چەمكی دەوڵەت و سەروەریی

  یەک شەممە, 04 تشرینی دووەم 2018 07:44


               

دەوڵەت لەڕووی یاسای نێو دەوڵەتیەوە بەو چوارچێوە جوگرافیە دیاریكراوە دەوترێت كە بریتی یە لە خاكێك كە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی هەیە و گەلێك یا چەند گەل و نەتەوەیەكی لەسەر دەژی و خاوەن زمان و كلتور و مێژووی هاوبەش و ئاڵای خۆیانن و لەڕووی نێو دەوڵەتیەوە دانی پێدانراوە .


دەوڵەتیش وەكو خانەوادەیەك وایە لە گوندێك یا شارۆچكەیەك دا هەر وەك چۆن هیچ خانەوادەیەك ناتوانێت تەواوی پێداویستیەكانی خۆی دابین بكات بێ بوونی پەیوەندی بەخانەوادەكانی دیكەوە هیچ دەوڵەتێكیش ناتوانێ پێداویستی دەوڵەتەكەی دابین بكات بەبێ پەیوەندی بە دەوڵەتانی دیكەوە، ئەم پەیوەندیانەش زۆرێكیان بەیاسا ڕێكخراوە .


سەروەری [السیادە] دەوڵەت بریتی یە لەوەی كە ئەم دەوڵەتە توانای پاراستنی هەموو خاكەكەی بە وشكانی و دەریای و ئاسمانی هەبێت و لەگەڵ پاراستنی هەموو سنورە ئاوی و وشكانیەكەیەوە لەگەڵ دەوڵەتانی سنوری خۆی دا .


چوارچێوەی دەوڵەت بریتیە لە بوونی سەروەری، ناوەرۆكی سەروەریش بریتیە لە بوونی ئاسایش، هەركات دەوڵەت سەروەری لەدەست دا ئەوكات ئاسایشی دەوڵەتانی چوار دەور و دەوڵەتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی بۆی دێنە ژوورەوە و لەبری كاركردن بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆی كار بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئەوانی دیكە دەكات، سەرەڕای ئەوەی كە هەر دەوڵەتێك سەروەری لاواز كرا ئەو كات توانای بڕیاردانیشی لاواز دەبێت یا لەبری ئەوەی كە خۆی بڕیار بدات ئەوانی دیكە كە مەبەستمان دەوڵەتانی دیكەیە بڕیاری بۆ دەدەن یا لانی كەم دەبێت بڕیارەكانی بە شێوەیەك بێت كە بەرژەوەندی وڵاتانی دیكە بپارێزێت لەبری كار بۆ بەرژەوەندی خۆی بكات.


خراپترین نەمانی سەروەری خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە دەوڵەتان دەست وەربدەنە كایەی پرۆسەی هەڵبژاردن و دانانی كاراكتەرە سیاسیەكان لە پرۆسەی حكومداری دا بە نمونە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و ...هتد .