ئه‌وه‌ى عادل عبدالمهدي ئاشكراى كرد

  سێ شەممە, 18 کانونی یەکەم 2018 15:38

 

عادل عبدالمهدي سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، به‌و چوار پێشنياره‌ى داويه‌تى به‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، هه‌موو ئه‌و لاف و گه‌زافانه‌ى لايه‌نه‌كانى به‌درۆ خسته‌وه‌، كه‌ ده‌ياندا سه‌باره‌ به‌ سه‌رپشككردنى له‌ پێكهێنانى كابينه‌كه‌يدا، هه‌موو ئه‌و تراويكانه‌ى ئاشكراكرد، كه‌ به‌ ناڕه‌وا ده‌ياندايه‌ پاڵ عبدالمهدى دياريكردنى كانديدى وه‌زاره‌ته‌كانى كابينه‌كه‌ى، ئه‌وه‌شى بۆ راى گشتى و خودى په‌رله‌مان ئاشكرا كرد، ناوبراو بچوكترين ده‌سه‌ڵات و كه‌مترين ده‌ستكراوه‌ييى نه‌دراوه‌تێ بۆ دياريكردن وه‌زيره‌كان و راپه‌ڕاندنى كاره‌كانى.
ئه‌و پێشنيارانه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران خستويه‌تييه‌ به‌رده‌م سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، پيمان يه‌ژێت، نه‌په‌رله‌مان سه‌ركه‌وتوو بووه‌، له‌ كارى ره‌زامه‌نديدان و نه‌ لايه‌نه‌كانيش راستگۆبوون له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌كانيان به‌سه‌رۆك وه‌زيران، هه‌روه‌ك ناوه‌ڕكى پێشنياره‌كانيش ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ دوو فراكسيۆنى گه‌وره‌ى ناوپه‌رله‌مان قسه‌ى يه‌كلايى كه‌ره‌وه‌ و بڕيارى كۆتاييان لايه‌، نه‌ك خودى سه‌رۆكى حكومه‌ت و راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى حكومه‌ت.
ئه‌و پێشنيارانه‌ى عاد عبدالمهدى له‌ كاتێكدايه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ى كه‌ هێشتا له‌سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نيدايه‌تى، چاوه‌ڕاوانى سه‌ركه‌وتن و خزمه‌تى گه‌وره‌ى لێناكرێت، هه‌ر بۆيه‌ش خودى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى، له‌ پێشنياره‌كانيدا بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌گه‌ر شكست هێنانى كابينه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆى خۆى هه‌لده‌گريت و به‌رپرسيارێتييه‌كه‌ى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى لايه‌نه‌كانى ناو په‌رله‌مان.
ئه‌وه‌ى په‌يوه‌سته‌ به‌ پشكى كورد و كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران به‌لاى باسكردنيدا نه‌ڕۆيشتووه‌، ئه‌ويش ده‌كرێت ئه‌و خوێننه‌وه‌ى بۆ بكرێت، كه‌ به‌لاى سه‌رۆك وه‌زيرانه‌وه‌ كورد ئه‌و قورساييه‌ى نه‌بێت، كه‌ بتوانن، ئاراسته‌ى كارى سياسى و هه‌نگاوى حكومه‌ت بگۆڕن، يان له‌ ئه‌نجامى په‌رته‌وازه‌يى و رێكنه‌كه‌وتنى لايه‌نه‌ كوردييه‌كان، ئه‌وه‌ى به‌ ده‌رفه‌ت وه‌رگرتبێت و يه‌كێك رازى بكات و ئه‌ويتريش ده‌ستوه‌ده‌ر بكات، به‌و پێيه‌ش كورد نه‌توانن هيچ به‌ربه‌ستێك بۆ كاره‌كانى دروست نه‌كه‌ن.
پێشنياره‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌و راستييانه‌ى تۆختر كرده‌وه‌، كه‌ كاروباره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ جه‌موجۆر ده‌كرێت و رێكده‌خرێن، نه‌ك له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان و كابينه‌ى حكومه‌تدا.
هه‌رچه‌نده‌ شاراوه‌ش نييه‌، له‌ له‌سێبه‌رى نووسراوه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هديدا، ده‌توانرێت ئه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى كاريانه‌وه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌نگه‌رگرتن له‌ يه‌كتر، ئه‌وه‌ش پێمان ئه‌ڵێت، ره‌نگه‌ كارى كابينه‌ى حكومه‌ت و تاك تاكى وه‌زاره‌ته‌كان، قورستر و خاوتر بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك له‌م سه‌ره‌تا و ده‌سپێكى كاره‌وه‌ به‌وجۆره‌ پێشوازى لێبكرێت، ئه‌وا په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران له‌ژێر ناوى چاودێرى كردنى كارى حكومه‌تدا ده‌توانن ببنه‌ مڵۆزم و مۆته‌كه‌ى سه‌ردڵ و چقڵى رێگه‌ى حكومه‌ت.
ئه‌گه‌ر به‌گشتيش سه‌رێكى كۆى پرسه‌ى پێكهێنان و پێشوازيكردن له‌ كانديدانى كابينه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و ده‌نگدان و متمانه‌دان به‌و كابينه‌يه‌ بكه‌ين، كه‌ نه‌ك به‌ قورسى و له‌ دايكبوونێكى ناڕه‌حه‌ت و دژوار بوو، هاوكات رۆژانه‌ وه‌زيره‌كانى كابينه‌كه‌ى ده‌درێنه‌ به‌ر هێرشى تۆمه‌تى جۆراوجۆر، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى حكومه‌ته‌وه‌، هه‌ر لايه‌نه‌ و هه‌وڵى ئه‌وه‌يان ده‌دا، سه‌رۆكى حكومه‌ت بخاته‌ژێر فشاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زيرى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى لايه‌نه‌كه‌ى ترى له‌سه‌ر كارلابدات، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، عادل عه‌بدولمه‌هدى كه‌ خۆيان ناويان لێده‌نا كانديدى (تسوية) وانه‌ بوو، به‌ڵكو خه‌ريكه‌ ببێته‌ كانديدى قوڵكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌كان، لێكترازانى نه‌ك ته‌نها ماڵى عێراق به‌ گشتى، به‌ڵكو خه‌ريكه‌ ماڵى شيعه‌ -سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌ ره‌زامه‌ندى هه‌موولا دانراوه‌- له‌به‌ر يه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.