بۆچی ڕابوون له‌به‌رانبه‌ر حه‌داد كشایه‌وه‌ !؟

  سێ شەممە, 18 ئەیلول 2018 16:26

له‌كۆتا دیدار وچاوپێكه‌وتنیدا له‌كه‌ناڵی ( ئێن ئاڕ تی وبه‌رنامه‌ی تاوتووێ ) شاسوار عبدالواحد ڕه‌ددی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌به‌غدا به‌دوای پۆست و پله‌و پایه‌دا بن ، به‌ڵكو به‌وه‌ ڕازی ده‌بن ته‌نها له‌ناو كوتله‌یه‌كی به‌هێز وچه‌ق وگه‌رمه‌ی ڕووداوه‌كاندا بوونی خۆیان بسه‌لمێنن ! بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ وبه‌عه‌مه‌لیكردنی خواست وئامانجه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابووردوودا وله‌ده‌ر‌فه‌تێكی زێڕیندا كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕیوه‌چوو ڕابوون مه‌عروف سه‌ركرده‌ وپه‌رله‌مانتار له‌نه‌وه‌ی نوێ كاندید بوونی خۆی له‌به‌رانبه‌ر كاندیده‌كه‌ی پارتی كشانده‌وه ‌وپشتگیری خۆیان بۆ كاندیده‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ڕاگه‌یاند ! ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌كوردستاندا ته‌واوی هه‌وڵ وئامانجی گه‌وره‌ی سه‌ركرده‌كانی نه‌وه‌ی نوێ ولێدوانه‌ فه‌رمیه‌كانی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ بۆ گه‌یشتنه‌ به‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات وده‌ستبردنه‌ بۆ گۆڕانكاری ولادانی به‌رپرسانی باڵای هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاته‌ ! پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ نه‌وه‌ی نوێ خۆی به‌به‌دیل وجێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم وله‌ناو هه‌رێمیشدا پۆسته‌كانی پارتی وبنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌ ؟ كشانه‌وه‌ی ڕابوون مه‌عروف له‌به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی پارتی له‌به‌غدا ‌له‌پای چی وبۆچیه‌ !؟ ئایا له‌بری پالپشتیكردنی كاندیده‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی باشتر نه‌بوو بۆ خۆیان ئه‌م هه‌له‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ن و به‌مه‌ش تۆڵه‌ی خۆیان له‌پارتی وبه‌رپرسانی ئه‌و حزبه‌ بكه‌نه‌وه‌ !؟ ئایا چانسی ده‌رچوونی ڕابوون مه‌عروف به‌هێزتربوو یان كاكـ ئه‌حمه‌ی حاجی ڕشید !؟ مه‌گه‌ر پۆسته‌كانی به‌غدا له‌ڕووی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوری ویاسایه‌وه‌‌ به‌هێزتر وكاریگه‌رتر نین هه‌تا ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێم وپارێزگایه‌كی تره‌وه‌ بێ !؟ یاخود به‌م سیاسه‌ت وهه‌ڵوێسته‌ ده‌رگا ئه‌كاته‌وه‌ به‌مجۆره‌ شرۆڤه‌ ولێكدانه‌وه‌ی بۆ‌ بكرێ :

:
1- ڕه‌نگه‌ قه‌ده‌ری ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌و له‌ئێستادا وه‌ستان ومانه‌وه‌ بێ له‌نێوان به‌غدا وهه‌ولێر ، له‌كوردستاندا هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات بكاته‌ ئامانج وله‌به‌غداش چاودێر وچاوگێڕ بێ به‌سه‌ر ئه‌و حزب وكه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌وان هاوشێوه‌ی ‌كوردستان مه‌به‌ست وجێی بایه‌خه‌ ، چونكه‌ پێش مه‌رجی ڕه‌ددكردنه‌وه‌ی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كـ پارتی ویه‌كێتی تیایدا به‌شدار وسه‌رپه‌شتیار بێ ، یاخود كشانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له دامو ده‌زگاو ‌ته‌واوی جومگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ، جگه‌ له‌وه‌ی دوو مه‌رجی ناواقیعی وگۆشه‌گیر وخۆكه‌نارخستنه‌ ، دیسان پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی یه‌كڕیزی وهاوپه‌یمانی وكۆكردنه‌وه‌ وكاركردنه‌ به‌ئاراسته‌ی گۆڕانكاری وهه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ! لێره‌وه‌ ئه‌و گریمانه‌یه‌ ڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی نه‌وه‌ی نوێ له‌كوردستانه‌ وگۆڕانكاریه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ، پێش هه‌ر نیاز وپلانێكـ به‌ره‌و به‌‌غدا وناوه‌ندی بڕیار وده‌وڵه‌تی یه‌كگرتووی فیدراڵی عێراق !
:
2- له‌كوردستاندا به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا وده‌ستور نیه‌ وماف وئازادیه‌ گشتیه‌كان وه‌كو پێویست ده‌ستبه‌ر نابن ، به‌ڵكو له‌بری حكومه‌ت چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی سنووردار وهه‌ندێ كۆمپانیای حزبی وبه‌ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست كه‌سایه‌تی هه‌ڵتۆقیوو حاكم وده‌سه‌ڵاتدارن‌ ! كه‌واته‌ له‌وه‌ها بارودۆخێكی سیاسی و له‌غیابی یاسا وده‌ستورێكی كارپێكراودا ئه‌سته‌مه‌ پشكـ و پرۆژه‌كانی میدیای ناڵیا وچاڤیلاند گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ وپاراستنی بدرێ ، هه‌ر بۆیه‌ له‌ته‌نیشت ئه‌ركه‌ بزنسمانه‌كه‌ی سیاسه‌تی كردۆته‌ پردی مانه‌وه‌و به‌ڕیكردنی پرۆژه‌كانی ئێستا وداهاتووی !! خه‌ریكم بڵێم ئه‌وه‌نده‌ی ترس وخه‌می له‌ئاینده‌ی پرۆژه‌كان وسه‌رمایه‌كه‌یه‌ وه‌كـ بزنسمانێكـ پاڵنه‌ری بووه‌ بچێته‌ ناو دونیای سیاسه‌ت ، ئه‌وه‌نده‌ وه‌كـ كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی وپێشینه‌ سیاسه‌ت وده‌رچوو له‌سیاسه‌تدا ملی به‌سیاسه‌تدا نه‌كردوه‌ ! لێره‌وه بۆ ڕاكێشان وگه‌ڕان وه‌دوای هاوبه‌ش وهاوپشكـ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ونزیكـ له‌كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی وئاینیه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ، سیاسه‌تی كردۆته‌ پرد وڕایه‌ڵه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی ئێستا وداهاتووی به‌ عێراقی به‌هێز و له‌ناو عێراقیشدا به‌سیاسیه‌ چاوچنۆكـ وبرسیه‌كانی به‌غدا‌ ! بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌گه‌ری فشار وه‌ستان ولێپرسینه‌وه‌یدا ، له‌به‌غدای به‌هێز وناوه‌نده‌وه‌ به‌رگری لێ بكرێت وخۆیان به‌خاوه‌نی ماڵ وخاوه‌ندارێتی بزانن ، هه‌روه‌كـ ته‌شقه‌ڵه‌ وگێچه‌ڵ به‌پشكـ وزه‌وی وزار وگرفته‌كانی تایبه‌ت به‌شاره‌وانی وپرسی یاسایی ونایاسایی بوونی شوێن و ئه‌ر‌زه‌ی چاڤیلاند و ئه‌وانیتر ، جار جار سه‌ر هه‌ڵده‌دا وبه‌رده‌وامه‌ !
:
3- ئه‌گه‌رچی یه‌كێكـ له‌گریمانه‌كانی كشانه‌وه‌ی ڕابوون مه‌عروف بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌چوار كورسی وله‌نێو ڕێكه‌وتنی نێوان پارتی ویه‌كێتی ولایه‌نه‌كانی شیعه‌ سه‌ركه‌وتن وده‌رچوون زۆر ئه‌سته‌مه‌ ، وه‌لێ له‌غیابی موعاره‌زه‌یه‌كی به‌هێز وپاش كۆچی دوایی نه‌وشیروان موسته‌فا وسه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌وگرفته‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕان ولاوازبوونی وتار وگوتاری سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رانبه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێم به‌گشتی وپارتی به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شاهیدی خودی شاسوار عبدالواحد له‌ڕابووردوودا پاڵپشتێكی به‌هێزی گۆڕان وبه‌رنامه ‌وئه‌جیندا سیاسیه‌كه‌ی گۆڕان بوون ! ڕه‌نگه‌ ئێستا نه‌وه‌ی نوێ خۆیان به‌ته‌نها وتاقانه‌ ‌ببینه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداراندا ، هه‌ر بۆیه‌ نزیكـ بوونه‌وه‌ وپاڵپشتیكردنی حزبێكی وه‌كـ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كه‌ له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌‌ نزیكترن له‌نه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌وان خاڵی به‌هێزه‌ وسه‌ركه‌وتنێكی تره‌ له‌سیاسه‌تی ‌په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و حزبه‌ ، دیسان له‌لایه‌كـ درزخستنه‌ ناو یه‌كڕیزی وهاو هه‌ڵوێستی چوار لایه‌نه‌كه‌یه‌ ، له‌ولاشه‌وه‌ پچڕان ودابڕانێكی زیاتره‌ بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌پارتی وبه‌رپرسانی زۆنی زه‌رد ! وه‌كـ درێژه‌دان به‌هه‌مان سیاسه‌تی ڕابووردووی به‌رپرس وده‌زگا ومیدیاكارانی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ دێ ، كه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ ولێكترازانی ‌نێوان هه‌ر سێ حزبی ئۆپۆزسیۆنی جاران ( یه‌كگرتوو ، گۆڕان ، كۆمه‌ڵ ) له‌یه‌كتر پێڕه‌وكراوی ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ختۆكدان وده‌ستێوه‌ردان له‌گه‌وره‌و بچووكی هه‌نگاوو هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م سێ لایه‌نه‌ هه‌تا ئه‌ندازه‌یه‌كـ سه‌ركه‌وتوو بوون !