تەبعەن لەگەڵ ڕێزمدا... درۆ زن، پێناسەیەك بۆ ڕۆژنامەنوسانمان!!!


 

من بڕوام وایە(ئەگەر لە ڕابردوودا شانۆ قوتابخانەی گەل بوبێت ، ئەوا ئەمڕۆ ڕۆژنامە نوسی ئازا و ئازاد و ڕاستگۆ مامۆستای گەل و چاوی جەماوەر و زمانی هاوڵاتی و ویژدانی كۆمەڵگەیە)
   بۆ مانشێت و لیدی بابەتەكە سەدوو هەشتا پلە پێچەوانەی یەكترن ؟ ئەمە ئەوەیە منیش دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم ، دیسان بە بڕوای من ناڕاستگۆترین توێژی كۆمەڵگە ی كوردی سیاسیەكانمانن، ئەی بۆچی ئەمڕۆ رۆژنامەنوسانیش بوون بە هەڵگری هەمان تایبەت مەندی سیاسیەكانمان؟؟؟  دەپرسم ئەوانە كێن رۆژانە دەیان درۆ و پەیمانی ناڕاست و لێدوانی پێچەوانە ی بەرپرسان و سیاسەكانمان بۆ دەگوازنەوە؟ ئەوانە كێن لە پێناو مشتێك موچە و ئافەرینێك و جۆرێك لە شەڕی ئایدیۆلۆژی رۆژانە دەیان بوهتان و ناووزڕاندن و دروستكردنی هەواڵی ناڕاست و چەواشەن بۆ لایەنی بەرامبەر دەوروژێنن؟؟؟
     دیارە  سیاسیەكان لە پێناو مانەوە و  پەردەپۆشكردنی ئابڕوچونەكانیان رۆژانە خەریكی هۆنینەوەی درۆن، ئەی ڕاگەیاندنەكان بۆچی دەبن بە دەهۆڵی ئەوان ؟ مەبەستم هەموو ڕاگەیاندنەكانە بە (حیزبی و ئەهلی و سێبەرەكان ) یشەوە.ئاخر هەر لە بنەمادا حیزبەكان دەزگا ڕاگەیاندنەكانیان بۆ ئەوە بنیات ناوە و رۆژنامە نوسانیشیان بۆ ئەوە ڕاگرتووە.
دیاردەی  سەردێڕی ناڕاست و درۆ ئێستا ڕۆژنامەو سایتەكانی تەنیوە، ئاخر ئەمانە هەمووی بونەتە مەلەوانە درۆزنەكە، لە ناونیشان باسی موچە دەكەن و لە ناوەرۆكیش هەر باسی نیە، ئێستا ڕۆژنامەنوس لە پێناو بە ناو ڕاكێشانی خوێنەر و بینەردا ئامادەیە دەیان وشەی ناڕاست ڕیز بكات، بەداخەوە ئەوەی پێی دەوترێت ئیتیك و ئەخلاقی ڕۆژنامەنوسی ئێستا هەر باسكردنیشی نەماوە نەك ڕاستەقینە.

      ئایا كێ‌ رۆژنامەنوسێكی بینی لە وهەموو بەڵێن و لێدوان و بڕیارە ناڕاستەی سیاسیەكان رۆژانە بە ڕۆژنامە نوسانی دەدەن و ئەوانیش لە ڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانیانەوە گوێی خەڵكیان پێ‌ ئاخنیوە ئەو بەر پرس و سیاسیانە بخەنەوە بە درۆوە؟؟؟ ئایا بینیوتانە سیاسیەكانی ئێمە لە رۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنەكان ترسابن؟!! چونكە سیاسیەكان هەردەم ڕاگەیاندنیان بەبەشێك لە پرۆسە سیاسیەكانی خۆیان زانیوە!!! بۆیە زۆر بێ‌ منەتن لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە نوسی كوردی.
      ئەی ئایا ئێمە رۆژنامە نوسی (ئازا و ئازاد و ڕاستگۆ)  مان هەیە؟ بەڵێ‌ ، بەڵام لە چاو ئەوو ئۆردویە لە ڕاگەیاندنی چەواشە و ڕۆژنامەنوسی هەلپەرست ئەوان ژمارە نیین، تەبعەن لەگەڵ ڕێزمدا  ئەوانە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
      رۆژنامە نوسان بیانەوێت و نەیانەوێت ئەمڕۆ ئەوانیش بون بەبەشێك لە چەواشەكاریەكانی سیاسیەكانی كوردستان، بۆیە خەڵكی چەند متمانەی بە بە حیزبەكان و سیاسیەكان هەیە هەر ئەوەندەش بڕوایان بە هەواڵ و دیمانە و لێدوان و كەناڵەكانی ئەوانیش هەیە!

 

a.m