كۆنه‌ به‌تازه‌ ، ئاغایانی گه‌شبین !

• به‌رده‌سخستن وبه‌كارهێنانی شته‌ كۆن وبه‌كارهاتووه‌كان پێچه‌وانه‌ی نوێبوونه‌وه‌ وتازه‌گه‌ری ئێستای بازاڕو مۆده‌ی باوی ڕۆژه‌ ، ئه‌گه‌رچی كۆن وڕزیوو به‌سه‌رچووبن ، وه‌لێ هه‌رگیز بێكاره‌ و بێ كه‌ڵكـ وفڕێدراوی یه‌كجاره‌كی نابن‌ ، به‌ڵكو ده‌رفه‌ت وهه‌لێكی تری كارو له‌باره‌ كه‌ به‌تازه‌كردنه‌وه‌ وگۆڕینی كۆنه‌ به‌تازه‌ ، سه‌رله‌نوێ جووڵه‌یه‌كـ به‌به‌ری بازاڕدا بكاته‌وه‌‌ وئاڵۆگۆڕی نێوان كڕیار وفرۆشیاریش به‌رده‌وام بێ‌ ، واته به‌شتوومه‌كه‌ ‌كۆن وته‌قلیدیه‌كان وبه‌نرخێكی كه‌متر له‌وه‌ی كه‌كڕاوه‌ ئه‌شێ ئاڵۆگۆڕی پێ بكرێته‌وه‌ و‌ هه‌ر به‌خۆی تازه‌ ونوێ بێته‌وه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ ئه‌ندازه‌یه‌كـ گۆڕانكاری وجوانكاری به‌جۆرێكـ‌ بێنێته‌وه‌‌‌بوون جێاواز به‌ڕابووردووی ده‌ركه‌وێ ونه‌چێته‌وه‌ سه‌رهه‌مان نه‌خش ونیگاری پێشووی ! خه‌ریكم بڵێم هیچ به‌هاوو پیرۆزی كاڵاوو شمه‌كێك نه‌ما نه‌كرێته‌‌ قوربانی جممه‌ وجووڵه‌ی ئه‌مپه‌ڕ وئه‌وپه‌ڕی شه‌قام وبازاڕ ، شه‌قام وبازاڕێكـ نه‌ما به‌دروشم وهاتوو هاواری په‌ڕۆینه‌ی به‌ره‌ی گه‌ل سیخناخ و ڕووپۆش نه‌كرێ ، گوایه‌ ده‌مووچاوه‌ كۆن و ڕووخساره‌ به‌سه‌رچوووه‌كان بازاڕیان داشكاوه‌ وبه‌ره‌و مۆزه‌خانه‌ی تیاچوون وشكست پێچراونه‌ته‌وه‌ ، ئیدی ئه‌وه‌ ئێمه‌ین كه‌نامانه‌وێ له‌گه‌ڵیاندا كۆبینه‌وه‌و بۆ كۆتاجار ده‌رگای دیدار ودیتنمان به‌ڕوویاندا داخستووه‌ وقوفڵداوه‌ ! ئای كه‌ چ بێ بازاڕی وبه‌بازاڕیكردنی سیاسه‌ت وهه‌رزه‌ییه‌ له بازاڕی ‌سیاسه‌ت ودونیای حزبایه‌تی ، ئه‌وه‌ چ چاوو ڕوویه‌كه‌‌ به‌ڕوخسارتانه‌وه‌ نووساوه‌ كه‌سه‌رباری بێ منه‌تی و لووت به‌رزی ئه‌وان ، هه‌نوز به‌ئومێدی لاكردنه‌وه‌ی چاووڕووه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ ده‌ژین وچاوتان له‌مه‌رحه‌مه‌تی ڕووه‌ ته‌قلیدیه‌كانه‌ فه‌رموویه‌كی خێرتان لێ بكه‌ن ! ئێوه‌ چ بازاڕێكتان خوڵقاند كه‌ده‌سپێكی ‌‌به‌له‌گۆڕنانی ته‌واوی پیرۆزیه‌كان كرایه‌وه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ‌‌بێ ئومێدكردنی نه‌وه‌كانی ئێستا وداهاتوو‌ ، ئای كه‌ ئێوه‌ چه‌نده‌‌ ڕووقایم وهه‌میش بێ ڕوون !!
• له‌قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ وسه‌نگیندا چاوه‌كانت بكرێته‌وه‌ ، ئاشنا به‌سیاسه‌ت و حه‌قیقه‌تی دینداری ده‌ست وپه‌نجه‌ت نه‌رم كه‌ی ، به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست وپڕ له‌هه‌ستی به‌رپرسیارێتی ودوور له‌تووندوتیژی ڕاهێنراوی خۆشكراو گه‌وره‌ بی ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ڕیگریكردن له‌ئه‌گه‌ری خۆبوغزاندن وخۆته‌قاندنه‌وه‌ وخۆكوشتنی دوور ونزیكـ ، كه‌چی به‌بێ مه‌نهه‌ج‌ وبێ سه‌رووبه‌ر وه‌صفی بكه‌ی ! له‌هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كاندا سه‌رپه‌رشتیار وئه‌ندامی كارا بی ، له‌نووسینه‌وه‌ی پێڕه‌وو پرۆگرامی ناوخۆی حزبدا بۆ ده‌ست ڕه‌نگینی پلانه‌ هه‌نووكه‌یی ودوور مه‌وداكانی قۆناغه‌كانی خه‌باتی نهێنی وئاشكرای تاراوگه‌ وشاره‌كاندا دیسان كارامه‌ ولێهاتوو بی ! وه‌لێ كه‌كار ده‌گاته‌‌ هه‌ڵاوێردن ودیاریكردنی یه‌كه‌مین ئه‌ڵقه‌ی پێكهێنانه‌وه‌ی حزب له‌په‌یامی زۆرینه‌ی ئه‌ندامان بگه‌ی كه‌جه‌نابتان زیادوو سه‌ربار وبارن ! ئه‌وه‌ چ دڵسۆزی وهاوخه‌باتی وهاوسه‌نگه‌ری هاوڕێانه‌یه‌‌‌ كه‌زۆر به‌جیددی وبه‌مه‌به‌ست كار بۆهه‌ڵفڕین وڕۆشتنی كه‌سی یه‌كه‌م وكاریزمای یه‌كه‌می حزب بكه‌ی ! له‌وێشه‌وه‌ بیخه‌یته‌وه‌‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی دروشم وبه‌ڵینه‌كانی ڕابووردووی ! ئه‌مه‌ خیانه‌ت وناپاكییه‌ به‌خودی كه‌سی یه‌كه‌م وهه‌وڵدانه‌ بۆ له‌كه‌داركردنی كه‌سێتی ئه‌و ، یان ناپاكی ونائه‌خلاقیه‌ به‌رانبه‌ر به‌ئه‌ندامان وهه‌وادارانی سه‌ر‌وو خواره‌وه‌ی حزب ، كه‌بۆ بێكه‌س كردنی كه‌سی یه‌كه‌م هێنده‌ بێ باكـ وبێ خه‌م بی ! ئاخۆ هه‌ڵوێستێكی له‌مجۆره‌ خزمه‌ته‌ به‌خودی هه‌ڵفڕیوو كه‌پشت له‌به‌ڵین ودروشمه‌كانی بكات ، یان بێنازكردنی هه‌وادارانی دوای هه‌وای هه‌ڵفڕیوو ؟ ئه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وئامانجی ئه‌م هه‌‌مووه‌ دڵسۆزی وهه‌وڵانه‌ له‌پای چی وبه‌چ خه‌ڵاتێكـ پاداشت وسوپاس كرا !؟ ئێستا تیده‌گه‌ن كه‌ئه‌و زۆر له‌خۆی گه‌وره‌تر قسه‌یكرد ومێژووی شێواند ! له‌وه‌ش گه‌یشتن كه‌بۆچی هه‌ر ڕۆژه‌و له‌لایه‌كـ و هه‌رجاره‌و به‌ناونیشانێ خۆی نمایش كرد ! ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ی دواتریش ڕوون ودیار بێ كه‌بۆچی هه‌ڵهات وله‌به‌رچی به‌مجۆره‌ بێ كه‌س وبێ سه‌ری كردن وبه‌جێی هێشتن !؟
• گه‌شبینی واته‌ ئه‌رێنی ، ئه‌ویش به‌مانای ئومێد وخۆشحاڵیمانه به‌دوا ڕۆژ وتێڕوانینی ئه‌رێنیانه‌ی‌‌ ئێمه‌یه‌ به‌هه‌موو شتێكـ كه‌ له‌داهاتوودا به‌باشتر له‌ئێستای دێته‌دی ، یان ڕاده‌ وئاستی به‌رگه‌گرتن وخۆڕاگریمانه‌ له‌به‌رانبه‌ر ‌ناڕه‌حه‌تی وسه‌ختیه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌ئومێدی حه‌تمیه‌تی گه‌یشتن به‌سبه‌ینێی باشتر ، ده‌مێكه‌ وتراوه‌ و زۆریش دووباره‌یه‌ ( كه‌ ژیان چه‌نده‌ ته‌نگـ وسه‌خته‌ ، ئه‌گه‌ر فراوانی وئاوه‌دانی ئومێد نه‌بێ ) ! وه‌لێ له‌م حاڵو واقیعه‌ی ئێستای هه‌مووان وبه‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان وبژێوی ، ئه‌وه‌ی زیاتر له‌وانیتر ئومێدی گه‌وره‌ ڕیزده‌كات وهه‌ڵیده‌چنێ خێرا - به‌په‌له‌ ونها وئێستا - موژدانه‌ ده‌به‌خشێته‌وه‌ وتێڕوانینی ئه‌رێنیه‌و خاوه‌نی ده‌یان به‌ڵێن وبه‌هه‌شتی سه‌رزه‌مینن ! ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ وسیاسیه‌ دۆڕاوو دۆڕاوه‌كانی سیاسه‌تی دوا ڕاوه‌‌ ، هیچ توێژێكـ هێنده‌ی ئه‌وان به‌خه‌ونی جوان وئه‌رخه‌وانی هاوڵاتیانی خۆیان فریوو ناده‌ن ! هیواكانی ئه‌مساڵ نابه‌ستنه‌وه‌ به‌ساڵی داهاتوو ، كه‌ ساڵیش هات ئه‌وترێ خۆزگه‌مان ‌به‌پار !!