی ترەوە خاكی بوون و بەڕێز بوون و خزمەتكردنی برا (باوەڕدار و مرۆڤەكانی تر) زیاتر دەكات، وەك دەفەرموێت: [ۆاخْفِچْ جَنَاحَكَ لِمَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْمُۆْمِنِینَ] واتە: باڵی زیاتر دەكاتەوە بۆ براكانی و خاكی بوونی زیاتر نیشان دەدات و خزمەتی زیاتریان دەكات، لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [أَژِلَّەٍ عَڵی الْمُۆْمِنِینَ] واتە: خۆی بە ملكەچ نیشان دەدات بەرامبەر باوەڕداران ، كە ئەمەش مانای وایە دەبێت نموونەی دروستكردنی پەیوەندیەكی مرۆڤ دۆستانە بێت لەگەڵا ئەوانی تردا و ئەگەر هەر بەرپرسیارێتیەكی لە ئەستۆدا بێت نموونەی خاكی بوون بێت و خزمەت و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیارێتیەی كە لە ئەستۆدایەتی، لەهەمانكاتدا دەبێت نموونەی هاوكاری و خزمەت بێت بەرامبەر بە ئەو كەسانەی لەژێر دەستی دان، تەنانەت بەرامبەر بە ئاژەڵا و ژینگەش دەبێت ئەوپەڕی نموونەی جوانی و چاكی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بێت، بۆ نموونە پێغەمبەر سلێمان زەردەخەنەی هاتە سەر لێو و پێكەنی و دڵی خۆش بوو كاتێك كە گوێی لە مێروولەیەك بوو كە فەرمانی دەركرد بە شارە مێروولەكە كە بگەڕێنەوە بۆ كونەكانی خۆیان، لە ترسی ئەوەی نەكەونە ژێر پێی لەشكرەكەی حەزرەتی سولەیمان بەهۆی بێ‌ ئاگایی ئەوانەوە، واتە پێغەمبەر سولەیمان فەرمانی دەركرد بوو كە دەبێت لەشكرەكەی ئاگایان لەوە بێت تەنانەت مێروولەكانیش نەكەونە ژێر پێی سوپاكەیەوە.

هاوسەنگی سیمای ئیسلامە
هاوسەنگی یەكێكە لە سیماكانی ئیسلام و ئەمەش جیای دەكاتەوە لە هەموو ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕەكانی تر كە ئێستا لەسەر گۆی زەویدا هەن، بەمەش توانیویەتی هەموو خواستە مەعنەوی و مادیەكانی مرۆڤ لە سەرەتای مێژووەوە هەتا ئێستا لەخۆ بگرێت ،كە ئەمەش لەسەر كۆمەڵێك بنەمای سەرەكی دامەزراوە لە عیبادەتیشدا هەست بەمە دەكەین لەلایەكەوە كە خوای گەورە داوای لێ‌ دەكات كە خوا بپەرستن لە وتار و گوفتار و كردەوەو عەقیدە و دروشمەكان و هەموو هەڵسوكەوتەكاندا و بێجگە لە خوا كەس بە شایەنی پەرستن نەزانن و هیچ هاوەڵێكی بۆ بڕیار نەدەن، ئەمە ئەو ئامانجە گەورەیە كە خوا مرۆڤ و بوونەوەری لە پێناودا دروست كردووە و لە ئەم رێگەیەشەوە دەیەوێت هاوڵاتیەكی بە ئیرادە و بەڕێز و بەكەرامەت دروست بكات، كە كەسی تر بۆی نەبێت خۆی بەسەردا زاڵا بكات و ستەمكاری بەرپا بكات و ببێتە فیرعەون بە سەریدا و لەپێناو ژیان و پارەو دەسەڵاتدا بۆ خۆی ملكەچی بكات یان بێ‌ رێزی بكات و بە سوك سەیری بكات و پێشێلی مافەكانی بكات، چونكە هەموو مرۆڤەكان لای خوا یەكسانن و كەس لە كەسی تر گەورەتر نیە تەنها بە دڵسۆزی و لە خوا نزیكبوون و خاكی بوون و مرۆڤ دۆستی نەبێت. پێغەمبەری خواش (دخ) دەفەرموێت "مرۆڤەكان هەموویان وەك دانی شانە وان" هیچ مرۆڤێك بە هۆی رەگەز و خوێن و نەتەوەوە لە كەسێكی تر بەڕێزتر نیە، بەڵكو هەموان هاوڵاتین و دەبێت مافی هاوڵاتی بوونی خۆیان وەربگرن، ئەگەر سەربە هەر ئاین و نەتەوەو مەزهەبێك بن.