پرۆسه‌ی گۆڕانكاری له‌نێوان بانگه‌شه‌ وبانگه‌شه‌كارانیدا !

  شەممە, 22 ئەیلول 2018 08:30

گۆڕانكاری وهه‌وڵدان بۆ گۆڕین وجێگۆڕكێ به‌شته‌كانی چوارده‌ور ‌ڕچه‌یه‌كی ڕاساڵ و خۆڕسكی سروشتیانه‌ی خواكردی خواسته‌كانی بوونه‌و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌نگاو وقۆناغه‌كانی گه‌ش ونمای سوڕی ژیان وساته‌وه‌ختی هه‌ڵهاتن وئاوابوونی كۆی زینده‌گی وهاتن وبوونه‌ ! ئیدی ئه‌م گۆڕانكاریه‌ له‌ناخه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێ وزیاتر له‌هه‌وڵێكی خود ویستیه‌وه‌ نزیكـ بێ یان له‌ژێر كاریگه‌ری وجێكه‌وته‌كانی ئه‌مری واقیع پێشوازی لێ بكرێ وله‌ئامێزی بگرێ ! واته‌ له‌هه‌موو بارودۆخێكدا گۆڕین وگۆڕانكاری پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ وئاماده‌یی هه‌یه‌ وتینووی خۆكامڵكردن وته‌واوكاریه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بوون وبه‌رده‌وامی ژیان په‌نابردن بۆ گۆڕین وگۆڕانكاریه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌ وله‌هیچ به‌ربه‌ستێكـ سڵ ناكاته‌وه‌ وناتوانرێ پێشی پێ بگیرێ ! جا ئه‌م گۆڕانكاریه‌ به‌ئامانج بگێرێ وبگاته‌ ئه‌نجام یاخود به‌گۆرین وگۆڕانكاری له‌خودی گۆڕانخوانه‌وه‌ ته‌واو ببێ ! 

واته‌ وه‌ستان له‌به‌رده‌م گۆڕانكاری وڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حه‌تمیه‌تی گۆڕانكاریه‌كان یان خۆشاردنه‌وه‌ وكه‌ناركه‌وتن به‌مه‌به‌ستی خۆلادان وخۆدزینه‌وه‌ له‌شاڵاوی خۆگۆڕین وهه‌ڵهاتن له‌ به‌رده‌م گۆڕانكاری بۆخۆی گۆڕانكاریه‌ و به‌گۆڕانكاری سه‌پێنراو ده‌ناسڕیته‌وه‌ و پێناسه‌ ده‌كرێت ، كه‌دواجار به‌تام وبۆنی ئه‌و ژێنگه‌یه‌ ده‌گۆڕدرێـت وڕه‌نگـ ده‌داته‌وه‌ كه‌دوور له‌خواستی خۆی ڕه‌نگیان پێداوه‌ ! واته‌ خۆبینینه‌وه‌ وناسینه‌وه‌ی خود به‌نده‌ به‌ڕاده‌ی ئاماده‌سازی و پێشوازی پێشوه‌خته‌ی پرۆسه‌ی گۆڕین و گۆڕانكاری !
لێره‌وه‌ ده‌ست بردن بۆ گۆڕین وخواستی گۆڕانكاری پاش خۆگۆڕین وئاماده‌سازیه‌كانی گۆڕانكاری دێ ، واته‌ ناگونجێ باس له‌ پرۆسه‌ی گۆڕانكاری بكرێت ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له‌ خوده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ نه‌گرێت ، به‌مانایه‌كی تر گۆڕانكاری پاش خۆداماڵین له‌ خه‌سڵه‌ته‌ له‌یه‌ك ‌چووه‌كانه‌وه‌ دێ ، ئه‌وجا هه‌ست به‌ جێاوازی وجێاكاری ئه‌كرێت له‌وێشه‌وه‌ هه‌ناسه‌و ویستی گۆڕانكاری سه‌ر هه‌ڵ ده‌دات , به‌تایبه‌تی له‌ دۆخێكی پڕ له‌ ناڕه‌زایی وجمه‌ی توڕه‌و نیگه‌رانی له‌ئێستای ده‌ققگرتووی بێ نیاز له‌ تازه‌گه‌ری وخۆگونجاندن له‌كه‌ژاوه‌ی ڕێڕه‌وی گۆڕانكاریه‌كان كه‌ له‌لایان سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه‌ پلان وبه‌رنامه‌ی بۆ داده‌ڕێژرێ !
خه‌ریكه‌ بڵێم له‌ئیستادا ته‌واوی حزب ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردنن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ، وه‌كـ ده‌بینرێت هیچ هێزێكـ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵات وئۆپۆزسیۆن وئه‌وانه‌شی كه‌ له‌خولگه‌ی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ ئه‌خولێنه‌وه‌ باس له‌گۆڕانكاری وچاكسازی نه‌كه‌ن و نه‌بووبێته‌ كارنامه‌ و دروشمی كاندیده‌كان ! وه‌كـ بڵێی ئه‌م وه‌ڵاته‌ له‌لایان كورد و ئه‌م هیز وحزبانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌براوه‌ و تیایدا ده‌سه‌ڵاتدار وكاربه‌ده‌ست نه‌بووبن ! هه‌ر بۆیه‌ به‌گومان و دوو دڵیه‌وه‌ له‌به‌شێكـ له‌نیازپاكی و ئامانجی زۆرێكـ له‌م حزبانه‌ ئه‌ڕوانم ، به‌دووری ئه‌بینم ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و جه‌ماوه‌ریان پێوه‌ قاڵكردوه‌ به‌كرداری بكه‌ن بتوانن خاوه‌نی بڵین و په‌یمانی خۆیان بن چونكه‌ :
:
• ده‌ستبردن بۆ گۆڕانكاری وچاكسازی له‌ ده‌سه‌ڵات وسیسته‌می حوكمدا بۆ هه‌ندێكـ له‌و حزب وكه‌سایه‌تیانه‌ی كه به‌‌دروشمی گه‌وره‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن‌ ده‌كه‌ن به‌كۆتایی مێژوو له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درێت ، له‌ناخی تاكـ به‌تاكی سه‌ركرده‌ وبنكه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی وه‌ها چه‌سپاوه‌ بۆهه‌تا هه‌تایه‌ سه‌ركرده‌ ومیرو به‌گـ بن ، واته‌ به‌هاتنه‌دی به‌شێكی كه‌میش بێ له‌و دروشمانه‌ یه‌كسانه‌ به كۆتایی هێنان به‌ژیانی خۆی و فاتیحه‌ی مه‌رگـ بۆ خۆی ئه‌خوینێ ! چونكه‌ به‌شێكـ له‌گۆڕانكاری وچاكسازی به‌نه‌مان و لادانی ئه‌وان دێته‌ بوون !
:
• چاكسازی وگۆڕانكاری له‌واقیعی ئێستای سیاسی وئیداری وئابوری هه‌رێمی كوردستاندا پرۆسه‌یه‌كی ساده‌ وسانا نیه‌ ‌وبه‌هه‌موو كه‌س ئه‌نجام نادرێ ! به‌ڵكو ئه‌وه‌ پیشه‌ی چاكه‌خوازان وچاكسازانه‌ ! ده‌ی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ بۆ هه‌ندێكـ له‌و حزب ولایه‌نه‌ سیاسیانه‌ ڕێكـ نایه‌ته‌وه‌ وته‌واو ناكۆكـ و ناته‌بان به‌یه‌كتر ! چونكه‌ هه‌رگیز نایانه‌وێ ئه‌م وه‌ڵاته‌ له‌ڕووی سیاسی وئابوری وئه‌منیه‌وه‌ سه‌قامگیر بێ ، مادام پێچه‌وانه‌وه‌ی ‌مه‌رامه‌ حزبی وشه‌خصیه‌كانیان ئه‌بێته‌وه‌ !
:
• ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ندێكی ڕاست ودروست بێ ، ئه‌ندازه‌یه‌كـ له‌مه‌رجه‌كانی له‌خۆ گرتبێت ، وه‌لێ له‌سه‌ر حیسابی ئه‌م یان ئه‌و ده‌خوازێ وتێده‌كۆشێ ، هه‌ر بۆیه‌ خۆی داوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م جه‌مسه‌ر یان ئه‌ویتر وبه‌ناچاری بووه‌ته‌ ماڵ به‌سه‌ریه‌وه‌ ، واته‌ ئه‌وه‌نده‌ی بارو لا‌باره‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستبار وكارا و به‌ركار نیه‌ !
:
• بۆ هه‌ندێكی تر هه‌ر لێی نایه‌ و بۆ ئه‌و ناشێ ، چونكه‌ بۆ خۆی سیخناخه‌ له‌گه‌نده‌ڵی وگشت جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی خوێنه‌ ، ماڵه‌كه‌ی وێرانه‌ وكاولبووی پڕ له‌درزی مووچه‌ خۆری بندیوار وخانه‌نشینی نایاسایی وبووجه‌ ومووچه‌ی تایبه‌ته‌ ! به‌ئه‌نجامدانی چاكسازی ڕیشه‌یی وبنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی ، یه‌كه‌م كه‌س وحزبه‌ پێش ئه‌وانیتر ئه‌بێ ڕاپێچی دادگا وبه‌رده‌م یاسا بكرێته‌وه‌ ودادگایی بكرێ !
:
• بۆ ئه‌ویتری له‌ناكاو وهه‌ڵتۆقیوو هه‌ر ناوه‌ وئه‌وه‌ی له‌ئێستادا هاتوو هاواری بۆ ئه‌كات و دونیای هێناوه‌ته‌ یه‌كـ كار وئه‌ركی ئه‌و نه‌بوه‌ و نیه‌ ، واته‌ ئه‌وه‌ی نمایشی ده‌كات سوڕاوه‌نه‌وه‌ی‌ ڕۆژگاره‌و قه‌ده‌ر بۆی هه‌ڵخستوه‌ به‌م جۆره‌ ڕۆڵ بگێڕێ كه‌ بۆی دیاریكراوه‌ وناشتوانێ لێی هه‌ڵبێ وبه‌جێی بێڵێ یان لێی ده‌رچێ !