ڤاڵانتاین ، بۆ ئه‌وان ژوان و بۆ ئێمه‌ش دابڕان !

نامه‌وێ بچینه‌وه‌‌ سه‌ر مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و ژینگه‌ وجوگرافیای ئه‌م ڕووداوه‌ ، یاخود قسه‌ له‌سه‌ر هۆكارو ماجه‌رای بۆنه‌كه‌ بكه‌ین ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئه‌كته‌ر وكاره‌كته‌رانی و مه‌به‌ستان بێ به‌شێكـ له‌ناسنامه‌و شوناسی ئه‌وان وه‌ده‌رخه‌ین ، نه‌كـ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نهێنی ویاساغه‌ ، یان له‌ڕابردوودا باس نه‌كراوه‌و كه‌مترین كه‌س زانیاری لایه‌و به‌دواداچوون وخوێندنه‌وه‌ی پێویستی بۆ نه‌كراوه‌ ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ش وه‌كـ هه‌ر پرس ودیارده‌و كێشه‌یه‌كی تری هاورده‌ به‌ئێره‌ , ئه‌خه‌ینه‌وه‌ نێو چوارچێوه‌ی ئه‌و باس وپرسانه‌ی تر كه‌هه‌ندێكـ ‌به‌پلان وئه‌ویتری له‌بێ پلانی وچاولێگه‌ری وچاو له‌شوێن ولاساییكردنه‌وه‌دا‌ , په‌نای بۆ ئه‌برێت وبه‌توندی له‌ئامێزی ئه‌گرن !
ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی بۆ به‌نده‌ پێویسته‌و ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی پێ ڕێزكردووم ، قسه‌كردن نیه‌ له‌سه‌ر ‌خودی بابه‌ته‌كه‌ یان شه‌ن وكه‌وكردنی لایه‌نی خراپ وئه‌رێنیه‌كانی ئه‌م بۆنه‌یه‌‌ ، هه‌روه‌كـ به‌دووری بزانه‌ هه‌وڵێكـ بێ بۆ ناشیرینكردنی دونیای ده‌ره‌وه ‌وچاوداخستن وپشتكردن بێ له‌هه‌ر شتێكـ به‌بۆنی ئێره‌ نه‌خوا ! چونكه‌ به‌حوكمی ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاری وئاڵۆگۆڕه‌ی هاتۆته‌ پێش وه‌كـ به‌رهه‌می ته‌كنه‌ڵۆجیای نوێ‌ ، له‌یه‌كـ كاتدا هه‌موانی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ ، هه‌میش به‌ته‌نها ودابڕاو له‌یه‌كتر ، واته‌ ڕه‌نگه‌ بۆ خۆت وا پیشان بده‌ی كه‌‌ته‌نهاو به‌ته‌نهای ، جگه‌ له‌خۆت ڕێگه‌ به‌كه‌سیتر ناده‌ی له‌بری تۆ هه‌نگاو بنێ وقسه‌ بكات ، یان هه‌ڵسوكه‌وت وكاردانه‌وه‌كانت سه‌د ده‌ر سه‌د ته‌عبیر له‌ كه‌سێتی خۆت بكا ، له‌ڕاستیدا بیركردنه‌وه‌ی له‌مجۆره‌ جگه‌ له‌وه‌ی بۆ ئه‌م ‌سه‌رده‌مه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ ودووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌ ، له‌ولاشه‌وه‌ ونكردنی خود ونه‌ناسینه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خۆته‌‌ ، چونكه‌ ئیدی به‌خۆمان بزانین یان نا هه‌ر به‌ڕواڵه‌ت ته‌نها و تاكـ و دابڕاوین ! ته‌نانه‌ت به‌وسات وكاته‌شه‌وه‌ كه‌ به‌ته‌نها وله‌گۆشه‌ی ژوورێكدا ده‌رگات به‌ڕووی خۆتدا داخستووه‌ !
ده‌ی خۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌و لاساییكردنه‌وه‌ی بۆنه‌یه‌كی هاورده‌ی وه‌كـ ڤاڵانتاین ده‌رخه‌ری ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌ كه‌ئێمه‌ وابه‌سته‌و كه‌مه‌ندكێشی دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمانین !؟ ئه‌گه‌رنا فه‌لسه‌فه‌ی ڤاڵانتاین وداب ونه‌ریتی كۆمه‌ڵگای ئيسلامي وكورده‌واری له‌كوێ ؟! ئه‌پرسین ئه‌م بۆنه‌یه‌ چه‌نده‌ ئه‌مانبه‌سێته‌وه‌ به‌ڕابردوومان ! چه‌نده‌ ته‌با وكۆكـه‌‌ به‌شێوه‌ ژیان وگوزه‌رانی پێشینانی ئه‌م گه‌له‌ !؟ هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ به‌خۆماڵیكردنی بۆنه‌و یاده‌وه‌ریه‌كانی ده‌ره‌وه‌ وكۆپێكردنه‌وه‌و ته‌ر‌جه‌مه‌كردنی له‌سه‌ر تاكـ به‌تاكی ئه‌م میلله‌ته‌‌ وه‌كـ خۆی به‌بێ ته‌ته‌ڵه‌و هه‌ڵاوێردن هۆكاری سه‌ره‌كی دابڕان وپه‌رته‌وازه‌ییه‌ بۆ ناوخۆ‌ وله‌وێشه‌وه‌ بۆ ونبوون وتوانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕه‌نگـگرتن به‌ڕه‌نگی ئه‌وانیتر !
به‌داخه‌وه‌ به‌سێرچێكی كه‌م وكورت خایه‌نی تۆڕی ئینته‌رنێت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌تایبه‌ته‌ به‌ ڕۆژی خۆشه‌ویستی – ڤاڵانتاین – وه‌كـ زۆرێكـ له‌پرسه‌ فیقهی وپرسیاره‌ تازه‌كانی سه‌رده‌م زیاتر له‌ڕاو فه‌توایه‌كی دژ وپێچه‌وانه‌م بینی‌ ، هه‌ر یه‌كـ له‌ ئه‌حمه‌د مه‌مدوح ئه‌مینداری گشتی له‌دار الافتاء و هاوڕێ وهاوڕاكه‌ی خالد عیمران به‌رپرسی فه‌توا له‌ میسر ، شێخ علی الجفری له‌ صۆفیه‌كانی یه‌مه‌ن‌ ، شیخ ئه‌حمه‌د قاسم الغامدی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پێشووی ( الهیئة الامر بالمعروف والنهی عن المنكر ) له‌مه‌ككه‌ی پیرۆز ، هه‌روه‌ها عبدالعزیز الموسی ئه‌ندامی پێشووی به‌ڕێوه‌بردنی گشتی بۆ ئاراسته‌و ڕێنماییه‌كان له‌مه‌ككه‌ی پیرۆز ، نایشارنه‌وه‌و به‌ئاشكرا ئه‌ڵین ‌یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی ڤاڵانتاین جائیزه‌ ، به‌ڕای ئه‌وان له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دژ وڕووبه‌ڕوو نابێته‌وه‌ ، ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر یه‌كـ له‌وانه‌ پاساو وبیانووی خۆیان هه‌یه‌ ، گوایه‌ تایبه‌تكردنی ڕۆژێكـ له‌پێناو بیرخستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی بۆ خۆشه‌ویستی ڕێگه‌پێدراوه‌ وهیچ شتێكی تیانابینرێ بۆ حه‌رامكرنی ، یان ئه‌م ڕۆژه‌ بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ر بۆنه‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای موسڵمانان ، هه‌روه‌ها ئه‌ڵێن جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی وخۆشویستنی یه‌كتری له‌ڕێنماییه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌ ! دیسان به‌شێكـ له‌و شێخ وزانایانه‌ ده‌یچوێنن به‌ بۆنه‌كانی ڕۆژی دایكـ یان ڕۆژی مامۆستا و ڕۆژی نیشتمانی !
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌نێوان بێ ده‌نگی وخۆدوورگرتن له‌حه‌ڵاڵكردنی یان حه‌رامكردنی ئه‌م بۆنه‌یه‌ شێخ سعود الشریم گه‌وره‌ زانا وشێخی ناسراوی سعودی ڕایه‌كی تری هه‌یه‌ ئه‌ڵێ : خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه‌ سۆزێكی گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی بخزێنرێته‌ نێو بۆنه‌یه‌كی ته‌سكـ ، هه‌ر كه‌سێكـ نه‌یناسێ ته‌نها ڕۆژێكـ نه‌بێ له‌ساڵیكدا ئه‌وا به‌درێژایی ڕۆژه‌كانی تر ساڵ زیندان وتیرۆری كردوه‌ !
ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕای پێچه‌وانه‌و حه‌رامكردنی زیاتره‌ هه‌تا حه‌ڵاڵكردنی ، واته‌ ژماره‌ی ئه‌و زانا وشێخانه‌ی كه‌حه‌رامیان كردوه‌ زۆر له‌وه‌ زیاترن كه‌به‌راورد ناكرێ ، وه‌لێ ئه‌م جێاوازی ودووریه‌ له‌یه‌كتر‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ئیتر قسه‌و خوێندنه‌وه‌ ناوێ ، یان لێره‌دا ده‌وه‌ستێ وكۆتایی دێ ، چونكه‌ ئه‌م بۆنه‌یه‌ وه‌كـ یادو بۆنه‌كانی تر ساڵانه‌ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ ، له‌لایان ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن وناوه‌نده‌ ڕۆشنبیری وڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌گرنگیه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن ، هه‌روه‌ها ده‌سته‌و ده‌زگاكانی تایبه‌ت به‌گه‌نجان و‌ژنان به‌پاڵپشتی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات زیاتر بایه‌خی پێ ئه‌ده‌ن وكۆنسێرت وئاهه‌نگی بۆ ساز ئه‌كه‌ن ، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكی به‌پلان وبۆسه‌رقاڵكردن وهه‌میش مه‌ستكردنی گه‌نجان ولاوان بێ له‌سه‌ر حیسابی له‌بیربردنه‌وه‌ی كێشه‌و گرفته كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ڕۆژانه‌یان‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆرێكـ له‌بۆنه‌و یاده‌كان بوه‌ته‌ كلتوورو ساڵ له‌دوای ساڵ ئه‌بێته‌ واقیع وبه‌خشكه‌یی سه‌پێنراوه‌ ! هه‌ر بۆیه‌ ڕیزكردنی فه‌توا و ڕاو سه‌رنجی ئه‌م به‌ڕیزانه‌ لێره‌دا ئه‌كرێ ‌بڵێین ئه‌مه‌ی وتراوه‌ ته‌عبیره‌ له‌ ڕاو بۆچوونی به‌شێكی تر له‌ زانا وكه‌سایه‌تیه‌ ئاینیه‌كانی تری ناو كۆمه‌ڵگای موسڵمانان‌ به‌كوردستانی خۆشمانه‌وه‌ ، كه‌به‌هۆكاری جێاواز ونه‌ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی گونجاو ڕیگربووه‌ له‌ناسین ودۆزینه‌وه‌ی ڕاو فه‌توای گشتی وڕاجیح ! وه‌كـ چۆن له‌ڕابردوودا به‌رچاوڕوون ویه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نه‌بووین بۆ پرس وچه‌مه‌كه‌كانی وه‌كـ حزبایه‌تی وسیاسه‌ت وهه‌ڵبژاردن ، تا ده‌گاته‌وه‌ مۆسیقا وبه‌شداری ژنان له‌كایه‌ سیاسیه‌كانی ده‌وڵه‌ت وبه‌رپرسیارێتی له‌ناو حكومه‌تدا !
وتاره‌كه‌ كۆتایی پێ ئه‌هێنم به‌‌تویتێكی ئه‌كادیمی ومامۆستا له‌زانكۆی سه‌ڵته‌نه‌تی عومان دكتۆر حه‌یده‌ر له‌واتی كه‌پارساڵ وله‌هه‌مان بۆنه‌دا له‌ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێت : پێشتر ڤاڵانتاین حه‌رام وداهێنراوو بوو ، ئه‌مڕۆ ڕێگه‌پێدراوه‌ به‌مه‌رجێكـ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامیدا به‌ریه‌كـ كه‌وتن و پێچه‌وانه‌ نه‌بێته‌وه‌ ، پێشبینی ده‌كه‌م له‌داهاتوودا ببێته‌ واجیب ، ئه‌وجا وازهێنان وپشت لێكردنی تاوان وسه‌رپێچی بێ به‌رانبه‌ر به‌نه‌رمی وفراوانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیی .. !