سڵاو لە چاكی و جوانیتان، كە ڕەونەقبەخشی گەل و نیشتیمانە

ئێوە لەوەتەی هەن بەشێكی گرنگ بوون لە تابلۆ گەورەكەی نیشتیمان، نەك هەر ئەوە بەڵكو ئێوە جوانترین ڕەنگ و دیمەنی تابلۆ گەورەكەی ئەم نیشتیمانەن، ئێوە بە چاكی و چاكەكاریتان، بە جوانی و جوانكاریتان، بە بیری ڕوون و پاكتان، بە پەیامداری و ئیسڵاحخوازیتان، بە نەهج و ڕێبازی میانەڕەوییتان، بە خەمخۆری و پەرۆشیتان بۆ ئەم گەل و نیشتیمانە، بە ڕاستگۆیی و سەداقەت و ئەمانەتداریتان لەگەڵ پەیام و دینداریتان، بە هەڵگرتنی خەمی خاك و خەڵك و هەوڵدانتان بۆ ڕەزامەندی خوای میهرەبانتان، بە هەموو ئەمانە و چەندین كار و وێنەی دیكەتانەوە، بوونەتە جوانترین و باشترین دیمەنی تابلۆی گەل و نیشتیمانمان.
ئێوە ڕاستە مرۆڤن و بێ‌ هەڵە و كەموكورتی نین، نەپێكان و موەفەق نەبوون لە هەندێ‌ كار و قۆناغ و هەڵكشان و داكشان و سەركەوتن و نوشتسی كار و میكانیزمتان بووە، بەڵام بە هەموو ئەو هەڵە و كەموكورتی و نەپێكانانەشەوە هێشتاش هەر جوانترین و باشترین دیمەنی تابلۆ گەورە و ڕەنگاو ڕەنگەكەن.
بۆیە شانازی بكەن بە دین و دینداری و پەیامداریتانەوە، بە بیری میانەڕەوی و ڕەفتاری ئیسڵاحخوازیتانەوە، بە نیشتیمانپەروەری و نەتەوە دۆستیتانەوە، بە دڵسۆزی و خەمخۆریتانەوە، بە موسڵمان بوون و بۆخواژیانتانەوە، بەڵێ‌ بە ئیسلامەتی و (یەكگرتوو) بوونتانەوە... نەك هەر ئەوە بەڵكو شوكر و سوپاسی بێ‌ پایانی خوای میهرەبان بكەن و شانازی بكەن بە هەموو ئەو كەسانەشەوە كە ئێوەیان قبوڵە و پشتیوان و هاوكاری بیر و پرۆژە و كاروانەكەتانن، تەنانەت ئەوانەش كە ئامادە نین ببنە ئەندام و بێنە ناو ڕیز و ڕێكخستنەكانتانەوە، شانازییان پێوە بكەن مادام بیر و سلوك و ڕەفتاری پاك و چاك و زمانی نەرم و شیرینی ئێوە بووەتە بەشێك لە كەسێتی و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستی و ئەدەبی و هونەرییان... ئەوان ئەگەر ڕێكخستنەكە و ناوی حیزبەكەی ئێوەشیان قبوڵ نەبێت، خۆ بە دڵنیاییەوە عەقڵ و ڕەفتار و ئەخلاق و سلوك و دینداری ئێوەیان قبوڵە، بۆیە ڕێزیان لێبگرن و تەقدیری ئەو باشی و جوانیەی ئەوانیش بكەن.
ساڵیادی پرۆژەی ئیسڵاحخوازانە و ئیسلامخوازانەی یەكگرتوو پیرۆز بێت لە هەموو یەكگرتووەكان و یەكگرتوو دۆست و یەكگرتوو بیر و یەكگرتوو سلوكەكان... پیرۆز بێت (25) ساڵ خەبات و تێكۆشانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.