مـەرگ پەنھانـە دەرفـەت لەدەسـت مـەدە

  سێ شەممە, 18 ئەیلول 2018 16:27

وەختێک مەرگ و مردن پەنھانە و ساتی دەرکەوتنی دیار نیە ، ژیانی دونیاش ئەرک و بەرپرسیاریەو ، لێپرسینەوەو لێپێچینەوەی جددی لەخۆگرتووە . دەی کەوایە بۆ ئەوەی بەرەو دۆخی چاکتر بڕۆی لە بەرژەوەندیتە دروست لەم سێ شتە بیربکەرەوە : 

یەکەم : حەزکردن و پێخۆشبوونی حەقیقی (الرغبة) ، چوونکە گەر لەناخەوە مرۆڤ شتێک ببێتە خواست و خولیای ، حەتمەن گەڵاڵەی پلان و بەرنامەیەک دەکات و ڕێ و شوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەدەست ھێنانی .
دووەم : ئامادەیی و تەوانایی ڕاستەقینەیی (القدرة) . دەبێت ئامادەیی لەناخ و دڵەوە سەرچاوە بگرێت ، وە لە تەواوی بوونیدا بە جوانی ڕەنگبداتەوە ، ئەوسا بە بوێری و ئازایەتی و شانازیەوە تواناو تاقەو بەھرەکانی بەخت بکات لە پێناو ئەو ئامانجەیدا .
سێیەم : قۆستنەوەی ھەل و دەرفەتی ڕەخساو : (الفرصة) . ھەمیشە بوارو ھەل و دەرفەت وەک گەنجینە و کەنز دەبەخشرێت ، ماوەکەی کەم و کورتەو زوو دەگوزەرێ و درەنگ و دەگمەن بۆت دێتەوەو دووبارە دەبێتەوە . بەتایبەتی کە مەرگ و مردن زۆرجار ڕێگرەو ڕێ نادات چاوەڕوانیەکەت بێتە دی و ، بەداخ و حوزنەوە سەر دەنێیتەوە .
لەبەر ئەم ڕاستیانە ، مرۆڤی ئاوەزدار دایم ژیان و وێستگەو ڕووداوەکانی بە ھەل دەزانێ و ، وەک دەرفەت تەماشایان دەکات ، بەر لەوەی لەدەستیان بدات بڕیارو ھەڵوێستی ڕاست و دروستیان لە بارەوە دەدات .
ھەڵوێست و بڕیارێک ببێتە مایەی سەربەرزی خاوەنەکەی لەلای دڵسۆزانی گەل و نیشتمان ، وە ڕێز و شکۆ و ڕوو سووری لەبەردەم خوای پەروەردگاری جیھانیان . ئیتر ئەو دەمەوە ھەرچی چاکەو خێرە بەدەستی ھێناوە .
بەڵام ئەمەش ھەروا ئاسان نیە ، چوونکە نە ڕێگا ئەوەندە پان و پاک و بەرینە ، وەنە ناحەز و نەیارانیش بێ پیلان و پەژمووردە پاڵیان لێ داوەتەوە و بۆی دانیشتوون . بەڵکو بە (تماع) و (متاع) لەلاێک و ، بە (تخویف و ترھیب) لەلاکەی تر شەوانە ڕۆژی کاری تەواو جددی بۆ دەکەن و ئامانجیان پێکانی تۆو بەلاڕێدا بردن و خستنی تۆیە .
کەوایە چەندە بێداری و ئاگایی گرنگە و پێویستە ، حەتمەن ئەوەندە و زیاتریش ھاوکاری و بەدەمۆ بوون گرنگە و ئەرکە ، ئیتر لێرەوە دیوی ڕاستەقینەی برایەتی دەردەکەوێت ، ئەوانەی ھێزێکی مەحکەمی ھەمیشەیی کۆیانی دەکاتەوە لەسەر پەیامی بەختەوەرکردنی مرۆڤ ، وە داینەمۆی ھەستانەوە بۆیان بریتیە لە چاکسازی نێوانیان (فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ) .
چاکسازی پێچەوانەی حەزو ھەواو مەیلە ، بەڵکو تەریبە لەگەڵ یاسا جێگیرە ئاسمانیەکاندا ( ۆاتَّقُوا اللَّەَ )و ، تەباو تۆکمەیە لەگەڵ ئەقڵی ساغ و سەلیم و تەندروستدا و ، ھەرزوو ئاشنا دەبێتەوە بە جوانیەکانی ژیان ( ڵعَلَّکُمْ تُرْحَمُونَ ).
بەھیوای داچڵەکان و بەھۆش خۆھاتنەوەی ھەمووان ، ھەریەکەو لەو ئاستە تیایەتی بەرەو بانترو چاکتر ڕێکردن و ئاڕاستەوەرگرتن ، بە تایبەتی کە ئێمە لەبەردەم دەرفەتێکی گرنگی ھەڵبژاردنداین ، ئەکرێ بۆ زۆرێک دوا فرسەت بێت .