قسەیەكی یاسایی لەسەر ( كوین)نەكان- بازرگانی ئەلیكترۆنی

چەند ساڵێكە جۆرە بازرگانی و مامەڵەیەكی ناڕوون لەنێو هاوڵاتیانی هەرێم بڵاوبۆتەوە وەكو بەشێك لە دەرهاوێشتەكانی جیهانگەرایی و كرانەوەی ئابووری و بێ ئاگایی و كەمتەرخەمی حكومەت لەئاست دەرهاوێشتەو ئاسەوارەكانی, ئەویش بازرگانی كۆمپانیاكانی (وەنكوین و بتكوین) هیتریش, بەپێی بەدواداچوونی بەندە بۆ ئەم بازرگانییە تێگەیشتم كە كاری سەرەكی ئەم مامەڵەیە ئەوەیە - دوای ئەوەی كەسێك چووە ئەم جیهانە ئیفتیرازییە و بەشداربوو لە بازرگانییەكە و پارەیداو یان شتێكی كڕی ئەوە دەبێت هەوڵبدات كەسی تر بخاتە ئەم كارە و بەشداریان پێبكات لەم كۆمپانیایەدا, ئینجا دەتوانێت سوود وەربگرێت و پارە قازانج بكات و هەركاتێك توانی خەڵكی زۆر بەشداری پێبكات قازانجی زۆر تر دەكات , بەپێچەوانەشەوە ئەگەر نەیتوانی بەدوای خۆی بەشداربووی تازە بهێنێ یان كەمی هێنا ئەوە قازانج ناكات یان قازانجی كەم دەكات. 

لێرەدا و لەرووی یاساییبوونی ئەم جۆرە كار و بازرگانی و گرێبەستە چەند تێبینییەك دەخەینەروو تا خوێنەری بابەت تێبگات بە یاسا بەركارەكانی عێراقی ناتوانرێت پارێزگاری لە مافی بەشداربوو بكرێت
1- ئەم كۆمپانیایانە خاوەنی لە كوردستان دیار نییە و نەناسراوە و مۆلەتی فەرمی كاركردنیان نییە لە وەزارەتی بازرگانی, چونكە هەر كۆمپانیایەك كە دادەمەزرێ یان دێتە هەرێم بۆ كاركردن دەبێت مۆڵەتداربێ و خاوەن و پشكدار و رێژەی پشك و سەرمایە و بواری كار و نوێنەری یاسایی شوێنی كاری روون بێت تا لە كاتی بوونی كێشە بتوانرێت رەفتاری یاسایی بەرامبەر بكرێت و دادگاكان بتوانن بانگهێشتیان بكەن
2- هەر رەفتارێكی یاسایی دەبێت فۆرمێكی یاسایی تایبەت وەربگرێت تاكو لە دواجاردا یاسا بتوانێ بەرگری لێبكات و سەلماندنی ئاسان بێ, بۆ نموونە تابۆ سەلمینەری خاوەنداریەتی زەوی و خانووە, ساڵیانەی ئۆتۆمبێل سەرلمێنەری خاوەنداریەتی سەیارەكەیە, گرێبەست سەلمێنەری رەفتارە یاساییەكەیە پسوولەی واژووكراو سەلمێنەری دان و وەرگرتنی پارەیە, بەڵام لەم كۆمپانیایانەدا نەگریًبەست هەیە نەپسوولەی وەرگرتنی پارە تاكو بتوانین بیسەلمێنین كە پارە دراوە و دراوە بەكام كەس و لایەن؟
3- بەپێ بنەمای یاسایی شارستانی پایەكانی گرێبەست بریتین لە (التراچی و المحل والسبب و الشكلیە) واتا رەزایی لایەنەكانی گرێبەست بەدروستی بەبێ نەنگی ئیرادە و غوبن و مەحەللی گرێبەست و هۆكاری گرێبەست و شكل و شێوەش لە هەندێك گرێبەستدا, بەڵام ئەوەی كە تێبینی دەكرێت لە كاری ئەم كۆمپانیایانەدا دوو خاڵی لاوازی سەرەكین. یەكەم لە كڕین و فرۆشتندا غوبنی فاحش هەیە و نرخەكانی كڕینی شتەكان زۆر لە هی بازار گرانترە, بۆ نموونە كاتژمێریكی دەستی بە دوو هەزار دۆلار دەفرۆشرێت, بەڵام هەمان كاتژمێر ببە بازار دوو سەد دۆلار ناكات, دووەم مەحەللی گرێبەست دیار نییە نازانرێت جۆری بازرگانی ئەم كۆمپانیایە چییە؟ بۆ نموونە كۆمپانیایەك بازرگانی كڕین و فرۆشتنی دانەوێڵە دەكەن دەزانێ سەد تەن گەنمیان كڕیوە بە سەد دۆلار و دوای ماوەیەك تەنی گەنمیان فرۆشتوە بە دووسەد دۆلار و دوای خەرجی باركردن و كرێی كۆگا و باج و خەراج لەهەر تەنێك پەنجا دۆلار قازانجیان كردووە. بەلام لەم كۆمپانیایانە بەشداربوو نازانێت لە كۆی گشتی چی دەكرێت و چی دەفرۆشرێت و ئەم چی و چەندی قازانج كردووە . بگرە هەموو قازانجەكەی ئەو پەیوەستە بەو بەشداربووانەی كە دوای خۆی دەیانباتە ناوە كۆمپانیا واتا زۆر بەكورتی و كوردی بڕێك پارەی ئەو بەشداربووانەیە كە رازیان دەكات لەدوای ئەوە و لە ڵاینی خۆی دەچنە كۆمپانیاكە بۆ خۆی دەبات و هیچیتر .
4- ئەم جۆرە مامەڵەیە پێچەوەنەی یاسایە و زۆربەی كات كەسی زیانلێكەوتوو ناتوانێت بەئاسانی مافەكەی خۆی بسەلمێنێت لە دادگا تاكو یاسا بتوانێ بۆ بگیڕیتەوە
5- ئەگەر بەیاسای سزا سكالا تۆماربكات و بەپێی ماددە (456) لێكۆڵینەوەی بۆ بكرێت كەسی تۆمەتبار زۆربەی كات نادریارە و دەرەنجام پەڕاوەكە دادەخرێت لەبەر نادیاری تۆمەتبار بەپێی ماددە (130/ج اصول) لەم رووەوە دەیان نموونەم لەبەر دەستە
6- ئەگەر بەیاسای شارستانی و لەدادگای مەدەنی داوا تۆماربكات دەكەوێتە بەر ئیشكالیەتی نەبوونی گرێبەست و نەبوونی پسوولەی دانی پارە و كڕینی كەلوپەلەكە و دواتریش ناروونی مەحەللی گرێبەست كە ئاخۆ گرێبەستی لەسەر چی و چەند و چۆن كردووە دەكەوێتە بەرحوكمی ماددە (132و 137) یاسای شارستانی .
7- ئەگەر لە حاڵێكدا توانی مافەكەی بسەلمێنێت ئەوە دیسان دەكەوێتە بەر رەحمەتی بەرێوەبەرایەتی جێبەجێكردنی دادی كە چۆن و لە كێی مافەكەی وەردەگرێتەوە ؟
بۆیە بەبڕوای بەندە هەركەس چووە ئەم كۆمپانیانە و بەشداربوو و پارەی دا و خەڵكی تریش برد لە حاڵی بوونی كێشەدا زۆر چاوەڕوانی لە یاسا و دادگا نەكات مافی بۆ بگێڕنەوە .