پەڕلەمانێك بە ویستی دەسەڵات

  دوو شەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 07:17


پاش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2013 هەست دەكرێت گۆڕانكاری بەرچاو لە رێژەی دەنگ و كورسی پارتە سیاسیەكاندا روویداوە، لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەی دەبینرێت پارتی وەك براوەی یەكەم رێژەی كورسیەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە كە توانیویەتی 45 كورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتەكانی تر بە هەموویان بەبێ‌ كۆتاكان توانیویانە 53 كورسی بەدەست بهێنن.


ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە یەكەمیان كەمكردنی دەنگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بۆ 21 كورسی لەكاتێكدا كە لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا توانیبوی (50) كورسی بهێنێت، دووەمیان كەمكردنی رێژەی دەنگ و كورسیەكانی ئەو پارتانەیە كە بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ناسرابوون، كە ئەوانیش گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵن، كە لە هەڵبژاردنی 2013دا خاوەنی 40 كورسی بوون بەڵام ئەمجارەیان بە كورسیەكانی نەوەی نوێشەوە خاوەنی 32 كورسین.
ئەم هەڵبژاردنە بوە هۆی ئەوەی كە ئەو باڵانسەی كە هەبوو لە دەنگ و كورسی پارتە سیاسیەكان تێك بچێت و ئەمەش وایكردووە كە دەنگی ناڕەزایی پارتەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی زیاتر بەرزبێتەوەو هەڵوێستی فەرمیان ئێستا لە ئاست راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكەدا رەتكردنەوەیە، چونكە وای لە قەڵەم دەدەن كە ئەم كوردسیانە سەنگی خۆیان نیە و لە هەردوو هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان ئەوان دەنگەكانیان دزراوەو تەزویرێكی زۆر لە هەردوو هەڵبژاردنەكاندا كراوەو تەنانەت لە راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتایشدا گوێ‌ بۆ تانەو رەخنە و پێشنیارەكان نەگیراوەو لە بەرامبەر ئەم كارانەشدا ئەندامی كۆمسیۆنی هەرسێ‌ لایەنەكە ئەنجامەكانیان رت كردۆتەوە.


لەراستیدا ئەم ئەنجامانەی كە ئێستا بەدەست هاتوون بەرای زۆرینەی پارتە سیاسیەكان تەعبیر ناكەن لە سەنگ و قەبارە و رای زۆرینەی خەڵكی كوردستان ،چونكە لەلایەك لایەنی براوەی یەكەم دەنگی ناڕازی و سپیە لەگەڵا دەنگی ناڕازی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ،وە ئەگەر ئەم پارتانە بەپێی ئەوەی كە ئێستا دەیڵێن دان بە ئەنجامەكاندا نەنێن و هەڵوێستێكی یەكگرتوویان هەبێت و بەشداری پرۆسەی سیاسی نەكەن و ئەندامەكانیان نەنێرنە پەرلەمان، ئەوكاتە ئەگەر یەكێتیش بەشداربێت ئەوا ئەوان نوێنەرایەتی 31%ی خەڵكی كوردستان دەكەن ،بەمەش ئەگەر پەرلەمان و حكومەتیش دروست ببێت لەڕووی سیاسیەوە شەرعیەتێكی لاوازی دەبێت، بەبڕوای بەشێك لە چاودێرانی سیاسیی ئەو ئەنجامانەی كە ئێستا بەدەست هاتوون بەپێی پلانێك بووەو نەخشە بۆ كێشراو بووە، بۆئەوەی ئەم پەرلەمانە نوێیە بەوجۆرە بێت كە هێزێكی سیاسیی دەسەڵاتدار دەیەوێت لە كوردستاندا.


هەڵبژاردنەكانی 2013 توانی جۆرێك لە زیندویی پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستاندا نیشان بدات، لەلایەك ئاستی بەشداری خەڵك بەرزبوو ،لەلایەكی تریشەوە پارتە سیاسیەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەنگێكی باشیان هێنابوو، ئەمەش هۆكاری ئەوەبوو كە پەرلەمان ببێتە مینبەری گفتوگۆیەكی گەرم و بۆ ئەم مەبەستەش ئەگەری ئەوە هەبوو كە كوردستان بەرەو بنیاتنانی دەستورێكی مەدەنی و دیموكراسی هەنگاو بنێت و حكومەتیش لەژێر فشاری پرۆژەكانی چاكسازی لایەنەكان و یان پەرلەمانە چالاكەكەیدا زیاتر بەخۆیدا بچێتەوە و ببێت بە حكومەتی هاوڵاتی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی كە ئەو بارودۆخە قبوڵا نەكرا، بە پلانێك پەرلەمان پەك خرا، سەرۆكی پەرلەمانیان ناردەوە بۆ ماڵەوە، پاشان بڕیاری پاشەكەوتی مووچەیان داو لەم رێگەیەشەوە نەك پارتە سیاسیەكان و پەرلەمان سزادران بەڵكو هاوڵاتی ئاسایش بێ‌ دەنگ كراو خرایە ژێر بارودۆخێكی ناهەموارو وایانلێكرد كە واز لە هەموو داواكاریەكانی چاكسازی و حكومەتی چاك و مافەكانی هاوڵاتی بهێنێت و ناچاریان كرد كە هەموو داواكاریەكانی ببێتە زۆر شتی سادە و تەنها داوای ئەوە بكات كە مووچە لەكاتی خۆیدا بدرێت و ئەگەر بكرێت كەمێكیش زیاد بكرێت، حكومەت لاواز كرا، خزمەت گوزاریەكان كەم كرانەوە، بازاڕ بە تەواوی كەوتە دەست بەرپرس و كەسانی نزیك لە پارتە دەسەڵاتدارەكان، لەم هەڵبژاردنە نوێیەدا ئەوەی ویستیان كردوویانە بەتایبەتی پارتی ئەو پلانەی دایڕشتبوو بۆ پەرلەمانی داهاتوو سەری گرت، ئەو لە ئێستادا خاوەنی 45 كورسیە بەكەمینەكانەوە كە هەموویان نزیكن لە خۆی دەكاتە 56 كورسی لەگەڵا هەندێك پارتی بچوكیشدا لە 60 نزیك دەبێتەوە لەبەرئەوە لە پەرلەمانی داهاتوودا تەنانەت بەبێ‌ یەكێتیش دەتوانێ‌ هەموو پرۆژە بڕیارەكان تێپەڕێنێ‌ و بە ویستی خۆی دەستور و یاسای سەرۆكایەتی هەموار بكاتەوەو ئەگەر یەكێتیش پشتیوانی بكات دەتوانن بەبێ‌ پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن هەموو بڕیارێك بدەن و خۆیان چۆنیان دەوێت ئاڕاستەی پەرلەمان بەو جۆرە بێت، لەبەرئەوە پەرلەمانی داهاتوو ئەو پەرلەمانە نابێت كە چاودێری بەهێزی حكومەت بكات یان بتوانێت لێپێَچینەوە لە وەزیرەكان بكات یان داوای شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەكاندا بكات.

بەو ژمارە كەمەی كوردسیەكانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان تەنها وێنەیەك دەبەخشنە پەرلەمانی كوردستان كە پەرلەمانێكی دیموكراسی و فرە لایەنە، بەڵام لە جەوهەردا ناتوانن نە پڕۆژە یاسایەك بە زۆرینەی خۆیان بچەسپێنن نە رێگە لە پڕۆژە یاسایەك بگرن ئەگەر زانیان پێَچەوانەی بەرژەوەندی گشتیە.كە ئەمەش كاریگەریەكی ئیجابی نیە بۆ گەشەی دیموكراسی و بەشداری خەڵك لە بریاری سیاسیی و گرنگیدان بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن وەك بەشێك لە بنەما گرنگەكانی دیموكراسی .