لەحكومەت بوون،لە عەیبەوە بۆ دەستكەوت!

سۆران هەستیار
هەرێمی كوردستان لە ماوەی 3 دەیەی رابردوودا،بارتەقای سەد ساڵی وڵاتێكی ئاسایی و یاسایی قۆناغی جیاجیای بە خۆیەوە بینیوە و، شتی سەیر و سەمەرەی تیا رووداوە.
وەك ئەوەی لەیەك رۆژدا سێ‌ قایمقام لەیەك شاردا گۆڕاوە،وەك ئەوەی سەردەمێك هاتووچۆ لە نێوان دوو شاردا زۆر زەحمەت تر بوو لە هاتوچۆی نێوان دوو وڵاتی ئەوروپا! وەك ئەوەی زەمەنێك بۆ چونە بازاڕیش كڵاشینكۆف و دەمانچە بەشێك بوون لە خۆ رازاندوە و چوونە ناو خەڵك! وەك ئەوەی رۆژگارێك باو باوی دامەزراندبوو، تا وای لێهات لە فەرمانگە حكومیەكان وەك قوتابخانەكان، 3 كارمەند لەدەوری یەك مێز دادەنیشتن! ئیتر كوردستانە و سەیر و سەمەكانی تەواو نابن.
بە هامەن شێوە لە زستانی 2018 كوڕ ئەو كوڕە بوو زوو واز لە حكومەت بێنێ‌، خۆی بێ‌ بەری كات لە دەسەڵات،ئازا ئەو كەسە بوو كەس پێشی نەكەوێت و یەكەم بێت لە واز هێنان لە حكومەت.
بەڵام ئەمڕۆ دوای سەد ساڵ نا، تەنها دوای یەك ساڵ چونە حكومەت و پێكهاتنی سیاسی و رێككەوتنامەی دوو قۆڵی و، یەك دەنگی و یەك ریزی ئەمری خوایە و لە بەرژەوەندی عیباد و بیلادە!
دوێنی فیكە و هوتاف كێشان بوون، لە دژی ئەو كەسەی مەرحەبای دەسەڵاتی كردبوو،ئەمڕۆ چەپڵەلێدانە بۆ ئەو دەسكەتە مەزنە!!!،دوێنی حەرام بوو سڵاو لە دەسەڵات بكەی،ئەمڕۆ واجبێكی شەرعیە،دوێنێ‌ دانیشتن لەگەڵ حكومەت عەیبەیەكی گەورەبوو،ئەمڕۆ شاكارێكی مەزنە!
دوێنی گفتوگۆی سیاسی خۆفرۆشی بوو،ئەمڕ گەورەیی و مەردایەتییە!دوێنی دەسەڵات تەنانەتە ناوبردنیشی فەزاحەت بوو،ئەمڕ ناوبردنی جێگای شانازییە،!
دوێنێ‌ مەعارەز بوون واتای لەبەرەی خەڵك بوون بوو،ئەمڕۆ مەعارەزە بوون هیچ پێویست نیە و هەڵبژاردن بۆ چونە دەسەڵاتە!، دوێنی ئیصلاح بە دەم و چاوە تەقلیدی و نەخوێندەوارەكان نەدەكرا،ئەمڕۆ هەمان ئەو دەم و چاوانە حیكمەتیان لێ‌ ئەباری.
بەڵام قەینا دنیا هەر وایە، ئەوە نییە ئەم ساڵ بەقەد 50 ساڵی رابردوو باران باریوە! ئەوەنییە ئێستا لە كەركوك جلی كوردیش لەبەرئەكەی و كەسیش ناتگرێ‌!، ئەوە نییە ئێستا یەك تەعریفەی گورمرگیمان هەیە،ئەوەنییە ئێستا شیمالی عێراق، بۆتەوە بە ئیقلیمی كوردستان،كەواتە زۆر بیری لێ‌ مەكەنەوە، هەر چی وتیان بڵێن ئێرە كوردستانە...