کەم و کوڕیەکانی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان

  چوار شەممە, 14 تشرینی دووەم 2018 11:03

بەشی یەکەم

 

ئاشکرایە کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ۱۷-۷-۲۰۱۸ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆی دا لە خولی چوارەم ئەم پەیڕەوە نوێیەی پەسەند کرد کە ئێستا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پیادەی دەکەن و هەر لەیەکەم دانیشتن دا یەکەم هەڵەی یاساییان تێدا تۆمارکرد و بوو بە سەرەتایەکەی خراپ بۆ کاری پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان دا .

بە گوێرەی مادەکانی ( ۱۰ بۆ ۲۰ ) کەباسی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و چۆنیەتی یەکەم دانیشتن و سوێند خواردنی بەتەمەنترین کەسی نێو ئەندامانی پەرلەمان و چونیەتی بەڕێوەبردنی یەکەم دانیشتن لەلایەن ئەم کەسە بەتەمەنەوە و دواتر سوێندخواردنی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان و ئەرک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەکات ...
لە مادەی۱٤ دا هاتووە کە [ پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامان و بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ دەستەی سەرۆکایەتی] بەپێی ئەم ڕێکارانە هەڵدەبژێرێت .
ئەم مادەی ۱٤یە کە هەشت بڕگە لەخۆ دەگرێت لە بڕگەی یەکەم دا هاتووە کە ( سەرۆکی یەکەمدانیشتن دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی دەکاتەوە )
تا دەگاتە بڕگەی هەشتەم کە ( سەرۆکی یەکەم دانیشتن ئەنجامی دەنگدان بۆ ئەندامان ئاشکرا دەکات و داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرراو دەکات بچنە جێگەی تەرخانکراوی خۆیان )
بە سێ بەڵگە سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن و هەموو ئەو حیزبانەی کە پێشنیاریان کرد بۆ سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و دواتر دەنگدانیان بە پێشنیارەکە دا کەوتنە هەڵەیەکی یاسایی و پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە بەم سێ خاڵەی خوارەوە :

یەکەم : لەمادەی (۱) دا لە بڕگەی بەناوی دانیشتن دا هاتووە کە ..... دانیشتن [ کۆی گشتی ئەو کۆبوونەوانەیه ، کە لە ڕۆژێکدا دەبەسترێن ] ئەمە پێناسەی کۆبوونەوەی پەرلەمانە کەبە شەش وشە پێناسەکراوە و سنورداری کردووە کە دەبێت کۆبوونەوەکان لە ماوەی یەک ڕۆژ [ یەک ڕۆژ مەبەست ۲٤ کاتژێرە ] واتە (۲٤)کاتژمێر تەواو بکرێت واتە نابێت هیچ کۆبوونەوەیەک بە کراوەیی بهێڵرێتەوە .

دووەم : لەمادەکانی (۲ هەتا مادەی ۹) کە باسی پێکهاتە و دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکات بەهیچ جۆرێک لە هیچ مادە و بڕگەیەک دا ئاماژە بەکراوەیی هێشتنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ناکات لەبەر هیچ هۆکارێکی سیاسی و یاسایی .

سێیەم : لە مادەکانی (۱۰ تا مادەی ۲۰) بەهیچ جۆرێک هیچ ڕستەیەکی تێدا نیە کە ئاماژە بکات بەکراوەیی هێشتنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار لەبەر هۆکاری ئەوەی کە ئەحزابە سیاسیەکان نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن بۆ دانانی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، بەتایبەت مادەی ۱٤ و هەشت بڕگەکەی سەرۆکی کاتی پەرلەمان ناچار دەکات کە لەیەکەم کۆبوونەوەدا دوای سوێند خواردنی خۆی و ئەندامانی پەرلەمان هەستێت بە کارەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بەگوێرەی ڕێکارەکان کەلە مادەی چواردە و هەشت بڕگەکەی دا بە ئاشکرا ڕوون کراوەتەوە .
دەبوو ئەندامانی پەرلەمانی خولی چوارەم کە هەستان بە دانای پەیڕەوە نوێیەی پەرلەمان بەگشتی و نوێنەرانی هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە باش سیاسیەکانی خۆیان لە کەسی یەکەم و مەکتەب سیاسیەکانیان بناسیایە کە زۆر جار تەوافوقاتی سیاسی لەم هەرێمەدا بە میزاجی شەخسی و ناکۆکی سیاسیەکان ڕێگرە بەتایبەت پەرلەمان ناچارکراوە کە لەماوەی دە ڕۆژ دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ یەکەم دانیشتن ئەنجام بدەن ، لەلایەکی دیکەوە دەبوو ئەندامانی پەرلەمان خودی خۆیان و خولەکانی دوای خۆیان باش بناسیایە کە دەسەڵات لای ئەمان نیە کە بە حیساب نوێنەری میلەتن!؟ بەڵکو دەسەڵاتی حەقیقی لای سیاسیەکانە لە دانانی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی و هەرکات سیاسیەکان پیان ڕاگەیاندن کەدەنگ بەفڵان کەس لە فلان لیست بۆ سەرۆکی پەرلەمان بدەن و فڵان و فڵان کەسی دیکەش بۆ جێگری یەکەم و جێگری دووەم بدەن!؟