وەرزى یەکەمى خوێندن تەواو بوو (پەیامێک بۆ قوتابیان و، باوک و دایکان )

وەرزى یەکەمى خوێندن کۆتایی هات، تاقیکردنەوەکان ئەنجامدران و ئەنجامەکانیش لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە وەرگیرانەوە، ئێستا سات و وێستگەى بەخۆداچوونەوەو هەڵسەنگاندنى ئەم ئەزمونەمانە، وەک قوتابى و خوێندکاران ئاستیان چۆن بوو و تا چەند توانییان سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟ وەک باوکان و دایکان و خێزانەکان تاچەند توانییان سەرکەوتوو بن لە پێگەیاندن و ئەنجامى باشى کوڕ و کچەکانیان و، ئەگەریش شکستێک رووى کردۆتە مناڵەكانیان، چەندى لە ئەستۆى ئەوانى خێزانیاندایە؟ وەک مامۆستایانیش نابێ بیرمان بچێت كە ئایا تاچەند توانیمان ئامانجى گەورەى پێگەیاندن و فێرکردنى قوتابییەکان بهێنينەدى و، ویژدانى مامۆستایەتیمان ئاسودە كردووەو، تاچەند بەرپرسیارێتى ئاستى قوتابی و خوێندکارەکانمان لە ئەستۆدایە؟

 

بۆ قوتابيان:

لە ئەنجامەکەت رازى مەبە، ئەگەر باش بووى سوپاسى خواى لەسەر بکەو بەردەوام بە لە سەرکەوتنەکانت، بزانە چی هۆکارى ئەو سەرکەوتنەت بووە دەستى لێ بەرمەدە، ئەگەریش بە گشتى خراپ بووى، یان لە وانەیەک و چەند وانەیەک خراپ بووى، بەدواى هۆکارەکەیدا بگەڕێ، خەتاکان مەبەخشەرەوە بەسەر مامۆستا و پرسیارەکان و ئیدارە و خێزانەکەت و خۆتى لێ بێبەش بکەى، ئايا خۆت بەراورد کردووە بە هاورێکانت تا بزانى ئاستى تۆ لەگەڵ ئەوان چۆنە؟ وانەیەکت بەراورد کردووە بە وانەکانى ترت تا بزانى تەنها لە وانەیەک خراپ بووى یان لە هەمووى؟ دڵنیابە هۆکارى سەرەکى و گەورەى نمرەى کەم و شکستى ئەم تاقیکردنەوانەت یەکەمجار خۆتى و پشکى شێر بەر خۆت دەکەوێ، مەبەستم ئەوە نییە کە هۆکارى تر نییە لەپشت خراپى نمرەکانتەوە، مەبەستم ئەوەیە کە ئەبێ ئەوەندە بەهێز بیت و تواناى خۆت بخەیتە گەڕ كه ئەو هۆکارە دەرەکییانەى تر کاریگەریت لێ نەکەن، مەگەر لەحاڵەتێك تۆش وەک کۆى قوتابیانى هاوڕێت ئەو زیانەتان بەرکەوتبێت..

کەواتە ئەم ئەزمونەى وەرزى یەکەم بکەرە وێستگەى بەخۆداچوونەوەى خۆت و هەوڵ بدە پەندى لێ وەربگریت، ئەمڕۆ یەکەم رۆژى وەرزى دووەم دەست پێ دەکات، وا بزانە هیچت نەخوێندووە، ئەو هەڵانەى وەرزى یەکەم دوبارە مەکەرەوە، ئەگەر وەرزى یەکەم ٢٠ لە ١٠٠یشت هێنابێت دەتوانى وەرزى دووەم ٨٠لەسەد بە ئاسانى بهێنى، دڵنیابە، بەڵام ئەگەر بتەوێ، ئەگەر دەشتەوێ کەواتە ئەمڕۆ هەوڵ بدەو ئەرکى ئەمڕۆ ئیهمال مەکەو مەیخەرە سبەینێ، پشت بە خوای گەورەو ببەستەو، هەوڵ بدە پشتيوانی خێزان و مامۆستاكەشت بەدەست بهێنی، گوێڕایەڵیان بەو شوێن حەزە هەڵەكانی خۆت مەكەوە..

 

بۆ باوکان و دایکان:

ئەمڕۆ رۆڵەکانتان بەرى رەنجى وەرزى یەکەمى خوێندنیان وەرگرتەوە، یان ئەنجامى نمرەکانتان بەدڵ بووە, یان نيگەرانيان كردوون، لەهەر حاڵێكدا گرنگە پێگەو كاریگەری خۆتان لەبیربێت لەبەرامبەر ئەنجامی نمرەی كوڕ و كچەكانتان، ئەگەر سەركەوتوو بوون و دڵتان پێیان خۆشە، دوای دەستخۆشی خەڵاتیان بكەن، لانی كەم ئەگەر بە لێنانی ئەو خواردنەش بێت كە ئەو حەزی لێیەتی، یان سەردانی ئەو خزم و دۆستەتان كە ئەو زیاتر پێی خۆشە، خۆ ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بوو، ئەوا سەرەتا بەسەریاندا هاوار مەكەن و لێگەرێن كەشێك بسازێت كە دەرفەتی قسەتان هەبێ لەسەر ئەوەی كە بۆچی ئەو نمرەی خراپەی بدەست هێناوە؟! بەشێكی چاككردنەوەی هەڵەكان بە قسەی خۆش و ئامۆژگاری لەسەرخۆ چارەسەر دەبێ، ئەوكات گرێی دەست مەخەنە ددان، ئەبێ ئەوەش بزانن كە لە پێداچوونەوەی هەڵەكاندا، وەك هۆكارێكی ئەو شكستە خۆتان وەك باوك و دایك و براو خوشكەكانی تریان لەبیر نەكەن، كە رەنگە 10%ی هۆكارەكە یان كەمتریش بن و، رەنگە زیاتر لە 50%یش لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، ئەوەش بە بیركردنەوەو بەخۆداچوونەوە دەبێت و پێویستە بیگرنە ئەسۆ، ئەوەش هەنگاوی یەكەمەو لە ئەمڕۆوە ئەستپێدەكات كە یەكەم رۆژی وەرزی دووەمی خوێندنە و نابێ ئەمڕۆ فەرامۆش بكەن، تا كۆتایی وەرزی دووەمیش هەمان ئازار و سزای دەرونی نەچێژن..