چیرۆکی زەرفە کاغەزەکان

  پێنج شەممە, 08 تشرینی دووەم 2018 07:50

 

ئەو سێ کیسە کاغەزەی لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا زۆرترین دەنگدانەوەیان لە هەرێمی کوردستاندا بەدوای خۆیاندا هێنا

ئایا چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو کیسانە چییە و چۆن بوونە هۆی ئەو شایعە گەورەیە؟

مامۆستا مەلا غەریب پێنجوێنی ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان کە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ بوو ، لە ٦ی١١ی٢٠١٣ سوێندی یاسایی خوارد و وەک ئەندامی خولی چوارەم دەستبەکار بوو
ئەمڕۆش ٦ی١١ی٢٠١٨ دەرچووانی خولی پێنجەم سوێندی یاساییان خوارد .

٤ شەممەی ڕابردوو ٣١ی١٠ی٢٠١٨ کۆتا دانیشتنی خولی چوارەم گرێ درا و کۆتاییهاتنی ئەو خولە ڕاگەیەنرا .

بگەڕێینەوە بۆ سێ مانگ بەر لە ئێستە ، یاساناسێک داوای گۆڤاری وەقایعی کوردستان لە مامۆستا غەریب دەکات کە بەڵکو هەوڵ بدات لە ڕێی پەرلەمانەوە بۆی دەست بخات . لەو کاتە بەدواوە مامۆستا غەریب لە پەرلەمانی کوردستان داوای گۆڤاری وەقایعی کردووە و هەوڵی داوە کە ئەو گۆڤارانەی دەست بکەوێت ، بەڵام کارەکە بە گوێرەی خواست نەهاتە پێشەوە و چەندان جار کە سەردانی هەولێری کرد محاوەلەی گۆڤارە وەقایعەکانی کرد بەڵام نەبوو و دەستی نەکەوت!
هەتا دوایین سەفەر کە هاوکات کۆتا ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمانیش بوو ، گۆڤارەکان ئامادە کرابوون ، ئەوەی کە چەند مانگێک بەدوایەوە بوو و هەوڵی بۆ دا تاکو دەستی بخات تا پیداویستی ئەو هاوڵاتییە (یاساناسەکە) دابین بکات ، حازر بوو .
هەر لەوێدا بە فەرمی تۆماری وەرگرتنی گۆڤارە وەقایعەکان لەلایەن مامۆستا غەریبەوە واژۆ کرا ، مایەوە هەڵگرتن و گواستنەوەیان تا ناو ئۆتۆمبێل .
مامۆستا غەریب داوای عەلاگەی لە فەرمانبەرەکانی پەرلەمان کرد بەڵام لێی نەبوو ، لەجیات ئەوە زەرفی کاغەز هەبوو ، هێنایان لە سێ زەرفدا گۆڤارەکانیان جێگا کردەوە ،
گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە گۆڤاری وەقایعی کوردستان لەسەر کاغەزێکی زۆر تایبەت چاپدەکرێت و سەنگی زۆر زۆرە ، قورساییەکەی (کێشـــەکەی) زیاترە لەوەی پێشبینی ئەکرێت و بە زەحمەت هەڵدەگیرێت ئەگەر ژمارەی گۆڤارەکان زۆر بێت پێکەوە .
پاشان لە کاتی گەڕانەوە و دەرچوون لە بینای پەرلەمان ، یەکێک لە پەرلەمانتارانی هاوڕێی مامۆستا غەریب زەرفێکیان هەڵدەگرێت وەک یارمەتی ، دوو کیسەکەی تر مامۆستا غەریب بۆخۆی بەدەستی خۆی هەڵیان دەگرێت ، حەوشەی پەرلەمانیش زۆر گەورەیە و پیویستە مەسافەیەک بە پێ بڕۆن جا دەگەنە گەراجی ئۆتۆمبێلەکان .
هاوکات لەوێدا هەندێک کامێرا و ئامرازی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە پەرلەماندا حزوریان هەیە بۆ گرنگیدان بە کۆتا ڕۆژی خولی چوارەمی پەرلەمان .
مامۆستا غەریبیش لەگەڵ کاک خەڵەف شاتوانیدا (کە ماوەی پێنج ساڵ پێکەوە لە لیژنەی کشتوکاڵ بوون) شان بە شانی یەکتر دەڕۆن و گفتوگۆ دەکەن و مامۆستا غەریب لەو کاتەدا زەرفەکانی بە باوەشەوە گرتووە و هەڵی گرتووە ، چونکە وەک وتم کێشەکەی زۆر قورسە و پێویستە مەسافەیەکی زۆریش بە پێ هەڵیگرێت . مامۆستا غەریبیش جەستەیەکی وەرزشیی نییە و ـــ ماوەی پێنج ساڵە بەهۆی پەرلەمان و کاری هاوڵاتیانەوە لە دەشت و دەر و مەزرا و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی دوورکەوتوەتەوە ــ ، جوانیش نیە بە کۆڵ و لەسەر شان هەڵیگرێت و ئاسانیش نیە ، جانتاشی پێ نەبوو ، بە دەستیش ئاسان بۆی هەڵنەدەگیرا . عەلاگەشی دەست نەکەوت ، چ عەیبی تێدایە هەندێک گۆڤار بە باوەشەوە بگریت؟ وا ئاسانتر بۆی هەڵدەگیرا تۆ کە لە خۆت دڵنیایت خوا ناحەزت بگرێت .
بەڵام کەسانێک کە بێئاگان و هەڵە لە مامۆستادا شک نابەن تەنها بەو شێوازە هەڵگرتنە ئەوێرن ئەڵێن هەڵەی کرد ئەبوایە وا هەڵینەگرتایە . لەجیاتی ئەوەی بڵێن دیارە عوزرێکی خۆیی هەیە بۆیە وا هەڵیگرتوە .

مرۆڤی خاکی ئەوهایە ، بۆخۆی بە دەستی خۆی کۆڵەکەی بۆ هەڵدەگرێت بەگوێرەی پەندە جوانەکە : چاکە بکە و بیدە دەم ئاوەوە .
مرۆڤێک بە کۆڵ و بە باوەش و بە گیرفان و بە ماڵ ، بە هێزی هزر و ماسولکە و دەسەڵات ، بە بەر ئامرازێک خوا پێی بەخشیبێت خزمەتی پێ دەکات چونکە ئەزانێ هیی خۆی نیە ، ئەمانەتە و لای دانراوە ، ڕۆژێک دێت نامێنێت ، بەرەو گۆڕی تاریک دەبرێت ، بە تەنها جێ دەهیڵرێت ، هەرکەس بە گوێرەی کردەوە ، جەزا و سزای دەدرێتەوە .

من دڵنیام ئەگەر کێشی گۆڤارەکان قورس نەبوایە هەر بە پێڵووی چاوەکانی هەڵی دەگرتن نەک بە دەستیش .

لەگەڵ کاک خەڵەفدا گفتوگۆی کۆتا ڕۆژی پەرلەمان و ماڵئاوایی و گەردنئازایی و گفتوگۆی هاوڕێیانە دەگوزەرا و ئارام ئارام هەنگاویان دەنا .
ڕەنگە کاک خەڵەفیش لوفتی نواندبێت و داوای کربێت کە یەکیانی بۆ هەڵ بگرێت بەڵام مامۆستا غەریب سوپاسی کردبێت و خۆی هەڵیگرتبێت .
لەم کاتی گفتوگۆی ماڵئاواییەدا بە بەردەم کامێراکاندا تێدەپەڕن و لە شاشەی ڕووداوەوە زووم دەکرێن . ڕەنگە ڕاستەوخۆ ئەو دیمەنە پەخش بووبێت ، شتێکی ئاساییە پەرلەمانتارێکە و کیسەی کاغەزی هەڵگرتووە ، دیارە کە کاغەز یا کێب یا گۆڤار و ئەو شتانەی تێدایە .
بەڵام جام چیی تێدا بێت هەر ئەوەشی لێ دەڕژێت .

مرۆڤی مسوڵمان ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برای مسوڵمانیشی پێی خۆشە ، ئەگەر وا نەبێ ئیمانی ناتەواوە .
زۆر ئاساییە پەرلەمانتار ، وەزیر ، مدیر ، مامۆستا ، قوتابی ... جانتا یا لڤیکس و میحفەزە و کتێب و زەرف و قەڵەم و ئەو شتانەیان بەدەستەوە ببینرێت ، ئەوەندە ئاساییە وەک ئەوەی خاکەنازێک بە دەستی جوتیارێکەوە ببینرێت . یا تەراز و شاوڵێک بەدەستی وەستایەکەوە ببینرێ ، هیچی تێدا نیە .
⚡⚡⚡⚡⚡⚡⚡
لێرەدا قۆناغی مەدینە دێتە پێشەوە ، قۆناغی دەرکەوتنی نیفاق ، قۆناغی ژەهر ڕشتن و هەڵبەستنی بوختان و بڵاوەپێکردنی شایعەی درۆ . قۆناغی دەرکەوتنی دێوەکەی نەفس کە مامۆستا تەحسین حەمەغەریب لە کتێبی پێغەمبەرناسیدا باسی ئەکات .

ئادەمیزادێک/ئادەمیزادانێکی دەروون نەخۆش ، بە دەسیسە و تاکتیک ، ئەو وێنەیەی شاشەی ڕووداو سکرین دەکات/دەکەن و لە فەیسبوک بڵاوەی پێ دەکەن و دەنووسن ئەوە پارەی خانەنشینییە وەری گرتووە و درۆ و تەشهیر دەکەن و فەیسبوکیش فیتنەی زەمانە و وەک باڕ و خوێڕیخانەکان دایمە پڕە لە بنیامی دەمپیس و بێ بەها و جوێن فرۆش و سووک و سەلیم ، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی تریشی تێدایە .
ئەو کەسەی وێنەکەی بڵاو کردەوە خۆی مقاش بوو ، ئامانجی پشتەوەی کردارە بۆگەنە جەهەنەمیەکەیان هاندانی خەڵکە لەسەر قسە پێ وتن و تەشهیر کردن بەو کەسەی وێنەی گیراوە و دوو زەرفی کاغەزی ناشەفافی بەبەستەوەیە کە گۆڤاری وەقایعی تێدایە .
وای بۆ ئەوانەی ئەبنە مقاشی دەستی ناحەزانی دین و مزگەوت و مەلا .

ئەگەر دەروونەکان نەخۆش نەبن هەرگیزاو هەرگیز هەڵەی وا ڕوو نادات . نەخۆشیی دەروونیش پاساو نیە هەرگیز ، چونکە ماف پێشێل کراوە .

هەتا ئەم ئومەتە لەم دەردانە تەوبە نەکات و نەگەڕێتەوە بۆ لای خوا ، خوا باریان باش ناکات ، ئەسڵەن هۆی خراپبوونی دۆخ ، خراپبوونی زۆرینەی خەڵکە .
{ ذٰلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِّعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلٰى قَوْمٍ حَتّٰى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ ۙ وَأَنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ }
[ سورة الأنفال : 53 ]
بەڵێ ماف پێشێل کراوە بە بڵاوکرانەوەی وێنەکە و درۆکردن بەوەی گوایە پارەیە و قۆستنەوەی عاتیفە و خاڵی لاوازی خەڵک ، سەدان نا بەڵکو هەزاران قسەی نەشیاو بە مامۆستا غەریب وترا لە هیچی خۆڕا !

کە شایعەکە گەورە بوو ، ڕۆژی هەینی ٢ی١١ی٢٠١٨ مامۆستا غەریب لە هەژماری خۆی لە فەیسوک ، وەڵامی ئەو شایعە درۆیەی دایەوە بە نووسینێک و وێنەی کیسە زەردەکان کە گۆڤارەکەیان تێدایە بە ناونیشانی (ناوزڕاندنی پەرلەمانتاران بۆ بەرژەوەندیی کێ؟)

کڵپە سەندنی شایعەکە ..
بەداخەوە مامۆستایەکی مێزەربەسەر و وتاربێژ ، دوای قەرەباڵغیی شەقامەکانی فەیسبوک کەوت و باوەڕی بە درۆیەکە کرد و لەبیری چوو کە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ { يٰٓأَيُّهَا الَّذِينَ ءَامَنُوٓا إِن جَآءَكُمْ فَاسِقٌۢ بِنَبَإٍ [ فَتَبَيَّنُوٓا ] أَن تُصِيبُوا قَوْمًۢا بِجَهٰلَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلٰى مَا فَعَلْتُمْ نٰدِمِينَ }
[ سورة الحجرات : 6 ]
ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە
ئەگەر لاسارێک هات بە هەواڵێکەوە
ڕوونی بکەنەوە و بچنە بنج و بناوانی
نەکو گەلێک بە فەتارەتدا بدەن
پاشان لەوەی کردووتانە پەشیمان بن .

مامۆستا بەبێ ئەوەی لە هەواڵەکە بکۆڵێتەوە وەک ئەوەی هەنگوینی لە داردا دۆزیبێتەوە بە باسێکی گرنگی زانی کە بیکاتە بابەتی وتاری جومعەکەی ، لەناو وتارەکەیدا زۆر دوور لە ئاداب و ئەتەکێتی مامۆستای مێزەربەسەر و دوور لە ئەتەکێتی وتاریش ، هێرشێکی زۆر ناڕەوا و ناشرینی کردە سەر مامۆستا غەریب و ئەوەی نەشێت وتی و کردی ، پاشانیش قارەمانانە لە فەیسبوک ئەو بەشەی بە جیا لە هەموو وتارەکە پەخش کرد و خستیە بەرچاوی هەموو بەکارهێنەرانی فەیسبوک . تاکو ئەجری زۆری بۆ بنووسرێ و دوعای خێری بۆ بکرێت .
لەناو قسەکانیدا بە مامۆستا غەریب ئەڵێت (ئەک ڕووت ڕەش بێت ، بۆ میللەتی دەکەن؟ ئەو مێزەرەت سەبەبی بەدەستئینانی ڕزقە نەک لۆ خزمەتی دین ، باوەشی بە کیسەیەک پارەدا کردیە لە ناوەڕاستی جادە و فەقیرە نایشی توانێ ، توخوا عەیب نیە؟ خزمەتی میللەت و دژایەتی گەندەڵی ئەوها دەبی؟ هەمووی ساڵێک دەوامتان نەکردیە و باقیەکەی لە ماڵەوە دانیشتووی و پەنجا میلیۆنی وەردەگری)
وە زۆری تریش .
کە ئەم قسانە بوختانی تێدایە ، درۆی تێدایە ، جەهلی تێدایە ، شکاندنی (عِرض)ی مسوڵمانی تێدایە ، بێ ویژدانیی تێدایە ، سادەیی و مامەڵەی کرچوکاڵانە و وردنەکردنەوەی تێدایە ، دڵخۆشکردنی ناحەزانی دین و دان لە کەسایەتیی مەلای میراتگری پێغەمبەر و ڕەمزی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی تێدایە ... بە سادەترین زمان گەورەترین هەڵەی ئەنجام دا .
ئەوەندەی نوێژنەکەران و فاسقان پێی دڵخۆش بوون دەیەکی ئەوە ئیمانداران پێی دڵخۆش نەبوون .

لە ڕاستیدا ئەگەر گەنجێکی بازاڕی ئەو قسانە بکات ئەوترێت (لەگەڵ ڕێزمدا) کەسێکی بێ پەروەردە و بێ ئەدەبە و هەر لە شوێن و ناوەندی خراپدا ژیاوە و رەوشتی جوان فێر نەبوە .
بەڵام ئەو هۆکارەی کە کارەساتەکەی گەورەتر کرد ئەوە بوو کە مامۆستایەکی مێزەر بەفرین کەسێتی خۆیی لەبیرکرد و پشتی لە قورئان هەڵکرد [ فَتَبَيَّنُوٓا ] ، سوکایەتیی بە هاوپیشەیەکی خۆی ، بە میراتگرێکی پەیامبەر و خزمەتکارێکی میللەت کرد بەبێ ئەوەی بیناسێت هەندێک قسەی نابەجێی فەرموو دەرهەق بە مامۆستا غەریب ، بەبێ ئەوەی قسەکان ڕاست بن .

ئاگرێک کەوتبووەوە ، مامۆستا موخلیس بەنزینی پێدا کرد . چونکە مرۆڤ تا گەورەتر بێت هەڵەیشی گەورەترە ، ئەو هانی خەڵکی دا و مەجالی بۆ کردنەوە کە لە سەر شانیەوە تەقە لە مامۆستا غەریب بکەن چونکە فیتنەی زەمانیش (فەیسبوک) ئامرازی سەدان و هەزاران هێندە گەورەبوونی فیتنەکە بوو .

نان و پیاز خۆران بەو کیسە زەردانەوە کەوتنە جموجووڵ ، کەوتنە غەیبەت و بوختان و زەم و تەشهیر و شکاندنی شکۆی مرۆڤێکی بێتاوانی ستەملێکراو .

نان و پیاز خۆران بەو کیسە زەردانەوە ، ژمارەیان ئێکجار زۆرە ، اللهمّ أحصهِم عَددا ، و عَذِّبهُم بَددا ، ولا تَنجَ مِنهُم أحَدا

لەملاوە گۆڤارە وەقایعەکان لە شوێنی خۆیان ماون ، سەریان سووڕدەمێنێ ئەوە چی بوو بەهۆیانەوە ڕووی دا!!

مامۆستا غەریب باوەشی بە یاسادا کرد نەک بە پارەدا ، ئەو پیاوی باوەشکردن نییە بە دنیادا
تەنها یەک مرۆڤی بەویژدانتان دەست ناکەوێت کە شاهێدیی ئەوە بدات بۆ مامۆستا غەریب کە پیاوێکی دنیا ویست بێت .
هەرگیز بەڵگەیەک دەست ناکەوێت .. مەگەر بوختان و چەواشە
پێویست بە سەری خۆ ئێشاندن ناکات ، هەوڵ دانیش بۆ شکاندنی شکۆی مرۆڤی مسوڵمان عەیب لێ دۆزینەوەی و گەورەکردنی هەڵەی بچووک ، و بە گا کردنی کێچ ، تاوانە .
هیچ مرۆڤێکیش نیە کە هیچ هەڵەیەکی نەبێت .
بەڵام ئەوان لە نەتاشراو دایدەتاشن
دەیدەنە بەر تۆمەت ، تانە ، تەشهیر ، جوێن

مامۆستا #نورسی بەڕەحمەت بێت دەفەرموێت : برایان وریا بن شەیتان هەڵەی بچووکی براکەتانتان لا گەورە نەکات ، چونکە گەر براکەت هێندەی کێوێک چاکە و هێندەی باڵە مێشێک هەڵەی هەبێت ، شەیتان دێت ئەو باڵە مێشوولەیە هێندە لەبەرچاوت نزیک دەکاتەوە کە نەتوانی کێوە گەورەکە لەودیویەوە ببینیت .

مزگەوت و پەرلەمان کاڵەکی دەستن
خڕن ، بە یەک دەست ئاسان ناوەستن

ناڕەحەتترین کار بوو کردی کە توانیی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەبێ حەسانەوە دوو کاڵەکی خڕی قورس و گەورە (پەرلەمان و مزگەوت) بە یەک دەست هەڵبگرێت کە نێوانی ئەو دوو کاڵەکە 300 کیلۆمەتر دوور بوو . ئەمسەراوسەری ڕێگەکەی بە پیکابەکەی 9 دانە سەعاتی ئەوێت تا تەی بکرێت .
مامۆستا غەریب ماوەی 5 ساڵ بەوپەڕی چالاکی و گەرموگوڕی و تینوتاو و کڵپەی هەڵمەتی خزمەت بە دین و ژینی مسوڵمانان و هاونیشتیمانییان ، زۆری کرد و زۆری کۆشا زەحمەتی زۆری نۆشا ، { وَيُؤْثِرُونَ عَلٰىٓ أَنفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ ۚ وَمَن يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِۦ فَأُولٰٓئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ }
[ سورة الحشر : 9 ] ، خوا قەبوڵی کات .
ئەو ساڵی یەکەم و ساڵی پێنجەمی وەک یەک وا بوو ، سارد نەبووەوە ، خاو نەبووەوە ، هەرچەند ڕێگە دڕک و داڵ بوو ، هەورازی سەختی کەژ و یاڵ بوو ، پڕ لە دڕکی وەک پەیکوڵی تاڵ بوو ، گیرفانیشی بەتاڵ بوو و لەبەر قەرز ناودەمی تاڵ بوو ، بەڵام یەک قروشی حەرامی لەخۆ نزیک نەخستەوە ، ئەو عەهدەی دای بە خوای خۆی ، لە بیر خۆیی نەبردەوە ، [ دەنگەکانتان ئەمانەت بێ لەگەردنما ] ، ئەوە درووشمی بانگەشەی هەڵبژاردنی بوو ، ئەوە درووشمە ، تەنانەت لە خەویشدا لەبیری بوو ... ئەمانەتێک ئێجگار قورس ، بیپارێزێ ، لە چەتە و ڕێگری خراپکار و لەخوانەترس ، ئەمانەتێک نابێ زایە بکرێ ، سوپاس بۆ خوا هەر واش دەرچوو ... زایە نەبوو . ئێستا کاتی نزاکەی پەیامبەران ئیبراهیم و ئیسماعیلە کە دوای تەواوبوون لە کارە موبارەکەکەیان دەستی نزایان بەرز کردەوە و فەرموویان { ... رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّآ ۖ إِنَّكَ أَنتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ }
[ سورة البقرة : 127 ]

لە ماددی و مەعنەوی ، لە ماڵ و خێزانی خۆیی گرتەوە و دای بە خەڵک بە طيبی نەفسەوە ،

چەندان ساڵە ئەو هەر وایە ، هەرکەس ئەیناسێ ناڵێ وا نیە ، ئیسراحەت نازانێ { فَإِذَا فَرَغْتَ فَانصَبْ } پاش لە کار لێبوونەوە ، لەجیاتی حەسانەوە ، بیری وا بە لای کاری دواترەوە ، هەموو کەسێکی دوور ئاسانتر لە کەسە نزیکەکانی دەنگیان ئەیگاتێ و بە یەک تەلەفون ئەتوانن بیگەنێ ، پرسگەی چی؟
پێنج ساڵە ئەوەندە ماندوو بووە بەقەد بیست ساڵ پیر بووە ، پێنج ساڵ پێش ئێستا 2013 رەنگی ڕدێنی ماش و برنجی بوو ، ڕەنگێکی خورمایی کاڵ ، یەک دوو ساڵی سەرەتای کاری پەرلەمان ڕەنگەکەیی لێ سەندەوە و بەفر باری لە ڕوخساری .
(منەت ناکەین ، ناز نافرۆشین... بەس بڕوانن ، بەفر باری بەسەرمانا و سپی پۆشین...)

کەسانێک هەن وائەزانن کە ئەگەر بەخشین خەڵک پێی بزانێت ئیتر ڕیایە و پووشی دەم بایە ، بەڵام خوا وا نافەرموێت (جَلَّ جَلَالُهُ) ، ئەفەرموێت { إِن تُبْدُوا الصَّدَقٰتِ فَنِعِمَّا هِىَ ۖ وَإِن تُخْفُوهَا وَتُؤْتُوهَا الْفُقَرَآءَ فَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ ۚ وَيُكَفِّرُ عَنكُم مِّن سَيِّـَٔاتِكُمْ ۗ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ } [ سورة البقرة : 271 ] . ئامانجەکە جوانەکە بەخشینەکەیە بە ڕەچاوکردنی مەبەستی ڕاگرتنی عیززەتی دەروونی کەسە پێ بەخشراوەکە . ئیتر چ بە ئاشکرا بێت لەبەر بەرژەوەندی شەرعی لە ئاشکراکردنیدا ، یان بە پەنهان بێت لەبەر نەبوونی پێویستی بە ئاشکرا کردن ، هەردووکی هەر باشە و موبارکە و شەرعییە .

ئەوەتا خوا ئەفەرموێ إِن تُبْدُوا الصَّدَقٰتِ فَنِعِمَّا هِىَ ۖ
بۆیە هەرکەس لافی ئەوە لێ بدات کە گوایە ئاشکراکردنی هەر خێرێکی (ئینفاق) (ڕیا)یە ، ئەوە قسەی گیرفانی خۆیەتی و نەیپێکاوە و بەهەڵەدا چووە تەنانەت ئەگەر ئیستدلال بە ڕیوایەت و حەدیسیش بکات ، چونکە قورئان لە حەدیس بەهێزترە بۆ ئیستدلال .

ئەم ئاگرەی کە کەوتەوە ، وەک هەموو ئاگرەکانی تر سێ خەسڵەتی هەیە : (گەرمی بەخشین ، ڕۆشن کردنەوە ، سووتاندن) ،
مامۆستا غەریب و خۆشەویستانی مامۆستای گەرم و گەرمتر کردەوە ، بەرچاوی خەڵکی لە کارە جوان و موخلیسانەکانی مامۆستا ڕۆشنکردەوە ، نان و پیازخۆران و دڵ پڕ ڕقان و بەدگۆیان و بەدنووسان و دەروون نەخۆشانیش کە لەم بابەتەدا يَلَقَّوْنَهُۥ بِأَلْسِنَتِهِمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِهِم مَّا لَيْسَ لَهُم بِهِۦ عِلْمٌ بەشیان سووتانە .

چیرۆکی زەرفە کاغەزەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە و تا ئێستاش لە کاتی ڕووداندایە و درێژەی هەیە ..