شــایـســتـەیـی بـە کــردارە وشەی (سلام والسلام) بەنموونە

کاتێک بەدروستی ئاوڕ لە زەریای بەرینی قورئانی موبارەک دەدەینەوەو دەچینە قوڵایی ڕەگ و ریِشکی وشە کانی، ئەوسا تێدەگەین ئەو خوایەی ناوی خۆی ناوە (الرحمن) بەڕاستی تەنھا شایستە بەوە خوایەتی . وە بەندە ڕاستگۆکانی پێویستە لەسەریان بەڕێژەیەکی پەسەند ئەو خەسڵەتە جوانە تیایاندا ڕەنگ بداتەوە . جا چەندە ئاستەکەی بەرز تربێت ئەوەندە نزیکن لەبەر نامەی خواوە .

بۆ دروست تێگەیشتن لە خواستی ئاماژە پێکراو، گرنگە بەدیقەتەوە سەرنج لەم زاراوە ئاسوودە بەخشە بدەین و چێژی پێویستی لێ وەربگرین . وشەی(السلام) ناسراوە (المعرفة)و ئاماژەیە بۆ شتێکی دیاری کراوو ڕێژەیی.
بەڵام ھەرچی وشەی (سلام)ـە بەبێ الف والام (الـ) نەناسراوە(النکرة)و ماناو واتاکەی گشتیەو ھەرشتێک پەیوەستبێ پێوەی بە ڕەھایی دەیگرێتەوە.
جا لەبەر ئەوەی وشەی (سلام) گشتیەو فراوانە دەبینین خوای مھرەبان ھەمیشە لە قورئاندا بە نەناسراوی و دیاری نەکراوی (سلام) بەکاری ھێناوە: (قُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ وَسَلَامٌ عَلَى عِبَادِهِ الَّذِينَ اصْطَفَى)، (سَلَامٌ عَلَى نُوحٍ فِي الْعَالَمِينَ)، (سَلَامٌ عَلَى إبراهيم )، (سَلَامٌ عَلَى مُوسَى وَهَارُونَ) (سَلَامٌ هِيَ حَتَّى مَطْلَعِ الْفَجْرِ).
وە لە بۆ ژیانی ھەمیشەیی بەھەشت ئەم دەستەواژە جوان و ناسک و سوکنا بەخشە ئاڕاستەی بەندەکانی دەکات:(سَلَامٌ قَوْلًا مِن رَّبٍّ رَّحِيمٍ)، ھەروەک فریشتەکانیش ڕادەسپێرێ تاوەکو بۆ وەختی پێشوازی بڵێن:(سَلَامٌ عَلَيْكُمْ طِبْتُمْ فَادْخُلُوهَا خَالِدِينَ).
بەکار ھێنانی ئەم دەستەواژەی (سلام)ـە بەم سیغەی دیاری نەکراوی و نەناسراوی و فراوانیە (النکرة) بۆ ئەوەیە تاوەکو ھیچ شتێک بزر نەبێ و ئەوەی پەیوەندی بەڕێزگرتن و ئاشتی و سوکنایی و ئاسوودەیی و بەختەوەری و بەدیھێنانی خواست و ژیانی پڕ لە نازو نازداری و نیعمەتی ھەمیشەییەوە ھەیە بەوانی ببەخشێت .
بۆ مانای فراوان و بەرینی ئەم وشەی (سلام)ـە کاتێک بەبێ (الف و اللام) بێت لە قاموسی (معاجم اللغة)دا گەڕام ، بینیم (١٨٠) وشە دانراون وەک ھاومانا بۆی. ئا لێرەوە ئەرکەو دەبێت قوڵتر تێبگەین لە مھرەبانی خوای متعال و مەزنی پەیامە پڕ لە ڕەحمەتەکەی و ئاستی ڕەنگدانەوەی خواستەکانی تیاماندا.. بەڕاستی لە گەورەیی و زانایی و بەخشندەیت سەرسامین ئەی خوای پەردگار.

عوسمان حمەکریم زەڵمی
١٩/ ١٢ / ٢٠١٨