سنوور بـەزانـدن سـەرەخـۆریــە


ئەو شتانەی زەرەرو زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن ھەرگیز چوونیەک نین ، ئاستی زەرەر و زیان و ترسناکیان زۆر جیاوازە . پێوەر بۆ زانین و ناسین و پەیپێبردن و دیاریکردنی شەڕو خراپەو زیانیان بە گەڕانەوە دەبێت بۆ سەرچاوەی ڕەوان و زوڵاڵی قورئانی بێخەوش ، کە خالقـی بەدیھێنراوان تیایدا ھەم ئەوانی ناساندووە وەھەم پارێزبەندی لەدژیان بەخشیوە ، تاکو ژیان بەردەوام بێت .
بۆ جوان تێگەیشتن لەم حەقیقەتە پڕ لە حکمەتە ، گرنگە ئاوڕدانەوەیەکی زانستیانە بدەین لە زاراوەکانی ئەم دوو سـورەتـەی (الفلق) و (الناس)، تاوەکو دروست لەناسکی و وردی و نایابی و شیرینی فەرمایشتی خاوەنەکەمان تێبگەین و ، ئاسانتر بتوانین قووڵ ڕۆبچین بەمانای گەورەیی و شکۆداری خالق و مەزنی فرمانەکانی بۆ ئێمە وەک باوەڕداران .
لەسورەتی (الفلق)دا یەکجار پەنا بۆبردن و پەنا پێگرتنی تیایە لەچەند شت ، کەچی لەسورەتی (الناس)دا سێ ھانا بۆبردن و پەناپێگرتن و خۆخستنە پاڵی تیایە لە یەک شت . چونکە بەدڵنیاییەوە ئەوەی لە سورەتی (الناس)دا باسی دەکات زۆر ترسناک و زیانبەخش ترە لەوەی لە سورەتی (الفلق)دا ھاتووە ، لە یەکەمیاندا کەسەکە دەڵێت پەنادەگرم بەو پەروەردگارەی کە بەرەبەیان پێش دەھێنێت : (قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ الْفَلَقِ) ، لەزەرەرو زیانی چەند شت کەوا ژیانی مرۆڤ بە ھۆیانەوە تووشی زیان دەبێت ، ئەوانیش بریتین لە : ( مِن شَرِّ مَا خَلَقَ وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ وَمِن شَرِّ النَّفَّاثَاتِ فِي الْعُقَدِ وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ) ، جا گەر کەسێک تووشبوو ، وە ئارامی گرتن لەسەر ئازاری و باوەڕو متمانەی بە حیساب ھەبوو ئەوا لەسەر زەرەرو زیانەکەی پاداشت وەردەگرێت .
بەڵام لە سورەتی (الناس)دا ، لەبەر ترسناکی ئەو کارە ، لە تۆماری خراپەیدا دەنوسرێ و لە سەری لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت لە دنیاو دواڕۆژدا ، چوونکە کار لەسەر تێکدانی ژیری و ئاوەزی مرۆڤ دەکات ، بە پەنھانی و بە چەندین شێوازو ڕێی جیـاواز : ( من شر الوسواس الخناس ) ، ئەمەش سنوور بەزاندنەو کەس ئەو مافەی نیە مرۆڤەکان سەرگەردان بکات و بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بھێنێت . وە ئەوەی پێی ھەستێت ئەوە ستەمی کردووە بەرانبەر بە حەق و مافی خۆی و ئەوانی دیکە . چوونکە ژیری و ئاوەزو ھزر تێکدان ھێڵی سوورە ، لە بەرئەوەی مرۆڤ بەبێ ئەقڵ و ئاوەز ناتوانێت پەی بە ئەرک و بەرپرسیاری خۆی ببات .
جا زەمینەی کارکردنی ئەو ستمکارانە ناخ و دڵ و دەروونی مرۆڤە وەک بەنرخترین شوێنی ، بە بڵاوکردنەوەی ئافەت و دەردی : ( الذي يوسوس في صدور الناس) ، ئەوکات ھەموو کارەکان خراپ و زیانبەخش دەبن بەھۆی خراپە و شەڕی : (الوسواس الخناس) وە ، چ لە مافی خۆی یا مافی خەڵکی ، لەبەرئەوەی ئەمە فێل و داوی تیایە بۆ تێکەوتن و سەرگەردانکردنی بەرانبەر ، دەی ئەمەش لای خوا سنوور بەزاندنە و لێپرسینەوەی تووندی لەسەرە لە دنیاو دواڕۆژدا .
کاتێک دەستدرێژی و سنوور بەزێنی لەسەر خەڵکانێک ئەنجام دەدرێت ، ئەوا لێپرسینەوە دەکرێت لەگەڵ تاوانبار ھەر لە دنیا ئەگەر یاسا سەروەربوو ، گەر لەکارخرابوو وە تاوانبار سزای خۆی وەرنەگرت ئەوا لەدواڕۆژدا لێپرسینەوەی حەتمیە . کەوایە زوڵمکردن و پێشێلکردنی ماف ترسناکە ھەر بۆیە ھاناو پەنابردن زیاترە : (قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ مَلِكِ النَّاسِ إِلَهِ النَّاسِ)، وە ئەم سێ شتە ڕیزبەندی سەرسوڕھێنەریان ھەیە ، وە ھاوشێوەی ئەمانەن لەناو مرۆڤەکاندا دەتوانن چارەسەری خراپەو شەڕی نێوان خەڵکی بکەن لە ژیاندا .
کاتێک مرۆڤ توشی کێشەیەک دەبێت و نازانێت چارەسەری بکات ، سەرەتا بۆ کەسی شارەزا ھانا دەبات تاوەکو ڕێنوێنی و ئاڕاستەی بکات ، ئەویش شارەزاو پەروەرشیارە (رب)، گەر چارەسەر نەبوو ئەوا پەنا دەبات بۆ دەسەڵات و دادگا (ملك)، گەر ھەر چارەسەر نەکرا ئەوسا ئیتر پەنا دەبات بۆ خوای جیھانیان تاکو بێت بەھانایەوە و بۆی چارەسەر بکات (إلە ، اللە) ، ئا ئەمە مامەڵەیە لە ژیانی دنیادا کە لەم سورەتەدا ڕیزکراون ، وشەی (الرب) بۆ کەسێک بەکار دەبرێت کەوا بتوانێ ڕێنوێنی و ئاڕاستەو پەروەردە بکات (المرشد والموجە والمعلم)، گەر خۆی نەتوانێت چارەی کێشەکەی بۆ بکات، خۆ دەبێت ڕێنوێنی و ئاڕاستەو پەروەردەو فێری بکات بۆ ئەوەی بزانێت چۆن پەنا بەرێت بۆ دادگای دەسەڵات (الملك) ، گەر لە توانای ئەویشدا نەبوو ، با بە ئومێدەوە پەنا بەرێت بەردەرگانەی حەق تەعالا .
ڕیزبەندیەکە زۆر وردە ، لە زۆرەوە دەست پێدەکات بۆ کەم (رب ، ملك ، إلە)، لەناو کۆمەڵگەدا ڕێنوێنیکار و ئاڕاستەکارو پەروەردەکارو فێرکار (الرب) زۆرن ، بەڵام دەسەڵاتدار (الملك) کەمترن .
وە بەکارھێنانی ئەم سیفەتانە بۆ خوای گەورە لەم سورەتەداو بەبێ ھێنانی پیتی (واو) لە نێوانیاندا بۆ ئەوەیە تاوەکو وا گومان نەبرێت چەند زاتێک ھەیە ، چونکە واو سوودی جیاواز دەگەیەنێت ، کە نەی ھێناوە واتە تەنھا یەک خوا ھەیە ، وەختێک پەنا دەگریت بە (الرب) ئەوە (اللە)یە ، ھەروەک پەناگرتن بە (الملك) ھەر (اللە) یە ، وە (الە)ـەکەش ھەر (اللە) یە .
بڵێ پەنادەگرم بە : ( قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ مَلِكِ النَّاسِ إِلَهِ النَّاسِ) لە شەڕو خراپەی شەیتان سیفەتان ، ئەوانەی دەردێک تووشی مرۆڤ دەکەن : (مِن شَرِّ الْوَسْوَاسِ الْخَنَّاسِ) ، کەوا گاریگەری لەسەر بیرو ئاوەزو ئەقڵی دابنێت ، وە لە ناخ و دڵیدا جێگیر بێت : (الَّذِي يُوَسْوِسُ فِي صُدُورِ النَّاسِ) . وە دەسبەرداریشی نابن و زوو زوو بەنھێنی و لەڕێی جیاوازەوە سەری لێ دەدەنەوە تاوەکو بەتەواوی کۆیلە و گومڕاو سەرلێشێواوی دەکەن : (الْخَنَّاسِ) . وە ئەم ناحەز و نەیارە ترسناکانە لەناو گرۆی : (مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ) ھەن .