ھيجرەت لە ڕۆشنایی زاراوەی قورئاندا

  سێ شەممە, 11 ئەیلول 2018 10:18

(إِلاَّ تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَى وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ / التوبة : 40).

پێغەمبەری خوا (علیە الصلاة والسلام) ، تەنگی پێ ھەڵچنرا لە خاکی زێدو نیشتمانی ، ئەوکات کەوتە بیری دۆزینەوەی (موقع) ێک بۆ چەسپادنی بەھای پەیامەکەی ، بەبێ گۆڕینی ھەڵوێست (موقف)ی ، بۆ ئەو مەبەستە دواجار مەدینەی ھەڵبژارد و ساتی کۆچکردن ھاتە بەرەوە .
ئەوکات دەست ڕۆشتوانی گەلەکەی لەڕووی وەستانەوە و بەنھێنی سێ بژاردەيان بۆ گەڵاڵەکرد : (ھێشتنەوەی لەژێر خواست و مەیلی خۆیان ، یان کوشتن ، یاخود دەرکردن)ی ، بە بەڵگەی : (وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ / الأنفال/ ٣٠ ) .
بەڵام نەخشەی خوای گەورە باشترینە کەیانی بۆ ھێنایەدی ، ھەرچەندە لای نەیارانی فێڵ و تەڵەکەی ڕزگار بوون بوو لەدەستی ، کەچی بوویە سەرەتای ھەڵکردنی چرای بەختەوەركردنی مرۆڤایەتی .
لەم بارەوە خوای پەروەردگار بەیانی دەکات و دەفەرمووێ : گەر ئێوە پشتیوانی نەکەن و سەری نەخەن !! ئەوە بێگومان خوا خۆی سەری خست ، وە ئێوە ناتوانن زیانی پێ بگەیەنن .
لە ڕێی کۆچداو ڕۆشتنیان بۆ ئەشکەوتی (ثور) بەمەبەستی خۆحەشاردان تاکو بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە ، ھەڵسووکەوتی (ئەبوبەکری یار) زۆر نائاسایی دەبێت ، بەجۆرێک قورئان ئاماژەی وردی پێ کردووە بە زاراوەی مانا بەخش ، لەوانە :
بەکارھێنانی وشەی (حُزن) لەبری (خوف) : (إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لاَ تَحْزَنْ إِنَّ اللّهَ مَعَنَا / التوبة / ٤٠) .
وشەی (الخوف) ترسانە لە پێشبینی کردنی کارێکی ناخۆش کە ھێشتا ڕووی نەداوە . بەڵام وشەی (حزن) کاتێک ئەوەی پێت ناخۆشە دێتەدی و خەمبارت دەکات ، کەواتە ترس پێش خەم و خەفەت دەکەوێت .
ھەربۆیە ئەبوبەکری یارو ھاودەم (خوا لێی ڕازی بێت) ، لەڕێگا حاڵەتی ترس (خوف)ی بەسەردا زاڵبوو ، لەبەر ئەوە ئارامی و ئۆقرەی لێبڕابوو ، بەرو دوا و ڕاست و چەپی ڕێگای دەگۆڕی ، ھەرجارەی بۆ لایەک پێشبینی شتی خراپی دەکرد ڕووبەڕووی پێغمەمبەرى خوا (عليه الصلاة والسلام) ، بێتەوە ، دەیویست خۆی بکاتە فیداو قوربانی .
بەڵام کاتێک لە ئەشکەوت جێگیر بوون و دواتر دوژمنان ھاتنە سەر ئەشکەوتی حەشارگەیان ، ئەبوبەکر خۆی دەنوسێ بە پێغمبەرەوە و خەم و خەفەت (حزن) ، دای دەگرێت ، چونکە ئەوەی پێشبینی دەکرد بەڕای ئەو ھاتەپێش و بوو بە واقع . لەم کاتەدا پێغەمبەری خوا بەوپەڕی متمانەوە دڵی یارو ھاوەڵی فیداکاری دەداتەوە دەفەرموێت : (يا أبا بكرٍ ! ما ظنُّك باثنَين اللهُ ثالثُهما / صحيح مسلم الصفحة 2381) .
چونکە پێغەمبەری خوا (علیە الصلاة والسلام)، باوەڕی لە پلەی یەقیندایەو دڵنیایە کەوا ھەرکات (سوونەن و یاسای خەلق)ی خالق بەڕاست و ڕەوانی جێبەجێ کرا ، دوای ئەوە ئیتر سوونەن و یاسای (أمر)ی خوایی دەست بەجێ بە دروستی دێتەدی . ھەروەک ھاتەدی و فەرمووی : (إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا) .
وشەی (صاحب) بەواتای : زۆر بەیەکۆبوون ، ھاودەم ، پەیوەستبوون ، دێت .
جاری واھەیە ئەو ھاوەڵە ھاوبیرە و جاری واش ھەیە ڕای پێچەوانەو جیاوازە ، بەڵام قورئان بۆ جەختکردنەوە لەسەر ھاوبیری و ھاودەمی پێشەوا ئەبوبکر لەگەڵ پێغمبەری خوادا ، دەبینین وشەی دووەمی دوانەکە (ثَانِيَ اثْنَيْنِ) و (إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا)ی بەکا ھێناوە ، پێی دەڵێ : (لاَ تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا) خەم مەخۆ خوامان لەگەڵدایە .
لێردا پێغەمبەری خوا پلەیەکی باڵا دەبەخشێت بە یاری فیداکاری و خۆی لێ جیاناکاتەوە : (إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا) . لەکاتێکدا ئەێحابی پێغەمبەر موسی (عليه السلام)، کاتێک ھێزی فرعەونی دوژمنیان بینی وتیان : (فَلَمَّا تَرَاءَى الْجَمْعَانِ قَالَ أَصْحَابُ مُوسَى إِنَّا لَمُدْرَكُونَ) ، کەچی پێغەمبەر موسی ، پێیان دەڵێت : (قَالَ كَلاَّ إِنَّ مَعِيَ رَبِّي سَيَهْدِينِ / الشعراء / 61 ، 62) . وشەی (معي ) بۆ تاکە و (معنا) بۆ کۆیە .
لەوەودوا یاسای فرمان (أمر)ی ئیلاھی دەکەوێتەکار و بەدوای (إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا) ، دەفەرموێت : (فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ) ئەو (ضمیری الھاء) یە بەڕای زانایانێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەبوبکر (خ ، ر) ، چونکە پێغەمبەر دڵَئارام و دامەزراوو دڵنیابوو لە(معیة)ی خوای خاوەن توانا ، وە ئەوە ئەبوبکری یاری بوو کەوتبووە حاڵەتێکی دڵە ڕاوکێوە و خەمی بوو پێیان بزانن و (ئیمامی ھودا) زیانی پێبگات نەک خۆی .
جاکاتێک خوای مھرەبان ئارامی و ھێور بوونەوەی بەسەردا دەبارێنێ : (فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ) ، ئەمە دەبێتە ڕێزگرتنێکی دیکە بۆ ئەبوبەکرو حەتمەن شایستەی بووە بەپێی کۆشش و خزمەتەکانی .
دواتر دەفەرموێ : (وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا) ، زانایان فەرموویانە ئەو جێناوە (الھاء) لە وشەی (وَأَيَّدَهُ) دەگەڕێتەوە بۆ پێغەمبەرو ئاماژەیە بۆ داستانی غەزوەی بەدر ، ئەو (جملە معطوف)ـە لەسەر ( فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ ) .واتە : گەر ئێوە سەری نەخەن ئەوە خوای گەورە خۆی سەری خست لە واقعی غاردا ، کاتێک وتی بە یاری فیداکاری : (لا تحزن إن الله معنا ، فأنزل الله سكينته عليه)، وە پشتیوانی لێ کردو سەری خست لە واقعی بەدردا : (بجنود لم تروها) .
وشەی سەربازان (الجنود ، أو الجند) ، (اسم الجنس)ـە و گشتیە ، ھەموو شتەکان دەگرێتەوەو تەنھا خوای گەورە ژمارەیان دەزانێت : (وما يعلم جنود ربك إلا هو)، گەرچی ئێوە بە شێوەیەکی ئاسایی نایان بینن .
ئاماژەیەکی تر ئەوەیە کە خوای باڵادەست و دادپەروەر لە سوونەن و یاسایدا ئەو حەقیقەتەی چەسپاندووە و ئێستا کاتی ھاتووە کە وشەی (کفر) ، کە داپۆشینی حەقیقەت و ڕاستیەکانە ، بگێڕێ بە نزم و ژێرکەوتن و پووکانەوە : (وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَى) .
وە ئیتر نەوبەی وشەی خوایە کەوا حەق و ڕاست و ڕەوانە کەوا بە بەرزی و بڵندی بشەکێتەوە و ڕۆڵ بگێڕێ لەسەر زەویدا : (وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ) .