هاوڵاتیبوون و نەوتی زستان

لە هەرێمە خێر لەخۆ نەدیوە، هیچ کەس مافی هاوڵاتی بوونی پێ نەبەخشراوە، جگە لە تاقمێک نەبێت. هەموو مافەکانی هاوڵاتی بوون و ئازادیەکان بۆ کەمینەیەک، نەوتی زستانیش بە ٥۲ هەزار بۆ هاوڵاتی. گەنجێک کە دێتە تەمەنی پێگەیشتنەوە خاوەنی هیچ نیە لەم هەرێمە. نەپارچە زەویەک بۆ نیشتەجێ بوون، نە بیمەیەک، نەیاسایەک کە وەک یەک بێت بۆ هەمووان، نە پاڵپشتێک و نە بەرمیلێک نەوت بۆ داگیرساندنی سۆپای زستان، نەکارەبایەک بۆ گەرمای هاوین. پارەی دوو کارەبا دەبێ بدات. پارەی ژینگە دەبێ بدات، بۆچی؟ نازانێت. پارەی ڕێگاو بان دەبێ بدات کەچی هەموو سێ مانگ جارێکیش دەبێ ڕۆت و ڤۆڵتەکان و دەبڵی سەیارەکانی نوێ بکاتەوە. گەورەترین کێشە پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی وەزارەتەکانە نەک پڕۆژەو و خزمەتکردنی هاوڵاتی. خەڵک وا ڕاهێنراوە کە ڕازی بێت بە هەموو شتێک نەوەکو خراپتر ڕوو بدات، ترسیان لەوە هەیە نەبادا لە خراپتر نەبێت. لە عەقڵی نوستووی ئەم خەڵکە وا نوسراوە کە ئەگەر ئەوان نەبن خراپتر دەبێت، ناتوانی بژی، فەصل دەکرێی، نانت دەبڕێ، تەعین نابی....هتد
بۆ هاوڵاتیەکی ئەم نیشتیمانە جیاوازی کوردستان و پاکستان چیە؟ خاوەنی هیچ نەبم تەنانەت ئازادیشم پێ ڕەوا نەبینرێ، تەنها لەبڕی کارەکەم مووچەیەکی نیوە دزراوم پێ بدرێت، بەرهەمە سروشتیەکانی خاکەکەم لە نەوت و ژینگە و ڕێگاوبانم پێ بفرۆشنەوە، هەندێک تێ مردوو و هەندێکیش بۆ مردوو بن و مافە سەرەتاییەکانی ژیانیش بۆ هاوڵاتی ڕێک نەخراون، کەواتە یەکێ پێمان بڵێت جیاوازی کوردستان و پاکستان بۆ کورد زمانێک چیە؟ بچیتە پاکستانیش بە پارە نەوت هەیەو کارەبا هەیەو دەرمان هەیەو ئاو هەیەو یاساش باشترەو کاریش بکەی مووچەیەکی بێ پاشەکەوتت دەدەنێ.
لەهموو ئەوە خۆشتر ئەوەیە هەرکات ویستیان نیشتیمان پەروەری و کوردپەروەریت پێ دەفرۆشنەوە....نەبەخوا تەنها بازرگان و دۆستی نەوت و کاریزمای تیجارەتن.