"كشانەوەى ئەمريكا و پرسيار لەخەباتى مافخوازانەى گەلى كورد"

  دوو شەممە, 31 کانونی یەکەم 2018 19:00

پاش کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا و دەستبەرداربوون لەهێزە کوردیەکان کە به هاوکارى ئازا ودلێر و جوامیر لەشەرى داعشدا ناویدەبردن و هاوکارى لۆجستى و پیویستیەکانى شەرى روبەروبوونەوەى داعشى بۆدەستبەردەکردن، لەم سۆنگەوه له ڕوانینى شرۆڤەکاران و چاودێرانى سیاسى و هەموولایەنه دۆست و نەیارەکانى هیزە کوردیەکانى سوریا و کێشەى کورد بەتایبەتى ئەو تیگەشتنه فۆرمەله بووبوو کە کورد لەبارودۆخى سوریا و ناوچەکەدا دۆست و پاڵپشتێکى زلهێزى جیهانى لانیکەم لەم شەرەدا بەدەستهیناوە وبووەته یەکێک لە کارەکتەرە مەیدانیەکانى شەرى نێودەوڵەتى دژى تیرۆر و داعش بەتایبەتى و دەتوانیت لەسەر ئەرز بەکردەیى توانا و لێهاتن و کاریگەریى خۆى لەم بوارەدابسەلمینێ.

هەرئەمەش هۆکارى توندبوونەوەى هەستى مەترسى و نیگەرانى وڵاتانى دور و نیزیکى کاریگەر لەسەر روداوەکانى سوریا و پرسى کورد بەگشتى بوو لەلایەک، لە لایەکیترەوه هێزە کوردیه هاوکارەکانى ئەمریکاى گەیانده رادەى بێباکى و خەمساردى لە کۆبوونەوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوری لە جنیف؟ وەک ئەوەى بە ناراستەوخۆ بڵێن هیچ چارەسەر و نەخشەرێگایەک بۆ قەیرانى سوریا بێ تێپەربوون بە داڵان و حەوشەى ئەم زلهیزەى هاوکارمان-ئەمریکا- لەسەر زەوى تێناپەرێت و ئێمەش لە وینەى کۆتاییدا جیگەمان پاریزراوه!!
لێرەوه بریارى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا بەکشانەوەى سوپاکەى لە سوریا بەوشیوازه کوتوپرەى جێبەجێکردنى، شۆکیکى بروسەکه ئاساى بۆ هیزه کوردیەکان و گەلى کورد بەگشتى لێکەوتەوه.

ئەم کشانەوەیه لەسەر ئاستى گەلى کورد له سێ دوراییەوه راونین و لیکدانەوەى بۆکرا:-
1- لەسەرئاستى هیزە کوردیە هاوکارەکەى ئەمریکا و گەلى کورد له سوریا، کشانەوەى ئەمریکا لەسەر زەوى مەترسى بۆشایى هیز دروستدەکات، دەبێت بەهێزێکیتر پربکریتەوه، لەگەڵ هەبوونى ئەگەرى هێزیتر بۆپرکردنەوەى ئەو بۆشاییه کە"داعش و سوپاى ڕژێمى سوریا و روسیا و ئێرانن" ئەگەرى بەهێز بۆ تورکیا و سوپاى تورکیایه و ئەمریکاش لە پاساوى کشانەوەیدا رایگەیاند هێزیتر لەناوچەکەدا هەن و دەتوانن روبەروى هیزه تیرۆریستەکان ببنەوه!! لەومیانەشدا ئاماژەى بەتورکیا کرد، بەدڵنیایى ئەمریکا هێزەکانى ئیران و روسیا و رژیمى سوریاى بۆپرکردنەوەى ئەو بۆشاییه وەک پیویست لاپەسەند نیه، بۆیه دوا مژارى - لەگەل هەبوونى نیگەرانیەکانى نیوانیان- دەبێته تورکیا، که لانیکەم راستەخۆ و لەسەر زەوى بۆ هیزە کوردیه هاوکارەکەى ئەمریکا و گەلى کوردى تورکیا و پرسى کورد بەگشتى مژاریکى خراپ و ناهەمواره، رێکەوتنێک لەم میانەدا لەگەل کڕینى چەکى پاتریۆت به برى 3.5 ملیار دۆلار لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا گوزەراوه بێ کاریگەر نیه لەسەر ئەم مژاره.

هەردوو پرۆسەى کشانەوه و مژارى پرکردنەوه گورزیکى کەمەرشکینى ماددى و مەعنەوى راستەوخۆیه بۆ گەلى کوردى سوریا، تورکیاش هەرەشەکانى بۆهاتنە ناوخاکى کوردستانى رۆژئاوا بەهاوکاریى لۆجستى پەیمانى ناتۆ و موبارەکەى ئەمریکا و بیدەنگى روسیا و ئیران ئاسانتر جیبەجیدەکات.

2-لەسەر ئاستى نەتەوەیى ئەم روداوه پانۆراماى ژان و ئازارەکانى فێڵ و دەسبرین و پشت لەزەویدانى گەلى کورد و شۆرش و خەباتى کوردى لەلایەن زلێهیزەکان بەگشتى و ئەمریکا بەتایبەتى له ( کۆمارى مەهابادەوه تا ریفراندۆم و تا ئەم روداوەى دوایى) هێنایەوه سەرشاشەى یادەوەریه تاڵەکان!!
لاپەرەى مێژووى بێ ئومێدیەکانى نوێکردەوه، هێڵەکانى هەستى گەمارۆدران و متمانە داروخاوەکانى بەراستگۆیى ئەم زلهیزانه تۆخکردەوه، ئاه و گوڕێکیشى کردەوه بە بەرى ئەو هیز و لایەن و رایانەى بەدریژایى میژووى خەباتى گەلى کورد نوینەرى سازان و وەلاء بوون بۆ ئەو حکومەت و دەسەلاتانەى کە گەلى کوردیان بەسەردا دابەشکراوه، بۆ پاکتاوکردنى هەرا و ناکۆکیەکان و سازش و سازان لەگەلیان.

هاوکات لەگەل ئەمانەشدا کەمنەبوون ئەو ناسیۆنالیسته شۆڤینى و ئیسلامیى و بەحساب وەتەنیانەى دەستیان بەسەر دڵیاندا هێنا و کوردیان وەک نۆکەر و خیانەتکاریکى نیشتمانیى مایەپوچ بینى.

3- لێکدانەوەى روداوەکه لەسەر ئاستى روشنبیران و نوخبەى سیاسى ناسیۆنالیستى کوردى و میدیا و تۆره کۆمەلایەتیەکان، بەجیا لەوەى ئەوەى دژ بەگەلى کورد دەکرێت بەهەردوو دیوى خەیانەت و ستەم له کۆى پرس و خواستەرەواکانى ئەم گەله دەکریت نەک لەهێز و حزب و رێکخراوه و پارچەیەکى دیاریکراوى نیشتمانى دابەشکراوى ئەم نەتەوەیه.

زوریک له پەرچەکردارەکان بەرامبەر بەم روداوه بەئاقارى دووبارە و بگره دەباره خۆ جەلدکردن و سەرکۆنەکردن و تانە و تەشەردان له سەرکردە و سیاسەتمەدارانى خەباتى سیاسى کورددا رۆشت، بەوەى ساویلکەن بەقسەى خۆش و وادەى زارەکى و قسەى دیوەخان دەیانخەلەتینن، هیزه ئەقلیمى و نیودەولەتیەکان بەکاریان دینن گەلى کورد و پرسە رەواکەى دەکەنه قوربانى بەرژەوەندیه تایبەتەکانى خۆیان.

نەزانن چونکه ناتوان شرۆڤەى واقیعە سیاسیه ئەقلیمى و نیۆدەولەتیەکه بکەن و دراوەکانى گەمەى هیز و هاوسەنگى هیزەکان بەراوردبکەن و پەراویزى مناوەره بهیلنەوه و ئەگەرەکان بخەملینن و حساب بۆهەموو پیشهات و ئەگەریک بکەن،
ئەم سەرکردانه هەلپەرست و خۆپەرست و دژه دۆست و دوژمن دۆستن، گوێ لەکەس ناگرن، پەند لەشسکت و دۆرانەکان وەرناگرن، وەک ئەوەى ئەم گەلە تاقیگەى بریار و پلانه دۆراوەکانى ئەوان بێت، لەسایەى ئەمانەدا زەمەنى ئێمه زەمەنى تراژیدیا یەک لەدواى یەکەکانى شکست و دۆراندنه و ....هتد.

لەگەڵ ئەوەى ئەم لێشاوه له نائومیدى و تانەدان له ناشایستەیى سەرکردەکان له مێژووى روداوەکانى پرسى نەتەوەیدا، بەلام له جەوهەردا گوزارشت له خەم و پەرۆشى و پەژارەکانى هەستى نەتەوەیى دەکات، لەگەڵ ئەوەى تانه و خەمه راستگۆکان پێویستیى رەخنەلەخۆگرتن و راستکردنەوەن لەهەمان کاتدا چەند خاڵى بنەرەتى نەگۆرى له سروشت و واقیعى بزافى رزگاریخوازى گەلى کورددا فەرامۆشکردوه، و چەند دەرهاویشتە و لێکەوتەى ناهەموار یشى نادیدەگرتووه:-
1-خیارەکانى جولەى جوڵانەوەى بزافى رزگاریخوازى کورد لەوەتى هەیه و سەریهەڵداوه زۆر بەرتەسک و بێ ئەلتەرناتیڤن، هەبوونى چەند خیارێک و چەند ئەگەرێکیتر لە چارەسەرى قەیرانەکانى بزاڤەدا لەبەردەست نەبووه، ناشبێت.

2- له وڵاتانى کورد بەسەردا دابەشکراودا هەبوونى گەلى کورد و خەباتەکەى بابەتێکى ئەمنییه ، وەک مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى سەیردەکرێت، خەباتى مافخوازى گەلى کورد وەک دیاردەى نارەزایى هاولاتیان له حکومەت و دەسەڵات بۆ داواکاریى وخواستێک یان وەک ئۆپۆزسیۆنێکى یاسایى مامەڵەى نەکراوه و ناشکرێت .

3-گەلى کورد خۆى وەک نەتەوەیەکى جیاوازى خاوەن زمان و کەلتور و مێژووى تایبەت بەخۆى، لەکۆنگرەى ئاشتى پاریس دەوڵەتى نەتەوەویى پێنەبرا، لەبەرامبەردا دەوڵەتانى کورد بەسەردا دابەشکراویش تا ئەم ساتەش وەک شەریکى خاوەن بەرژەوەندى هاوبەش و هاولاتى خاوەن مافی یەکسان لەنیشتمانێکى هاوبەشدا سەیرى گەلى کوردیان نەکردوه، لەوەشخراپتر زورجار ئەم گەله پروژەى جۆرەها پاکتاوکردنبووه.

4- ئەمجۆره نیگەرانى و خۆجەلدکردنه پاساو و خۆشکەرى ئارەزومەندانەى هێزەکانى روکردنه ناوەنده دژەکوردەکانه.

5- دووبەرەکى و دژبەیەکى و پیلانگێرى دژبەیەکتر و دوژمن دۆستى لەدژى یەکتر بووەته خەسڵەتیکى ناو بزافى رزگاریخوازى گەلى کورد، چاوپۆشى و بواردن و تێپەراندنى دۆخیک له هیچ هێز و حزب و سەرکردەیەک نەبیسراوه و نەبینراوه نابێ شرۆڤەى دۆخەکان یان سۆز و خەم ئەو راستیه تاڵه فەرامۆش بکات.

6- لە ئێستاى پاش جەنگى سارد و دیاردەى گلۆبالیزەیشن و گۆرانکاریەکانى بەهارى عەرەبى تەوژمى کۆمەڵایەتى مەزهەبى و نەتەوەیى و ئیسلامیى نوێ هاتوونەته ئاراوه هاوکاتن لەگەڵ دنیاى کراوەى ماس میدیاو تۆرى کۆمەلایەتى ئەنتەرنیت شتێک لەدنیاى مشتومر و ناکۆکى و شەرى یەکترخنکاندى نێوانمان بەشاراوەیى نەماوەتەوه، هەموو نەیاره مۆدێرن و تازە نەفەسەکان بەسادەیى دەتوانن ناکۆکى و دوژمنکاریە ناخۆییەکانمان بزانن- کە جاران تەنها کارى دەزگاکانى موخابەرات وئاسایشەکانبوو- دەتوانن بەسەدان میدیا و تۆرى کۆمەڵایەتى به هاندان و هەڵنانى راى گشتى شەقامى نەتەوەیى شۆڤینى و مەزهەبى و ئیسلامیى دژایەتیمان بکەن!
دواجار تانه و رەخنه لەهەرچى و لەهەرکەس، و لەهەرجێگەیەک بێت، ناشێ ریخۆشگەرى پرسیار بێت لەپاساوى خەباتى سیاسى حەقخوازانەى نەتەوەیى گەلەکەمان !!