سڵاو هاوسه‌فه‌ر...
وه‌ك چۆن پێویسته جار جار مرۆڤ له ئاوێنه‌دا ته‌ماشاى شێوه و ڕووخسارى خۆى بكات و مه‌زهه‌رى خۆى چاك بكات، ئه‌وهاش هه‌قه ماوه ماوه نهینۆكێك بۆ سه‌یركردنى هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتارى خۆى دابنێت، تا بزانێ له‌كوێوه خراپ و خوار ڕۆیشتووه و كه‌نگى پێویستى به چاككردنى جه‌وهه‌رى هه‌یه، چون ڕێكخستن و چاككردنه‌وه‌ى مه‌زهه‌ر به‌بێ ڕاستكردنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ى جه‌وهه‌ر هه‌موو ده‌م نیوه‌چڵ و ناته‌واوه، یانى پێویستمان به‌وه هه‌یه جار جار ورد به‌خۆماندا بچینه‌وه و قسه له ناڕێكى و چه‌وت و چهوێڵییهكانى ناوه‌وه‌ى خۆمان بكه‌ین، چون هه‌ڵه‌ى ئێمه زۆر كه‌ڕه‌ت له‌وه‌وه دێ كه‌متر به خه‌وش و نهنگییهكانى خۆمان ده‌زانین و زۆرتریش ناته‌واوییه‌كانى خه‌ڵك ده‌بینین.
یه‌ك له هه‌ڵه گه‌وره‌كانى دیكه‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه ئومێد و چاوه‌ڕوانی زۆرمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م دونیایه سه‌تى سه‌ت به دڵى ئێمه بێت، دیاره ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له مه‌حاڵه‌كان.
به قسه‌ى من ده‌كه‌ى هاوڕێ، له‌باتى ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێ بكه‌ی خه‌ڵك ستایشت بكات، خۆت ستایشى خودى خۆت بكه، له‌برى ئه‌وه‌ى هه‌موو ده‌م سكاڵا له به‌خت و ناوچه‌وانى خۆت بكه‌ى، هه‌وڵ بده شانازى به هه‌موو ئه‌و كار و كۆششانهتهوه بكه كه سوودى بۆ خۆت و دونیاى ده‌وروبه‌رت بووه. هه‌وڵ بده ڕوناكایی گومانى باشت به خۆت ئه‌وه‌نده زۆر بێ، هه‌موو ئه‌و تانه و گومانه تاریكانه لابدات كه له ملاولاوه هێرشت بۆ دێنن. تۆ نابینى حزبه‌كانى دونیاى ئێمه كۆبوونه‌وه به كۆبووه‌نه‌وه داده‌گیرسێنن، ده‌ى ئه‌وان له سێسه‌ت و شێست و شه‌ش ڕۆژى ساڵدا هه‌ر خودا ده‌زانێ چه‌ند كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن، تۆ نیو هێنده‌ى له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كۆببهوه، كه خودى خۆته. ده‌زانى براده‌ر كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ خۆت، مشت‌ومڕ و تاوتوێ له‌گه‌ڵ خۆت و هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕه‌وشى خۆت و بڕیاردان له‌باره‌ى خۆته‌وه، مفاى زۆر زێتره له به‌شێكى زۆرى ئه‌و كۆبوونه‌وه نهزۆكانهى لایه‌نه سیاسییه‌كان پێوه‌ى ئالوده بووینه. ئه‌و هه‌موو كاته‌ى بۆ گوێگرتن له‌م و له‌و ته‌رخانى ده‌كه‌یت، به‌شێكى بۆ گوێگرتن له خۆت ته‌رخان بكه، وه‌ك چۆن ده‌مێك هه‌ستت كرد فێرى تهنبهلێ بوویت، لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌كه‌یت، ئه‌وهاش هه‌ر كاتێك زانیت كارێكى باشت له‌گه‌ڵ خۆتدا كردووه، بێ دوودڵى سوپاسى خۆت بكه.
هاوسه‌فه‌رى من... ئه‌گه‌ر هه‌لى سه‌فه‌ریشت بۆ ناڕه‌خسێ، ئه‌گه‌ر بۆت نالوێ گۆرانى بچڕیت و میوزیك بژهنى، ئه‌وا خۆ ده‌توانى كتێب بخوێنیته‌وه، ڕاسته كتێبه‌كانیش چه‌شنى مرۆڤه‌كان باش و خراپ، ورد و درشت، جددى و ناجددى، قووڵ و ڕوكه‌ش، ده‌وڵه‌مه‌ند و نه‌دار...یان هه‌یه، تۆ تا ده‌توانى ئه‌وانه هه‌ڵبژێره كه نووسه‌ره‌كانیان ڕێز له وه‌خت و جوهد و ژیانى خوێنه‌ره‌كانیان ده‌گرن، به‌رهه‌مى ئه‌و توێژه‌رانه بخوێنه‌وه كه له زمان و ڕێنووس و گوزارشتدا خودانى سه‌لیقه‌ن، له مه‌عریفه و تێگه‌یشتن و به‌دوداچوون و ئه‌نجامگیریدا ورد و بوێر و ڕاشكاون. نه‌كه‌ى كاتت له خۆخه‌ریككردن به‌و تێكسته هیشك و بێ مانا و بێ نموودانه به هه‌ده‌ر بده‌یت كه نووسه‌ره‌كانیان هه‌رچى بن ناتوانن ڕێز له ئه‌ده‌ب و نووسین و تێكستى ئه‌ده‌بى و سه‌لیقه‌ى ئه‌ده‌بى بگرن، وه‌ك چۆن چى وه‌ختى باشت هه‌س ته‌رخانى بكه‌یت بۆ خوێندنه‌وه‌ى وردى به‌شێك له تێكسته مه‌زنه‌كانى گێتى، له شاكاره جوانه‌كانى جیهان، له وێنه‌ى ڕۆمانه‌كانى ماركیز و پاولۆ و كازانتزاكیس... ئه‌وا جگه له‌وه‌ى وهختهكهت به خه‌سار ناچێ، هه‌روه‌ها وات لێ ده‌كه‌ن به جۆرێكى دیكه دونیا ببینیت و بخوێنیته‌وه.
نه‌كه‌ى گوێ له‌و بانگخوازانه بگریت كه كردار و ڕه‌فتارى ڕۆژانه‌ى خۆیان له‌گه‌ڵ گوته و گوفتاریان یه‌ك ناگرێته‌وه، گوتارى ئه‌و واعیزانه به پولێك مه‌كڕه كه ده‌زانى خاوه‌نه‌كانیان بێ خوێندنه‌وه و وردبوونه‌وه له كرۆكى بابهتهكان خه‌ریكى گواستنه‌وه‌ى ڕووداوى نێو خهونهكان و گوتى گوتین!ته‌ركى ئه‌ڵقه‌ى گردبوونه‌وه‌ى ئه‌و گوتاربێژانه بكه كه هه‌ر چى بڵێن به ڕێگایه‌ك له ڕێگاكان ده‌تبه‌نه‌وه كوچه تاریكه‌كانى لادان و خورافه و سه‌ربورده‌ى بێ ئه‌سڵ و فه‌سڵ! هه‌رگیز ئاوڕ له‌و شێخ و ئامۆژگاریكهرانه مه‌ده‌وه كه خۆیان وه‌كوو نوێنه‌رى خودا پیشان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر زه‌وى. ئاممان تۆزقاڵێك چییه باوه‌ڕت به‌و په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و به‌رپرسه حزبییانه نه‌بێت، كه سیاسه‌تیان كردووه‌ته پهیژهیهكى باش بۆ بازرگانیكردن و خۆدهوڵهمهندكرن.
براده‌ر ئه‌گه‌ر نه‌شتوانین به به‌رده‌وامى ساده بژین، ئه‌وا هیچ نه‌بێ جار جاره بۆ ئاسووده‌یی ده‌روون و ئارامیى ڕۆح پێویستمان به‌وه هه‌یه ته‌واو ته‌واو ساده ببینه‌وه، ساده به‌و مانایه‌ى هه‌موو ئه‌و پێداویستى و چوارچێوه ڕواڵه‌تى و ڕوكهشانهى به‌ناوى عورف و مۆدیڵ و ئه‌رك و ئه‌ته‌كێت... بارى ژیانمانیان قورس كردووه، وه‌لابنێین و خۆمان له هه‌موو پێوه‌نده‌كان ڕه‌ها بكه‌ین. بتى نه‌فسمان بشكێنین و بچین چه‌ند ده‌نكێ پاقله‌ى كوڵاوى سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌ك بخۆین كه سه‌رى پڕه له مێش و مه‌گه‌ز، له خواردنگهیهكى لاكۆڵان به لهفهیهكى فه‌لافل زگى برسیمان تێر بكه‌ین، نان و ته‌ماته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كشتیارێك و له‌ژێر سێبه‌رى كهپرێكى له مقه‌با چێكراو بخۆین... ساده بینه‌وه به‌و مانایه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌ولاناى ڕۆمى و بایه‌زیدى باستامیدا ئاشت بینه‌وه، بچینه‌وه سه‌ر دوگردهكهى ڕابیعه‌ى عه‌ده‌وى و ... ساده به‌و مانایه‌ى قه‌ناعه‌ت به خۆمان بێنین هه‌موو ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌یه‌ك له دۆلكهیهكدا ئاو بخۆینه‌وه و كه‌س بێز لهویدى نه‌كاته‌وه...ساده به‌و مانایه‌ى چۆن هه‌ندێ جار منداڵه‌كان وه‌ك گه‌وره‌كان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و قسه‌ى زل زل ده‌كه‌ن، ئه‌وهاش ئێمه ببینه‌وه منداڵ و به بهرائهتێكى ته‌واو منداڵانه‌وه قسه و جوڵه و هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین و بچینهوهى لاى گۆرانییه ساده‌كانى ئه‌وسا و به (حل حلى و بل بلى) چى گه‌رد و كیبریاى جهنجاڵییهكانى دونیاى تازه هه‌یه له خۆمان دابڕنین.
گوناحه كاتى خۆت به بیركردنه‌وه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ى بودهڵهكان به هه‌ده‌ر بده‌یت، چون به‌وه ئه‌وه‌نده‌ى ئازارى گیانى خۆت ده‌ده‌ت، هه‌رگیز هێنده زیان به‌وان ناگه‌یه‌نیت. ده‌زانى براده‌ر متمانه و خۆشه‌ویستى هیچ خه‌رجییه‌كى ماددى تێناچێت، به‌ڵام وه‌كى دیش به هیچ سه‌رمایه‌یه‌ك نایه‌ته كڕین. گرنگ ده‌بوو بمانتوانیایه له‌باتى هونه‌ر و زیره‌كى و ئازایه‌تیی خۆمان، نه‌نگى ناته‌واوییه‌كانى خۆمان بدیایه، ئه‌وسا له‌جێگه‌ى گه‌ڕان به‌دواى عه‌یبى خه‌ڵكى، خه‌ریكى پینه‌كردنى پۆشاكى دڕاوى خۆمان ده‌بووین.
تا ئه‌و شوێنه‌ى پێت خۆشه یاخى بیت براده‌ر، یاخی به، گوێرایه‌ڵى هیچێك له‌وانه مه‌به كه هه‌ر هێنده‌ى تۆ چوار كتێبیان خوێندووه‌ته‌وه و خۆیان لێت كردووه به موڕشێد و مامۆستا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى فێرى وانه‌كانى ژیان بیت و هه‌ندێ هاوكێشه‌ى ئاڵۆزى ئه‌م سه‌ر زه‌مینه بزانیت، پێویسته هونه‌رى گوێگرتن شاره‌زا بیت، من ده‌ڵێم گوێگرتن نه‌ك گوێڕایه‌ڵى، تۆ ده‌زانى جیاوازییه‌كى گه‌وره هه‌یه له‌نێوان گوێگرتن و گوێڕایه‌ڵى، بۆیه تا ده‌توانى گوێگرێكى باش به و گوێڕایهڵێكى بێ كه‌ڵك به، بێ كه‌ڵك له دیدى ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ ئاڵاى سپیی ته‌سلیمبوون بۆ هه‌موو حه‌ز و داخوزییهكى ئه‌وان هه‌ڵكه‌یت.
ئه‌وه‌نده به سه‌ختى به ڕووداوه‌كانى مێژوو سه‌رسام مه‌به براده‌ر، بشزانه چه‌نده ڕاستییان تێدایه، ده‌یان هێنده درۆ و ناته‌واوى، دوور نه‌ڕۆین ئه‌و ڕووداوانه‌ى ئه‌وڕۆ و دوێنى و پێرێ ڕوویانداوه و به چاوى سه‌رى خۆمان دیومانه، ئینجا هه‌ر یه‌كه‌مان به جۆرێك لێكى ده‌ده‌ینه‌وه و ڕاڤه‌ى ده‌كه‌ین، ئه‌دى ئه‌و ڕووداوانه‌ى ده‌یان و سه‌تان و هه‌زاران ساڵه قه‌وماون، ده‌بێ چۆن گه‌یشتبنه كنه مه!
واز له‌و سه‌نته‌ر و ڕێكخراوانه بێنه، كه به ناوى تواناسازى و گه‌شه‌پێدانى مرۆییه‌وه ئامۆژگاریی ئه‌م و ئه‌و ده‌كه‌ن، تا ببنه مرۆڤێكى به‌رهه‌مدار و سه‌ركه‌وتوو، خول و مه‌لزه‌مه و سیپارهى ئه‌م سه‌نته‌ر و ڕێكخراوانه به دوو قڕوشى قه‌ڵب مه‌یكڕه، چونكه كه‌ڵكه‌ڵه‌ى سه‌ركه‌وتن ها له‌نێو سه‌رى خۆتدا، نه‌ك له‌نێو ده‌رس و ده‌وره و كتێبه‌كانى ئه‌واندا، هه‌رگیز مه‌هێڵه به ناوى ڕێنمایی بۆ ڕێكخستنى كات و چۆنیه‌تى خوێندنه‌وه و شێوازێكى باشى ژیانكردن و هاوسه‌رگیریی به‌خته‌وه‌رانه... بێنه ناو ژیانته‌وه، نانى چه‌ورى ئه‌وان له‌وه‌دایه تۆ هه‌موو ڕۆژێك كێشه‌یه‌كت هه‌بێ و بچیته به‌رده‌م ماڵى ئه‌وان و داواى ده‌وا و ده‌ره‌تانیان لێ بكه‌یت، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌ناو گه‌شه‌پێده‌ر و توناسازانهى حه‌وسه‌ڵه‌ى خوێندنه‌وه‌ى پێنج كتێبیان نییه و ناتوانن خودى خۆیان په‌روه‌رده بكه‌ن، كه‌چى له‌پڕ ده‌رده‌كه‌ون و خۆیان لێ ده‌بێته ئیبراهیم فه‌قێ و دیل كارنجى و مه‌حموود موعهززهمى. نه‌كه‌ى براده‌ر هه‌رگیز چاره‌نووست بده‌یته ده‌ست ئه‌و نێوهندانهى ئیدیعاى ماف و یه‌كسانیى ژن و پیاو ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى به ناوى داكۆكیكردن له ئازادیی ژنان باره‌گا و ئۆفیسیان كردووه‌ته‌وه، چون ئه‌وانیش به‌دواى كهسابهتیی خۆیانه‌وه‌ن، ڕێگه مه‌ده سوود له دڵسافیی تۆ و هاوشێوه‌كانت ببینن و بازاڕى كهسادیان پێ گه‌رم بكه‌ن.
به‌دڵ حه‌زم ده‌كرد، ئه‌م نامه‌یه‌م ته‌رخان كردبا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌ند خواست و خه‌ونێكى گه‌وره، بۆ ئاخاوتن سه‌باره‌ت به ڕستێك ئامانج و ئاواتى مه‌زن، لێ چ بكه‌م! نازانم قه‌ده‌رى ئێمه ئه‌وهایه، له‌باتى خه‌م خواردن له‌و به‌ها گه‌ورانه، خه‌ریكین له بابه‌تگه‌لێك ده‌ئاخفین كه ده‌بوو له‌مێژبوو جێ‌مان هێشتبا، ئه‌ز له‌وه دڵنیام كه ته‌وژم و ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه له‌م وڵاته‌ى ئێمه‌دا، هه‌موو ده‌م گه‌ره‌كیه‌تى، تا بكرێ بێ خه‌ون و خواست و خۆزگه بژین، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌ش مه‌یسه‌ر نه‌بوو، ئه‌وا به‌جۆرێك به خه‌ونى بچووك بچووك و ساكار و بێ قوڵایى سه‌رقاڵمان بكات، تا بیر له خه‌ون و خه‌یاڵى گه‌وره نه‌كه‌ینه‌وه، خۆیشمان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، تین و تاو ده‌به‌خشینه ئه‌و هێزگهلهى كار له‌سه‌ر بچووككردنه‌وه‌ى خه‌ونه‌كانمان ده‌كه‌ن.
له كۆتاییدا ده‌ڵێم، نه من ڕێگه به خۆم ده‌ده‌م ئامۆژگاریت بكه‌م، نه تۆ هێنده لاوازى پێویستت به وه‌عزدادان و مۆچیاریی من هه‌بێ، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر وشه و ڕسته و په‌ره‌گرافێكى ئه‌م نامه‌یه‌م به دڵت نه‌بوو، متمانه‌م پێته تا تینت تێدایه فڕێی بده‌یت.
به‌خته‌وه‌ریت به ئاوات ده‌خوازم...
.......................................
هاوسه‌فه‌رت: زیاد ڕه‌شاد قادر