تاكگه‌رايی ودووره‌په‌رێزی ، وه‌كـ ده‌یارده ‌وحه‌زێكی زاڵبووی سه‌رده‌م !

  دوو شەممە, 17 کانونی یەکەم 2018 14:16

مرۆڤه‌كان به‌هۆی پێكهاته‌ عه‌قڵی وجه‌سته‌یه‌كانیه‌وه‌ هه‌نوز سه‌روه‌ر وسه‌رده‌رچووی نێو گیانله‌به‌ره‌كانی تره‌ وتوانایه‌كی تری به‌هێز وجه‌م و وردتری هه‌یه‌و ئاسانتر له‌وانیتر به‌سه‌ر زۆرێكـ له‌كێشه‌ وگرفته‌كانیدا زاڵه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ جگه‌ له‌كۆنترۆڵكردنی خودویستیانه‌ی ئه‌ركـ وچالاكییه‌كانی ڕۆژانه‌ی خۆی ، ته‌نانه‌ت گیانله‌به‌ر وبوونه‌كانیتری ڕامهێناوه‌و ژیرانه‌ له‌چوارچێوه‌ی درێژه‌دان به‌مانه‌وه‌ وخزمه‌ت وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌كاریان بێنێ وله‌بازنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاریی وسه‌ره‌وكاریدا بمێنێته‌وه‌‌ ، ڕه‌نگه‌ به‌هۆی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی وجێاكاریه‌وه‌ بێ كه‌جۆرێكـ له‌متمانه‌ وپشت ئه‌ستوور به‌خود وئه‌ندازه‌یه‌كیش بێ منه‌ت وهه‌میش بێ نیاز به‌وانیتر ده‌ركه‌وێ ، به‌مجۆره‌ مرۆڤه‌كان سه‌روه‌ر وسه‌ردار وئه‌وانیتر ده‌ست له‌سه‌رسنگـ وسه‌رله‌خواری فه‌رمانه‌كانی بن ! هه‌موو ئه‌مانه‌ پێكه‌وه‌ پاڵنه‌ری خه‌ون وگه‌یشتنه‌ به‌هه‌وڵه‌ شه‌رعی وناشه‌رعیه‌كانی كه‌ ئه‌مه‌ش باسێكی تره‌ !

سه‌رباری ئه‌م واقیع وحه‌قیقه‌ته‌ی بوون وسروشتی خوڵقێنراوی مرۆڤ ، وه‌لێ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانیش هاوشێوه‌ی بوونه‌وه‌ر وگیانله‌به‌ره‌كانی تر له‌ڕووی ته‌مه‌ن وتوانای زانیاری وهێز وده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر چوارده‌وردا سنوورداره‌ ، ئه‌شێ له‌قۆناغێكی ته‌مه‌ن وئاووهه‌وای جوگرافی وژینگه‌ جێاوازه‌كانی تری بار وڕه‌هه‌نده‌‌كانی تری ژیان له‌نێوان بێ هێز وكه‌م توانایی وله‌دۆخێكی تر به‌ده‌سه‌ڵات و زاڵ ببینرێته‌وه‌ ! واته‌ ته‌مه‌ن ئه‌وه‌نده‌ درێژنابێته‌وه‌ وده‌رفه‌ت نادا هه‌تا مرۆڤه‌كان به‌ته‌واوی ئامانجه‌كانی بگه‌یه‌نێ ، هه‌روه‌كـ له‌به‌رانبه‌ر زۆرێكـ له‌دیارده‌ وگۆڕانكاریه‌كانی ژیان وژینگه‌ ، بێ هێز وده‌سته‌وسانه‌ وهه‌میشه‌ پێویستی به‌كه‌س وكه‌ره‌سته‌ وزیاتر له‌هۆكارێكـ هه‌یه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ ومه‌ترسیه‌كانی به‌رده‌م مانه‌وه‌ی ، دیسان ئاستی زانیاری وتێگه‌یشتن وتوانای لێكدانه‌وه‌ وخوێندنه‌وه‌ی بۆ ڕووداوه‌كانی ڕابووردوو به‌راوردكردنی به‌ئێستاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ پێشبینی وپێشهاته‌كانی داهاتوو كۆڵه‌واره‌ وڕه‌نگه‌ ته‌ته‌ڵه‌ وشیكردنه‌وه‌كانی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ بێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌و له‌به‌رچاونه‌گیراوه‌ وپه‌نهان وشاراوه‌ بووه‌ !
لێره‌وه‌ جارێكی تر مرۆڤه‌كانی به‌ناچاری وتۆپزی هێناوه‌ته‌وه‌ ناو ژینگه‌یه‌كی ئاتاج به‌كاری ‌ده‌سته‌ جه‌معی وهاوكاری وهه‌ره‌وه‌زی وپه‌نا بردن بۆ یه‌كتر وكۆكردنه‌وه‌ وكۆبوونه‌وه‌ له‌چوارده‌وره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ودواتریش گرێدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕایه‌ڵه‌ وتۆڕه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی كه‌گه‌ره‌نتی به‌بوون ودرێژه‌دان به‌مانه‌وه‌ ئه‌دا ! له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌و پێناس و نووسینه‌وه‌یه‌ كه‌ ئین خه‌لدون - مرۆڤه‌كانی به‌بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناساندوه‌ - !
هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌تاكی موسڵمان وخاوه‌ن باوه‌ڕ به‌ ڕێنمایی وئاراسته‌ وفه‌رمانه‌ به‌پێزه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، هه‌میشه‌ مرۆڤی موسڵمانی له‌نێو چه‌قی ڕووداوه‌كان و نزیكـ به‌ئامێزی كۆمه‌ڵگا وته‌ریب به‌حه‌زی چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه‌كانی هاوڕێ وهاونشینگه‌كه‌ی هێشتۆته‌وه‌ و بۆ ساتێكیش لێنه‌گه‌ڕاوه‌ تاكـ وته‌را وپه‌ڕگیر بێ ، به‌ڵكو تاكی موسڵمانی له‌سه‌ر‌بناغه‌ی هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی وپه‌یوه‌ستبوون به‌كۆمه‌ڵگا وخه‌م وئازاره‌كانی گشتی به‌ستۆته‌وه‌ ودژی خودویستی وخۆژیان وته‌نها هه‌ر خۆم بووه‌ ! بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یان ئایات وفه‌رمایشتی ئیلاهی و ڕێنماییه‌ جوانه‌كانی پێغه‌مبه‌ری نازدارمان ( صل الله علیه وسلم ) شاهیدی حاڵن ، له‌وێشه‌وه‌ بڕوانه بۆ مێژووی هاتنی ئیسلام ودابه‌زینی قورئانی پیرۆز وژیان وڕووداوه‌كانی موسڵمانان ‌وه‌كـ ته‌رجه‌مه‌یه‌كی ده‌قاده‌قی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ‌بیدۆزه‌وه‌ .
له‌وه‌ش گرنگتر په‌رستشه‌كانی ئه‌م ئاینه‌ به‌جۆرێكـ ڕێكخراوه‌‌ وكراوه‌ته‌ ئه‌ركێكی ڕاسپێراو كه‌مرۆڤی به‌ته‌واوی وه‌كـ بوونه‌وه‌ر وگیانله‌به‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وخۆشه‌ویستنی كۆمه‌ڵگا داڕێژێته‌وه‌ ! ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج وكۆبوونه‌وه‌ی هه‌زاره‌های جێاواز له‌ده‌نگـ وڕه‌نگـ وزمان وپێست ، كه‌ته‌نها شوناس وناسنامه‌ی هه‌مووان موسڵمانبوون و جێبه‌جێكاری ‌ڕێنمایی وئه‌ركه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌ ، دیسان به‌ڕۆژووبوونی به‌كۆمه‌ڵ و دروستكردنی یه‌كـ هه‌ستی یه‌كگرتوو له‌برسێتی وكۆرس ئاسای خۆگرتنه‌وه‌ له‌خواردن وخواردنه‌وه‌ ، هه‌روه‌كـ به‌خشینی بڕه‌ پاره‌یه‌كـ له‌گیرفان وبه‌ری ڕه‌نج وماندوووبونی خۆی به‌برا وخوشكانی وه‌كـ زه‌كات ویارمه‌تی ، تاده‌گاته‌وه‌ نوێژه‌ فه‌رزه‌كانی مزگه‌وت ونوێژی هه‌ینی ئه‌و یادو بۆنانه‌ی تریش كه‌هه‌میشه‌ گیانی پێكه‌وه‌بوون وئاگایی له‌یه‌كتری پته‌وتر ده‌كات ، كه‌دواجار له‌شێوه‌ی گشتاندنی بانگهێشتنامه‌یه‌كی گشتیه‌ وئامانج به‌واجیبكردنی خڕبووون وبه‌یه‌كچاچوونه‌ ودژی په‌رتبوون ودوورگیریه‌ له‌یه‌كتر !
به‌داخه‌وه‌ له‌مڕۆدا سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ڕیزكران وخرایه‌ ڕوو ، ‌مرۆڤه‌كان وه‌كـ مرۆڤ وله‌نێو گرۆهی مرۆڤایه‌تیشدا موسڵمانان وه‌كـ تاكـ وكۆمه‌ڵگایه‌كی هه‌ڵاوێرده‌ وجێاواز له‌وانیتر ، كه‌چی ئه‌و ده‌ردو درمه‌ی كه‌ له‌وه‌ڵاتانی ئه‌وروپا وئه‌مریكا سه‌ریهه‌ڵدا ئێستا بووه‌ته‌ دیارده‌ وخوویه‌كی ترسناكـ وبه‌ربڵاوی وه‌ڵاتانی ئیسلامیی وهه‌تا دێت ته‌شنه‌ ده‌كات !
وه‌كـ ده‌بینرێت هامۆش وبه‌سه‌ركردنه‌وه‌ی نێوان دۆستان وخزمان به‌ته‌واوی ڕووی له‌كزی وكه‌مبوونه‌وه‌كردوه‌ وله‌هه‌ندێ شوێن وله‌نێو هه‌ندێ له‌شارو گه‌ڕه‌كه ‌گه‌وره‌كانیشدا سه‌ردان ویه‌كتربینین خه‌ریكه‌ باوی نامێنێ ، خۆ ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ له‌نێوان ماڵه‌ درواسێی گه‌ڕه‌كـ وته‌نیشت به‌دیواری حه‌وشه‌ ته‌نها له‌بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا نه‌بێ ، هیچ كه‌س كار وئه‌ركی به‌سه‌ر ئه‌ویتره‌وه‌ نه‌ماوه‌ !
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م په‌تایه‌ ته‌نانه‌ت له‌نێوان ئه‌ندامانی یه‌كـ خێزاندا كنه‌ی كردوه‌و ئه‌وترێ وگوێبیستی ئه‌بین كه‌ هه‌ر كه‌سه‌و بۆ خۆی یان له‌ژوورێكی تایبه‌ت یاخود له‌گۆشه‌ی ژوورێكدا ڕاكشاوه‌ وئه‌وه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه‌ وئه‌بینرێ ته‌نها جه‌سته‌یه‌ وئه‌ویتری وهه‌رچی هه‌ست و نه‌سته‌ له‌شوێن وشه‌قام وشیوێكی تری دووره‌ ده‌ست ونامۆ به‌ ئێره‌ی نزیكه‌كانی پێاسه‌ی خه‌ونه‌كانی ئه‌كا ! به‌جۆرێكـ به‌خۆیانه‌وه‌ قاڵن وڕۆچووی خه‌مه‌ كه‌سیه‌كانی خۆیانن ، كه‌مترین دیالۆگـ ویه‌كتردواندنی خێزانی هه‌یه وماوه‌‌ ، هه‌ندێ جار به‌چه‌ندین سه‌عات وزیاتر له‌شه‌وو ڕۆژێكـ ده‌گوزه‌رێ بێ ئه‌وه‌ی تاوتوێی پرس وڕاگۆڕینه‌وه‌ی خه‌مێكی خێزانی بكرێت ، یاخود به‌سه‌رهات وچیرۆكه‌كانی ڕۆژ بۆ یه‌كتری بگێڕنه‌وه‌‌‌ !
خه‌مناكی ومه‌ترسیه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نیه‌ به‌چین وتوێژی گه‌نجان ولاوان ، به‌ڵكو سه‌راپای ته‌مه‌نه‌ جێاوازه‌كانی ته‌نیوه‌ وله‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی ودرێژبوونه‌وه‌ی بۆ چه‌ند ساڵی داهاتوو ، جیلێكـ دێته‌ به‌رهه‌م ئێستای دابڕاوه‌ له‌ڕابووردووی ئێره‌و جێماوو چاو له‌شوێنی ئه‌ویتره‌ ‌بێ ئه‌وه‌ی پێی بگا یان لێی بگا !! بێ گومان هیچ شتێكـ بێ پێشینه‌و هۆكار نیه‌ ونابێته‌ دیارده‌و خۆی به‌سه‌ر تاكـ وكۆمه‌ڵگادا ناسه‌پێنێ و ناتوانێ به‌وئاسانیه‌ دڵی هه‌موان داگیر وكاول بكات !! گه‌ر ته‌مه‌ن یاوه‌ربوو له‌وتارێكی تر به‌وردتر تیشكـ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر هۆكار وبه‌ره‌نجامه‌كانی !