هاوپەیمانی و پاشخان ئیسلامیەكانی ناوی

 

                          دامەزراندنی هاوپەیمانی لە پێناو دیموكراسی و دادپەروەری، ئومێد بە دواڕۆژی بزوتنەوەی ریفۆروخوازیی كوردستانی لای كۆمەڵی كادر و خەڵكی پاشخان جیاواز بوژاندەوە كە سروشتی ململانێكانی رابردوو شەكەت و ڕاڕای كردبوون. لەڕاستیشدا هاوپەیمانی لەڕووی فكری یەوە كە جەختی لە نائایدۆلۆژیبوون و دەوڵەتی مەدەنی و كاری هاوبەشی دیدگا جیاوازەكان لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی سیاسی ریفۆرمخوازی هاوبەشدا دەكردەوە، ئەو شتەبوو كە هەندی كەس و ناوەند و نوخبەی كۆمەڵگە بیریان لێدەكردەوە و چاوەڕوانی بوون، بەشێ لە پاشخانە ئیسلامیەكانیش كە هەندێكیان پێشتر لە حیزبەكان هاتبوونە دەرەوە و هەندێكی تریشیان دوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی پێوەی پەیوەست بوون، ڕەنگدانەوەی ئەو پێناسەی سەرەوە بوو.

بەڵام لەگەل دەستپێكردنی گەرم و گوڕی سەرەتاكان، ساختەكار یە‌ گەورەكەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئیستێكی بەم هێزە كرد و تاڕادەیەكی بەرچاویش ( هەروەك بەشی لە هێزەكانی تریش) تاساندی .
بەڵام ئەوەی پرسیاری جددی خستەسەر چارەنووس و ئایندەی ئەم قەوارە سیاسیە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆی سەرۆكی هاوپەیمانی بوو، لەگەڵ بەشێك لە یەكێتی و بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان و داخستنی كەناڵی خەندان بوون كە هەموو ئەوانەش پێشمەرجی یەكێتی و ڕەنگە هەندێ هێزی ناوچەیی تریش بێت، بۆ ئەوەی كاك دكتۆر بەرهەم ببێتە بەربژێری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پێشتر بەرێزیان لە زیاد لە جارێ جەختی لەوە كردبۆوە كە پۆست و پلە و پایە بەلای ئەوانەوە گرنگ نیە بەڵكو ئەوەی بەلای ئەوانەوە مەبەستە كاركردنە بۆ چاكسازی و گۆڕینی فۆرمی حوكمڕانی و بەدیهێنانی حوكمڕانیی باشە .
هەرچۆنێ بێت ئێمە لەم كورتە نوسینەدا دادوەری دەربارەی ئەم هەنگاوەو (ادا‌و)ی سەرۆكی هاوپەیمانی ناكەین ، بەڵكو دەخوازین گفتوگۆیەك لەسەر یەكێ لە پێكهاتەكانی هاوپەیمانی بكەین ، كە ئەویش پاشخانی ئیسلامیەكانی ناویەتی.
ئەوەی دەشمانەویت لێرەدا سەبارەت بەم خوشك و برایانه ‌سەرنجی بۆ ڕابكێشین، تیڕوانینی هێزو لایەنە ئیسلامیەكان بنكەی حیزبی وجەماوەرەكەیانە ‌بۆئێستای هاوپەیمانی و چۆنیەتی داوەریكردن ومامەڵە كردنە لەگەڵ ئەوخوشك و برایانەیان كەساڵانێكی زۆر خەم وڕێبازی هاوبەش كۆیكردونەتەوە كە لەم خاڵانەی خوارەوەدا سەرنجەكانمان كورت دەكەینەوە :


1/ دەربڕینی ڕاو بۆچوون دەربارەیان بەوپەڕی رێز و حورمەتەوە ، خۆ دوورگرتن لە هەر پلار و كۆمێنت و رەفتار و دەستەواژەیەك ، بۆنی ناوزڕاندن، پێخۆشبوون، قەدر نەگرتن و هەستبرینداركردنی تێدا بێت .
2/ پێشوازی گەرم و گوڕ و برایانە و پڕ ڕێز لەگەڵ ئەوانەی لەو بەڕێزانە خوازیاری ئەوەن بگەڕێنەوە ناو چوارچێوە حیزبی و ڕێكخراوەكانی خۆیان.
3/ كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەلیاندا بە ئەندازەی ئامادەگی ئەوان، بەتایبەتیش لەلایەن بەرپرسانی لایەنە ئیسلامیەكان، سەبارەت بە كۆی دۆخەكە و باری سەرنجی ئەوان دەربارەی ریفۆرم و كاری سیاسی و چۆنیەتی خۆڕێكخستنەوە .
4/ سەیركردنی مامەڵەكردن لەگەڵیان وەك كەسانێ كە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی سیاسیان هەڵبژاردووە بە مەبەستی بەهێزكردنی ڕەوتی ریفۆرمخواز و بەكارهێنانی بەشێ لە وزە و توانا ئیسلامیەكە لەنێو بازنەیەكی كراوەتری كاری سیاسی و زەمینەسازكردن بۆ پێكهێنانی رەوتێكی ریفۆرمخوازی نیشتمانی گەورەتر لەدواڕۆژدا، بەبەشداری گەورە و ئارەزوومەندانەی ئیسلامیەكان و هەموو ئەو خەڵكە بەپەرۆشەی چاویان لەدواڕۆژێكی رووناكتر بۆ وڵاتەكەیان بریوە.
5/ ئەم خوشك و برایانە خۆیان و بەشی لە بێ لایەنەكان درێژە بە هاوپەیمانی بدەن ، لێی بێنە دەرەوە و حیزبێكی نوی دروست بكەن لە چوارچێوەی كۆمەڵگەی مەدەنیدا خۆیان رێكخەنەوە، یاخود لەگەل ئیسلامیەكان تەوژمێكی نوێی نیشتمانی دیموكراتی و ریفۆرمخواز بە هەناسەیەكی ئیسلامیەوە پێك بێنن، كە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ ئەركەكانی ئەم قۆناغە و داهاتوو، لە هەموو حاڵەتێكدا تا ئەو كاتەی بە سەرەتاكانی ریفۆرمخوازی و بەهاكانیەوە پابەند بن. بەبەشێ لە وزە و تواناكانی ئەو تەوژمە دادەنرێن و پێویستە لەخەمیاندا بین.
6/ پێم وایە ئەركی خودی ئەو بەریزانەیە كە ئەوەی روویدا بە ئەزموونیكی سەرەڕۆیی خۆیان بزانن و بڕیاری هەڵەیان پێنەدا و نە یانخاتە هەڵوێستی كاردانەوە و بەربەست لەنێو خۆیان و دەوروبەریان دروست نەكەن و هەندی لێدوانی كەم لێپرسراوانەی ئێرەو ئەوێش گرژ و نائومێدیان نەكا ت.
7/ ئەوان و ئێمەش لە چەند ساڵی رابردوودا بڕوامان وابوو گۆڕانكاری بە قەوارەی وەك هاوپەیمانی و قەوارەكانی تری هاوشێوەی ناكرێت، سەیری هەمو ئەم هەوڵانەمان وادەكرد كە دەبێتە بەشێك لە پرۆژەەیەكی سیاسی ریفۆرمخوازی نیشتمانی گەورەی وا توانای گۆڕانكاری و بەشداریەكی راستەقینە و كاریگەری لە ژیانی سیاسیدا هەبێت و ئەو ئەركەش تاكو ئیستاش وەكو خۆیەتی و ئیسلامیەكانیش لەبەردەم قۆناغێكدان داوای دووبارە خۆپێناسە كردنەوەو خۆریكخستنەوەیان لێدەكات، لەو پانتاییە كراوەشدا هەموومان دەگەینەوە بەیەك و پێكەوە بیرلە ئایندەی وڵاتەكەمان و تەوژمی ریفۆرمخواز و ئێستای ئیسلامیەكان دەكەینەوە و خواحەزكات بڕیار دەدەین .