پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و بەشداریكردنی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی

  پێنج شەممە, 29 تشرینی دووەم 2018 08:18

هەرچەندە ماوەی دوومانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوە و پاش راگەیاندنی ئەنجامەكانیش پارتی دیموكرات 45كورسی وەك لایەنی براوەی هەڵبژاردنە بەدەست هێناو یەكێتیتش 21 كورسی وەك لایەنی دووەم بەدەستهێناوە و لایەنەكانی دیكەش هەریەكەو بە قەبارەی خۆی كورسی بەدەستهێناوەو سێ لایەنی رابرودی ئۆپۆزسیۆن و بەشداربووی كابینەی هەشتی حكومەتیش ژمارەی كورسیەكانیان كەمی كرد بەڵام تائێستاش هەنگاوەكان و ئاسۆكان بۆ پَیكهینانی حكومەت نادیارەو دەستیان پێ نەكردوە ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە لایەنی براوە لە هەڵبژاردنەكەدا زۆربێباكەو نایەوێت بەخێرایی حكومەت پێكبهێنت.

ئەوەی كە پارتی لەئێستادا دەیكات ئەوەیە دەبێت لایەنەكان بەهەموو مەرجەكانی خۆی رازی بن و ئەوانەی كەبەشداری كابینەی حكومەت دەكەن تادواهەناسە لەگەڵ پرۆژەی پارتیدابن و لەكابینەی حكومەتی داهاتوودا بمێننەوە و پێێكیان لەئۆپۆزسیۆن بون و پێكەی تریان لە حكومەتدا نەبێت و لەئەگەری ئەوەشدا پارتی وەك بەڵگەیەك بیداتەوە بەناو چاوی ئەولایەنانەدا.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر ئەوەیە پێكهینانی كابینەی نویێ‌ حكومەت بەبێی بەشداریەكی فعلی یەكێتی پێكناهێنرێت هەرچەندە ئەگەر كورسیەكانیشی لەوچاو پارتیدا كەمتربن ،ئەوەش بەحكومی ئەوە پێگەی جوگرافی و ئەو هەژمونە سیاسی و سەربازی و كارگێریەی یەكێتەوە كە بەسەر نیوەی هەرێمی كوردستاندا هەیەتی و كاریگەریشی لەسەر نیوەكەی دیكەی داناوە راستی ئەم بۆچونەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لەكابینەی رابردودا هەرچەندە پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران رێكەوت و بەچوار وەزارەتی هەستیار گۆرانی بەشداری پێكرد لە حكومەتدا بەڵام سەرئەنجام یەكێتی توانی بەویستی ئەو كابینەكە پێكبهێنرێت،ئەوەش بەهۆی ئەوەی یەكێتی بەشێكی زۆر لە كێڵگە نەوتیەكان و كێڵگەی غازی سروشتی و وێستەگاكانی بەرهەم هێنانی كارەبای لەژێر نفوزیدان.
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆبەشداری لایەنەكانی دیكە ئەوەیە ئایا بەم قەبارەو قورسایەیی ئێستای ئەم لایەنانە دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن بێ گومان نەخێر، چونكە ئەم لایەنانە لەرووی ژمارەی كورسیەوە لەپارتی و یەكێتی ژمارەی كورسیەكانیان كەمترەو لەهەمانكاتیشدا پێگەی كارگێریان لاوازە و هێزی سەربازیشیان نیە هەربۆیە هیچ پۆستێكی هەستیاریان پێ نادرێت.
هەرچەندە هەرزوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەهۆی ئەو ئەزمونەی كەلەكابینەی پێشتووتردا هەیبوو ئۆپۆزسیون بونی خۆی راگەیاند وخۆی یەكلایی كردوە كەبەشداری حكومەتی داهاتوو ناكات و نەوەی نوێش كە هێزێكی نوێیە ئەویش هەمان هەڵوێستی یەكگرتووی دەربڕی بەڵام تا ئێستاش هەریەكەلە كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆران خۆیان یەكلای نەكردوەتەوە و لەسەر پەتەكە ماونەتەوە،هۆكاری ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە رەنگە ئەم دووهێزە چاورێی گفتوگۆكانی پارتی بن بەڵام دەبێت ئەم دوو هێزە ئەوە بزانن كە بەو قەبارە كەمەوە ئەگەر وەزارەتیش وەرگرن و زۆردەستكراوەش بكرێن ئەوا هەروەك جاری پێشوویان پێ دەكرێت و رەنگە نەتوانن وەك پێویست پرۆژەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن ،چونكە تائێستاش پارتی لەسەردانی وەفدە حیزبیەكەشیدا جگەلەسەردانكردنی گۆران سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی نەكردوە هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە بەشێوەی نهێنی پارتی لەگەڵ كۆمەڵیشدا كۆبوەتەوە بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەم دوو هێزەنابێت دڵیان بەبەشداریكردنیان لە حكومەت خۆش بێت.
ئەوەش بەهۆی ئەوەی ، لە هەرئەگەرێكداپارتی بێ باكە لە پەراوێزخستنی ئەم دووهێزە چونكە ئەم دووهێزە بەحكومی لاوازی پێگەكەیان لەپەرلەمان و لە حكومەتدا ناتوانن رێگری دروست بكەن بۆ حكومەتەكەی پارتی و یەكێتی وئەجێندای خۆیان جێبەجێبكەن،بۆیە باشترین بژاردە لەم قۆناغەدا بۆئەودوو هێزە ئەوەیە كەلەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز پێكبهێنن و پرۆژەیەكی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەهەرێمی كوردستان ڕابگەنن و لەداهاتوشدا لەم رێگەیەوە زیاتر دەستكراوەتر دەبن و بەرەی شەقامیش بەهێزتر دەكەن.

ئیسماعیل سەعدی

لەدایك بووی خورماڵ 1976 لەسلێمانی دادەنیشێت لە ئێستادا مامۆستایە و لەساڵی 1996دا یەكەم نوسینی لە ڕۆژنامەی داهێنان بڵاو بوەتەوە وبۆ ماوەی دوو ساڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی یەكگرتوو بووە ماوەی دووساڵیش لە ڕۆژنامەی ئامانجی سەربە یەكێتی مامۆستایان كاری كردوە. بەرێوەبەری نوسینی گۆڤاری پەنجەرەیە و دووساڵ بەرنامەی پرسی گەنجی لە دەنگی یەكگرتوو رادیۆی سلێمانی پێشكەش كردوە ئەندامی كارای سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان
بەشداری دەیان خولی ڕۆژنانوسی كردوە و لەوبوارەدا چەندین بڕوانامەی بەدەست هێناوە. دەیان بابەت و نوسینی لەڕۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەرە كوردیەكاندا بڵاو بونەتەوە لەوانە ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ماڵپەری كوردیو ولە ساڵی 2009ەوە وەك پەیامنێرو هەواڵساز لە ماڵپەڕی كوردیو دەست بەكارەو لە ئێستاشدا بەردەوامە.