ده‌نگت بیستراوه‌ ، به‌ڵام !

  شەممە, 01 کانونی یەکەم 2018 06:17

هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا و له‌ژێر ناوی ( ده‌نگم ببیسته‌ ) له‌لایان ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و به‌چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵمه‌تێكـ ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و به‌ڕێوه‌ده‌چێ وبڕیاره‌ هه‌فته‌یه‌كی تر بخایه‌نێت ، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تووندووتیژی دژ به‌ئافره‌تانه‌ و كاروچالاكیه‌كانیان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رده‌وام ئه‌بێ ! ئه‌گه‌ر چی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌خودی خۆیدا هه‌نگاوێكی باشه‌ و ئه‌شێ به‌ئاراسته‌ی خزمه‌تكردن بێ ، وه‌لێ پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌چه‌ند ڕاستیه‌كـ بكرێ : 

1- ڕێكخراوه‌كانی ژنان له‌هه‌موو وردو درشتی پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ژنان ده‌ستێوه‌ردان ئه‌كه‌ن وئازایانه‌ گرفت وكێشه‌كان ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن و زیاد له‌ڕیگه‌ چاره‌و جێگره‌وه‌یه‌كـ بۆ هه‌ر گرفتێكـ ده‌خه‌نه‌ ڕوو ! كه‌چی هێشتا به‌لای زۆرینه‌ی ئه‌م ڕێكخراوانه‌ گوایه‌ نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی ژنان وخانمانی هه‌رێم ده‌كه‌ن خاڵ وبڕگه‌یه‌كـ له‌كارنامه‌و پلانی هیچ یه‌كـ له‌و ڕیكخراوه‌نه‌دا نه‌هاتووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر دیارده‌ی به‌ربڵاوی كچانی قه‌یره‌ وئافره‌تانی بێوه‌ژن وجیابووه‌وه‌ بكه‌ن ! له‌وێشه‌وه‌ كارئاسانی بۆ پروسه‌ی هاوسه‌رگیری ودووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئومێد بۆ هه‌ر كچ و ژنێكـ بگێڕنه‌وه‌ كه‌ئاماده نین چیتر درێژه‌ به‌ژیانی ‌ته‌نهایی وهه‌ستكردن به‌كه‌می ونائارامی ده‌روونی قبوڵ بكه‌ن ! پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ئایا ئه‌گه‌ر دیار‌ده‌ی ترسناكی كچانی قه‌یره‌ وبێوه‌ژنی بێ لانه‌ وسه‌رپه‌رشتیار و سه‌دان ئافره‌تی ده‌ركراوو جیابوه‌وه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرفته‌ نه‌بێ چیتر گرفته‌ !؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڕاست ئه‌م دیارده‌یه‌ بووه‌ته‌ گرفته‌ بۆچی وه‌كـ كێشه‌كانی تری ژنان ودیارده‌كانی تر تیشكی پێویستی ناخرێته‌ سه‌ر وبه‌رنامه‌ی گونجاوی بۆ دیاری ناكرێ ! یاخود ناچارین باوه‌ڕ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌ركی ڕێكخراوه‌كان ته‌نها كۆكردنه‌وه‌ی داتا وزه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ دیارده‌ وعورفه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا وبه‌كه‌ره‌سته‌ كردنی كێشه‌كانی ژنانه‌ !
:
2- هه‌موو ئه‌و كاره‌سات وناهه‌مه‌تیانه‌ی كه له‌مێژوودا ‌به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا هاتووه‌ وهێشتا درێژه‌ی هه‌یه‌ وبه‌رده‌وامه‌ ‌وه‌كـ مه‌علوومه‌ پشكی شێری به‌ر ژنان وكچانی به‌ش مه‌ینه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌وتووه‌ ، سه‌رچاوه‌كه‌ی سیاسه‌تی شكستخواردووی حزب حزبێنه‌و به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی سه‌رانی پارتی ویه‌كێتی بووه‌ ، كه‌چی هێشتا كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ كادری حزبی و سه‌ر به‌باره‌گا حزبیه‌كانی جووتی حزبی بنه‌ماڵه‌ن ! ئه‌پرسین ئه‌گه‌ر به‌رپرسان وده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم سته‌مكار وبه‌رپرسیاری نادادی وسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ هه‌مه ‌چه‌شنه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگای كوردین بۆچی ئه‌ندامان وسه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌م ڕێكخراوانه خۆیان له‌ئه‌ندامێتی پارتی ویه‌كێتی به‌دوور ناگرن ! یاخود ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕاستگۆو پیشه‌ییانه‌ كاروچالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ كێشه‌و گرفته‌كانی ژنان چاره‌سه‌ر بكه‌ن بۆچی هێشتا وابه‌سته‌ و دابه‌سته‌ی حزب وكه‌سایه‌تیه‌كانی ناو پارتی ویه‌كێتین !؟ بۆچی هه‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی ویه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ئاوێته‌ به‌داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری وبێ لایه‌ن وچاو له‌خواری ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌ركـ و چالاكیه‌كانیان ڕاپه‌ڕێنن !؟
:
3- به‌داخه‌وه‌ به‌شێكـ له‌و خانم و ژنه‌ دیار و ده‌ست ڕۆیشتووانه‌ی ناو ڕێكخراوه‌كان له‌ژیانی ئاسایی خۆیاندا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی چاو لێكراوی چوارده‌وری خۆیان بن ، چ له‌سه‌رده‌م وهه‌ڕڕه‌تی كه‌نجێتی وه‌كـ كچ و دواتریش وه‌كـ هاوسه‌ر ودایكـ ، ئه‌وان له‌ژیاندا نمونه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتووی نامۆ به‌خێزان و گه‌ڕه‌كـ و كۆمه‌ڵگا ناسراوون وده‌ناسرێنه‌وه‌ ! هه‌ر بۆیه‌ ناكرێ چاو له‌ كاردانه‌وه‌و نیازه‌ بوغزاویه‌كانی به‌شێكـ له‌و خانمانه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرین ، كه‌ ئه‌ندامبوون و ئاماده‌یی ئه‌وان له‌ناو ڕێكخراوه‌كاندا نه‌قۆزنه‌وه‌ وتۆڵه‌ی شكستی خۆیان له‌كۆمه‌ڵگا و ئه‌وانیتری هاوڕه‌گه‌زی خۆی نه‌ڕێژێت ! به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاین وداب ونه‌ریته‌ جوان وپه‌سه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری به‌لای ئه‌وانه‌وه له‌پشته‌وه‌ی شكستی ئه‌زموونی كه‌سێتی وژیانی تایبه‌تی بن ! ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بۆ وه‌ڵاتێكی وه‌كـ عێراق وكۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كـ كوردستان به‌دوور نیه‌ كه‌ بێ سانسۆر و پشكنین ده‌رگای كراوه‌یه‌ به‌ڕووی هه‌موو سنووره‌كان و ئه‌گه‌ری دزه‌ كردنی به‌رنامه‌ نامۆ وهاورده‌كانی لێ ئه‌كرێ به‌بێ جێاوازی !
:
4- به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی تر له‌و ڕێكخراوانه‌ و له‌ناو ڕێكخراوه‌كانیشدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ژنان وخانمان‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌پشتی په‌رده‌وه‌ به‌رنامه‌ وپلانه‌كانی له‌لایان پیاوانه‌وه‌ داده‌ڕێژرێت و باوكـ سالاریانه‌ به‌رنامه‌ ڕێژیان بۆ ده‌كه‌ن ، بۆخۆشیان وه‌كـ پیاو ده‌پۆشن و پیاوانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و نێرینه‌ ئاسانه‌ هاتوو هاوار ئه‌كه‌ن وتار ولێدوان و پێشنیاره‌كانی نێرینانه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو ! ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش له‌نه‌ستی هه‌ر یه‌كـ له‌واندا چه‌سپابێ كه‌ ئیدی جێاوازیه‌كـ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌نێوان ئه‌و وه‌كـ ژن و مێ و ئه‌ویتری نێر و پێاو ! هه‌ر بۆیه‌ به‌هه‌موو قه‌ناعه‌تیانه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ یه‌كسان كردن وهاوتاكردنی پیاوان و ژنان ئه‌ده‌ن ! به‌جۆرێكـ پێاو و ژن له‌یه‌كـ كاتدا هه‌م نێر و هه‌میش مێ بن !!