لە هەولێر یادی 73 ساڵەی کۆچی جولەکەکان کرایەوە،چەند پرسیارێک لەم یادەدا

  شەممە, 01 کانونی یەکەم 2018 07:26

ـ ئەرێ جولەکە لەسەرداوای ئیسرائیل و بۆ پێکهێنانی دەوڵەتەکەیان کۆچیان کرد،یان بەزۆرکۆچیان پێکرا؟
ـ ئەگەر جولەکە فەلەستین بە خاک و وڵاتی خۆیان دەزانن، ئیتر بۆ کۆچکردنیان ستەم بووە لێیان کراوە ؟ مەگەر بۆ ـ خاکی خۆیان ـ نەگەڕاونەتەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتەکەیان ؟
ـ تۆ بڵێی ئەوان هێشتا تەماعیان بەهەندێ شارو گەڕەکی کوردستان نەبێ ، وا پاش 73 ساڵ ئەم باسە لێرەدەکرێ؟
ئەی باشە خۆ جولەکە تەنها لێرەوە نەڕۆیشتن بۆ ئیسرائیل،بەڵکو لەزۆربەی وڵاتانی دونیاوەو لەناویاندا ئێران وئێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەسەر بانگهێشتی سەرکردەو دامەزرێنەرانی دەوڵەتە نوێکەیان کۆچیان کرد، کە لە 15 ی مایسی 1948 بەهاوکاری زلهێزانی پاش جەنگی جیهانی دوەم ، ڕایانگەیاند.
واتە ئەوان بۆ ئامانجێکی سیاسی ـ ستراتیجی ڕوویانکردە ئیسرائیل و لەوێش دواتر قەرەبووی هەموو زیانەکانیان بۆکرایەوەو بوون بەبەشێک لە دەسەڵات ودەوڵەتی جولەکە.
تەماشاکەن،پاش تێپەڕبوونی 73 ساڵ بەسەر جەنگی جیهانی دووەم و ڕوداوەکانی ناسراو بە هۆڵۆکۆست و حەفتاساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی جولەکەدا، کەتاکە دەوڵەتی دونیایە لەسەر بنەمای ئاین دامەزراوە، هەروەها لەپاش ئەو هەموو ستەم و کۆمەڵکوژی و قەسابخانانەی که ئیسرائیل لەدژی فەلەستینیەکان ئەنجامی دا،هێشتا ئەوان بە مەزلوم و لانەوازو دەربەدەرو کۆچ پێکراو ، دەناسرێن و باس دەکرێن!
کەچی گەلی کورد لەسەردەستی زلهێزەکان خاکەکەی پارچە پارچە کراو تاوان و مەرگەسات نەما لەسەردەستی ڕژێمە نەتەوە پەرست و دکتاتۆرو سیکیولاریزمەکانی ناوچەکە ،لەسەر خاکی خۆی بەرامبەری نەکرێ، کەچی هێشتا بێ قەوارەو بێ دەوڵەت و بێ ئاڵاو بێ دۆست و بێ پشتیوانی ڕاستەقینەیەو نەمانبینی و نەمانزانی هیچ دەوڵەت و ناوەندو هێزێکی جیهانی، یادی مەرگەساتەکانی کوردو وێرانکاریەکانی کوردستان بکاتەوە، لەناویاندا ئیسرائیل ـ کە دوژمن ونەیاری هەموو ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانە ـ کەچی ئێمەی بێ خانەو لانە ، ئەمڕۆ فرمێسک بۆ کۆچکردنی هاووڵاتیانی دڕێژین و پێمان وایە ئەوان شایانی سۆزو بەزەیین.

حامد محەمەد عەلی

حامد محمدعلی لەدایكبووی 1960 خانەقین دەرچووی زانكۆی بەغدا ـ كۆلیژی ئەدەبیات ـ بەشی ڕاگەیاندن.. ماستەر لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی لە زانكۆی سانت كلیمێنتس ـ ئۆنلاین ..ئەنامی دەستەی دامەزرێنەرو سكرتێری پێشووی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان . لەساڵی 1985 وە لە بەغدا دەستی بەنووسین و بڵوكردنەوە كردووە بە عەرەبی و كوردی.. سەرنوسەری ڕۆژنامەی یەكگرتوو لە 1999ـ 2005 . بەشدارێكی كارا بووە لەداڕشتنی پڕۆژە یاساكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان .. بەشداریی لەدوو كۆنگرەی ڕاگەیاندنی ئێراقی كردووە لە بەغدا 2005 و لە پاریس 2007 .هەروەها بەشداری لە دووكۆنگرەی فیدراسێونی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان كردووە لە ڕوسیاو لە ئەسپانیا لە 2007 و 2010..چەند نامیلكەیەكی چاپكراوی هەیە لەبواری جیا جیا ..