میراتگری سەفەوی لە لێواری مەرگدا

زۆربەی کێشە و گرفتەکان سەرەتا یان ئابوورین یان سیاسین، دوای دەبن بەگرفتی کۆمەڵایەتی و پاشان تەشەنە دەکەن و سەردەکێشن بۆ لایەن و بوارەکانیتر، لەسەردەمی ئێستادا گرفتەکان بەگشتی سیاسین ئینجا سەردەکێشێ بۆ کێشەی ئابووری، ئەمه جۆریک لە بازنەی داخراو دروست دەکا، ئاماژەی برینی ورد لەسەر هەیکەلی ئابووری بەدەردەخا، ئەگەر بەزووی چارەسەر نەکرێ، دوور نییە ببێ بەشێرپەنجە و بە مەرگی سیاسی کۆتایی پێ بێت.

بەڵام جیاوازیەک هەیە لە دروستبوونی ئەم بازنەیە لە نێوان وڵاتاندا، ئەوەی ئێستادا لە ئێراندا ڕوودەدات دەتوانین بڵێن گرفتەکە لە هەڵوێستی سیاسییەوە سەری هەڵیداوە و بووە بەنەخۆشیەکی کوشندەی ئابووری، چونکە ئێران وڵاتێکە هەژاری دەرامەتی سروشتی و دەرامەتی مرۆیی نییە، بە‌بەراوەرد لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانیتر کە بەهۆی کەمی دەرامەتی سروشتییەوە ڕەنگە کێشەکە دروست ببێ، هەردوو حاڵەتەکەش مەترسیدار، وێنەی ئەهواشمان لە مێژوودا زۆرە.

بەڵام بارودۆخی زۆربەی هەرە زۆری ئێستای دەوڵەتان کە شڵەژاوە، بەهۆی نەگونجاندن و پێکدادانی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوەیە، جا بەرژەوەندییەکان نێوخۆیی بن بەهۆی ململانێی نێوان حیزبەکانی وڵات بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، یان بەرژەوەندییە دەرەکیەکانن، کە خۆی لە جیهانگیری سیاسی و ئابوورییدا دەبینێتەوە، حەزی زیاتری پەلهاویشتن بۆ بەدەستهێنانی سوودی سیاسی و ئابووری کێشە و گرفت لە نێوان دەوڵاتاندا دروستدەکا تا ڕادەی گەیشتن بە قەیران، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا ڕوودەدات قەیرانە نەک گرفت لەبەر ئەوەی سەرجەم سێکتەرەکانی وڵاتی گرتۆتەوە.

هەڵبەتە بەشێک لە وڵاتان ڕەهەندی ئابووری دەبێت بە بکوژی، بەشێکی تریشیان ڕەهەندی سیاسی دەبێت بە بکوژی، هیچ بەڕیوەبردنێک بەهێز نییە گەر سیستەمێکی ئابووری بەهێزی لەپشتەوە نەبێ، بەهەمان شێوەش هیچ سیستەمێکی ئابووری بەهێزیش نییە گەر کۆمەڵێ کارەکتەری سیاسی بەهێز پاڵنەری نەبن بە ئاراستەی خزمەتگوزاری شیاو و گونجاو بۆ فراژۆکاری وڵات، هەر لەبەر ئەمەشە بە ئابووری و سیاسەت دەڵێن دوو ڕووی یەک دراو.

وتەیەکی شای ئێران هەیە دەڵێ ئەگەر لە ئەفریقا لە سەر چیاکانی سودان و سۆماڵ جەنگ هەبێ ئێمە بە بێلایەنی نامێنینەوە، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە لە مێژە ئێران دەستی لە کاولکردن و وێراکرانکاری ناوچەکەدا هەبووە بە حاڵی حازریشەوە، سەڕای خەرجکردنی داهاتێکی بێشومار بۆ ئەو گروپانەی کە لە بەرژەوەندی خۆی کاردەکەن ئەمەش بۆ خۆی زیاتر گەشە بە برینەکە دەدات، چونکە چوونه دەرەوەی سەرمایە زیاتر بێ لە هاتنە ژوورەوە، وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات، بۆیە هەموو هەنگاو و بڕیارێک لە دەرەوەی هەبوونی داهاتی بەردەست لە غەیری خۆزگەخوازی هیچیتر بەرهەمناهێنێ.

لەوا حاڵەتێکدا بڕیاری زۆر دەردەکرێ سەبارەت بەبارودۆخ و ژیانی خەڵک، بەڵام بڕیاردان بەبێ بوونی داهات بەهایەکی ئەوتوی نییە و ناتوانی دەستکاری واقیعی تاڵ بکات، لەولاشەوە هەژاری و نەبوونی و بێکاری و بێ ماڵی، و تەنگی پێهەڵچنیون و پەنگی خواردۆتەوە لە ناخی تاکی کۆمەڵگەی ئێرانیدا، کەمی داهاتی بەردەست ئەمە لەلایەک و، وەلەلایەکی تریشەوە نەبوونی ئازادی ڕادەبڕین بۆ گوزارشتکردن لەو ئازارە، ئەوەندەیتر مەینەتییەکانی قوڵترکردۆتەوە.

میراتگیری سەفەوی ئەوەندی بەرژەوەندی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتی خەریکە بەرەو لێواری مەرگی ببات، نیو ئەوەندە ڕەهەندی ئابووری نەبووە بەهۆکار بۆ بۆ گەیاندنی بەم دۆخە.