له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئیمارات بۆ سوریا بڕوانه‌ بۆ پێگه‌ی ئه‌بو زه‌بی !

پاش بڕیار‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وه‌ڵاته‌كه‌ی له‌سوریا ، ده‌وڵه‌تی ئیماراتی عه‌ره‌بی له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵاته‌ عه‌ربیانه‌ بوو باڵیۆزخانه‌ی وه‌ڵاته‌كه‌ی له‌دیمه‌شق كرده‌وه‌و ده‌خوازێ په‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌كانی نێوان ئه‌بو زه‌بی ودیمه‌شق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی ئاسایی وسروشتی نێوان هه‌ردوولا ، كه‌پێشترو له‌سه‌روبه‌ندی ڕاپه‌ڕین وخۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری گه‌لانی سوریا دژ به‌ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ ساڵی 2011 گرژی وئاڵۆزی كه‌وته‌ نێوان هه‌ردوو وه‌ڵات ! كه‌هه‌ریه‌كـ لای خۆیه‌وه‌ ئه‌ویتری به‌تۆمه‌تی سه‌ركوتكردن وده‌ستێوه‌ردانی كاروباری ناوخۆی وه‌ڵات یه‌كتریان سه‌ركۆنه‌ ده‌كرد !

هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئیمارات له‌دیمه‌شق ، ئه‌نوه‌ر قرقاش وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات له‌توێتێكدا ده‌نووسێت : بڕیاری ئیماراتی عه‌ره‌بی به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی ودیبلۆماسیه‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا پاش خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد ودروست دێ بۆ پێشهاته‌كان وزاده‌ی باوه‌ڕ وقه‌ناعه‌تێكه‌ كه‌ قۆناغی داهاتوو واده‌خوازێ وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی ئاماده‌یی وپه‌یوه‌ندیان هه‌بێ له‌دۆسیه‌ی سوریا ، ئه‌مه‌ش له‌پێناو گه‌لانی سوریا وسه‌روه‌ری ویه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی ، هه‌روه‌ها ده‌نووسێت ڕۆڵی عه‌ره‌ب له‌سوریا پێویسته‌ وده‌بێ ڕووبه‌ڕووی ده‌ستێوه‌ردان وهه‌ژموونی ‌توركیا وئێران بوه‌ستن ! هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئیمارات ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ سوریا هه‌تا له‌و بواره‌دا ئه‌كتیڤ وكارا بێت له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئاماده‌یی تێڕوانین وبژارده‌كانی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئیجابی هاوكار ئه‌بێ له‌كۆتایی هێنان به‌جه‌نگـ وبه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئاشتی وگێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ گه‌لانی سوریا !!

له‌ڕاستیدا ئه‌م بڕیاره‌ خێرایه‌ی ئیمارات وهه‌ڵوێسته‌كانی پێشووتری به‌رپرسانی ئیمارات تایبه‌ت به‌دۆسیه‌ی سوریا به‌لای ئاگایانی سیاسی وچاودێرانی دۆخی ناوچه‌كه‌ جێگای وه‌ستان وتێڕامان بوو ، لێره‌وه‌ به‌خوێندنه‌وه‌مان بۆ تویته‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات وه‌كـ یه‌كێكـ له‌سه‌ركرده‌ دیارو قسه‌ڕۆیشتووه‌كانی ئیمارات ئه‌كرێ ده‌رگا به‌ڕووی چه‌ند پرسیارێكـ بخه‌ینه‌وه‌ سه‌رپشت ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ وه‌ستان له‌سه‌ر مه‌به‌ست وئامانجه‌كانی  كه‌ئه‌شێ له‌نێوان حه‌قیقه‌ت وئه‌گه‌ر وگریمانه‌دا‌ حیسابی بۆ بكرێ !

لێره‌وه‌ ده‌پرسین ئایا به‌م وته ‌وهه‌ڵویستانه‌ی ئیمارات هیچ له‌و ڕاستیانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی سوریا ، ئیمارات وه‌كـ یه‌كێكـ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ئه‌ژمارده‌كرێ كه‌ هاوكارو پاڵپشتی حزب وگروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بووه‌ دژی ڕژیمی ئه‌سه‌د ! یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وترێ هاوكاریه‌ داراییه‌كانی ئیمارات به‌شێكـ بووه‌ له‌و هێزه‌ ماددی و مه‌عنه‌ویانه‌ كه‌ توانرا له‌لایه‌كـ ڕژێمی ئه‌سه‌د خۆڕاگربێ و نه‌ڕووخێ له‌ولاشه‌وه‌ ده‌ستی باڵای هه‌بووه‌ له‌كه‌رتووپه‌رتكردنی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و له‌باربردنی ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوو !

یاخود ده‌كرێ وه‌كـ ئاماژه‌یه‌كـ ‌بخوێنرێته‌وه‌ ‌كه‌ئیدی كۆتایی هێنانه‌ به‌ڕۆڵی ‌ئۆپۆزسیۆن وكه‌نارخستنی حزب وگروپه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی دژه‌ ڕژێم و له‌به‌رانبه‌ردا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا وده‌سه‌ڵاتی سیاسی وسه‌ربازی وئیداری ئه‌سه‌د بۆ بست به‌بستی خاكی سوریا !؟ ئاخۆ چ پێشهاتێكی نوێ له‌قۆناغی داهاتوودا دێته‌ پێش هه‌تا پاڵ به‌‌ئیماراته‌وه‌ بنێ خێراتر له‌وانیتر په‌یوه‌ندیه‌كانی ئاسایی بكاته‌وه‌ ! ئایا هه‌ر به‌ڕاست به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی باڵیۆزخانه‌ی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ سوریا وئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی سوریا له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی ، ڕژێمی ئه‌سه‌د ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری په‌یوه‌ندیه‌كانی بێ له‌گه‌ڵ ئێران وچیتر له‌بازنه‌ وهاوخولگه‌یی ئێراندا نه‌خولێته‌وه‌‌ !؟ ئایا به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی چی له‌عروبیه‌تی سوریا وه‌كـ وه‌ڵات وڕژێمێكی ‌مه‌زهه‌بی په‌یوه‌ستبوو به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ زیاد ده‌كات !؟

دیسان ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمارات بۆ سوریا به‌به‌رژه‌وه‌ندی وپاڵپشتی سه‌روه‌ری خاكـ وگه‌لانی سوریا بێ ئاخۆ هاندان وپاڵپشتیكردنی ئیمارات له‌حه‌وت هه‌شت ساڵی ڕابووردوودا بۆ گروپه‌ چه‌كدار وحزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌كوێی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی سوریا بووه‌ !؟ ئایا به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمارات ئه‌توانرێ پێش به‌هه‌ژموون وته‌راتێنی ئێرانیه‌كان بگیرێ !؟  ئایا ئیمارات ئه‌وه‌نده‌ له‌ئێرانه‌وه‌ دابڕاوه‌ ودووره‌ هه‌تا بۆ دۆخی سوریای هاوخولگه‌ی تاران به‌په‌رۆش بێ !؟ ئایا ئاماده‌یی وهه‌ژموونی توركیا وئێران به‌لای ئیماراته‌وه‌ یه‌كسانه‌ وپێكه‌وه‌ له‌یه‌كـ ده‌فری سیاسه‌تدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا ئه‌كرێ ! یان ئه‌مه‌ی كه‌ڕوودوه‌دات و بۆ به‌رپرسانی ئیمارات هاتۆته‌ پێش ‌ده‌رفه‌ت وچانسێكی تره‌ هه‌تا حكومه‌تی ئاكپارتی وسوپای توركیا ڕووبه‌ڕوو‌ی ‌جه‌نگـ وشه‌ڕیكی دیكه‌ی ئیقلیمی بكه‌نه‌وه‌ !؟

له‌كۆتاییدا نامانه‌وێ وه‌ڵامی هیچ یه‌كـ له‌و پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌ ، وه‌كـ چۆن له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا كه‌ ئه‌وه‌ی لێره‌و له‌م نووسینه‌دا ڕیزده‌كرێ به‌شێكی ده‌چێته‌وه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌گه‌ر وگریمانه‌ وبه‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ڕووداوه‌كانی داهاتوو ، وه‌لێ ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نایه‌ته‌وه‌ كه‌ چاو له‌و حه‌قیقه‌تانه‌ دابخه‌ین كه‌بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و داهاتووی سوریا به‌تایبه‌تی ڕووی له‌قۆناغێكی تره‌ كه‌ته‌واو جێاواز وپێچه‌وانه‌ دێته‌وه‌ به‌ڕابووردوو ! هه‌روه‌كـ به‌مزوو یان دره‌نگـ وه‌ڵامی پێگه‌ وڕۆڵی گه‌وره‌‌ی ئیمارات ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ وگوێبیستی ئه‌بین زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌توانای مرۆیی وسه‌ربازی وجوگرافیای وه‌ڵاتێكی بچووكـ وده‌شته‌كی وه‌كـ ئیماراتی عه‌ره‌بی !!