خه‌می دیموكراسی یان خه‌می كورسی؟

ئه‌وه‌ی سه‌یری ڕێڕه‌وی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كانی كردبێ له‌م هه‌رێمه‌و به‌عیراقیش زۆر به‌ڕوونی بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان خه‌می كورسیانه‌ وچه‌ند وه‌زاره‌ت وپۆستی سیادی وچه‌ور به‌ده‌ست دێنن،ئیتر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كورسی له‌په‌رله‌مان به‌ده‌ست هێنا ته‌نها خه‌می لای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی پێكهێنانی حكومه‌تدا چه‌ند وه‌زاره‌تی به‌رده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی پێ ده‌وله‌مه‌ند بكات نه‌ك خزمه‌ت بكات،بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگای ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ی وه‌ری ده‌گرێت چه‌ندین كه‌سی حزبی خۆی له‌پۆسته‌ چه‌وره‌كان دابنێ ئیتر ئه‌و كه‌سانه‌ له‌م شوێنه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك ده‌كه‌ن یان گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌.بۆیه‌ ده‌بینین بارودۆخی ئابوری وخزمه‌تگوزاری ساڵ به‌ساڵ وێرانتره‌.ئایا ئه‌و حزبانه‌ بۆخۆیان بۆ ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ونیشتمانیان وا باشتر نه‌بوو كه‌ خه‌می دیموكراسیه‌ت له‌م وڵاته‌ بخۆن؟
بێگومان كاتێك دیموكراسیه‌ت هه‌بێ ئه‌وسا هه‌موو لایه‌نه‌كان وهاوڵاتیه‌كان د‌ه‌گه‌ن به‌مافی خۆیان له‌گشت بواره‌كان، به‌لام كاتێك دیموكراسی پشت گوێ خرا ئیتر گشت لایه‌نه‌كان ومافی هاوڵاتیان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسیه‌وه‌.وڵات به‌ره‌و مه‌ترسی پێكدادان ده‌ڕوات وتاكڕه‌وی له‌خولیای سه‌ری حزبه‌ به‌هێزه‌كان ده‌دات ،ئه‌وسا ئیتر هه‌رچی بكرێت بۆچاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كان ته‌نها ده‌بێته‌ به‌فیڕۆدانی تواناكان وكوتانی ئاسنی سارد.ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه‌ ده‌بینی حزبانێك به‌ژماره‌ی كورسی دوو هێنده‌ی ئێستایان نه‌یانتوانی چاكسازی له‌ناو حكومه‌ت بكه‌ن كه‌چی ئێستا به‌م خه‌ونه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو حكومه‌ت،مه‌سه‌له‌ی كوردی هه‌یه‌ ده‌لێت"گوریس به‌یه‌ك قه‌دی نه‌ده‌گه‌یشتێ ئه‌وجار به‌دووقه‌دی ".به‌ڕاستی سه‌یره‌ تۆ له‌م هه‌رێمه‌ ده‌بینی ئه‌وانه‌ی دوێنی هه‌رایان نابووه‌ له‌سه‌ر حزبێك چونكه‌ له‌گه‌ل یه‌كێتی وپارتی له‌حكومه‌ت بوون ئێستا خۆیان هه‌موو ڕێگایه‌ك ده‌گرنه‌ به‌س بۆ نزیكبونه‌وه‌ له‌وان ،ئایا ئه‌وان گۆڕاون یان ئێوه؟‌ له‌ڕاستیدا جگه‌ له‌خه‌می كورسی هیچی تر نیه‌.
بۆچی خه‌می هه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز وكاریگه‌ر ناخۆن بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌حكومه‌ت بكه‌ن خۆیان چاكسازی بكه‌ن له‌م سیتسه‌مه‌ سیاسیه‌ مۆله‌قه‌؟ خۆ هه‌موو ده‌زانین ده‌بێ وابێ ئه‌ی بۆچی نه‌كرێته‌ مۆدێل كه‌ هه‌ر حزبێك ده‌نگی زۆرینه‌ی هێنا با ئه‌و حكومه‌ت پێك بهێنێ وئیتر باشی كرد یان خراب ئه‌وا دواتر له‌ هه‌ڵبژاردنی تردا بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه‌.ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژاردنیش بۆته‌ پڕۆسه‌یه‌كی پڕ هه‌ڵه‌وكه‌م كوڕی وبۆ هێشتنه‌وه‌ی دوو حزبه‌ كۆنه‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر كورسی.پێ ده‌چێ بۆ نه‌وه‌ی خۆشیان مسۆگه‌ریان كردبێ ئیتر بارودۆخی ئیداری وئابووری وسیاسی به‌كوێ بگات ئه‌وان خه‌میان نیه‌ به‌ڵكو ته‌نها خه‌می ئه‌وه‌یانه‌ چه‌ندیان پێ ده‌بڕێت .ئه‌وه‌ی له‌هه‌مو زیاتر جێگای داخه‌ ئه‌م دووحزبه‌ گشت كایه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌كار دێنن بۆ پته‌وكردتی پێگه‌ی حزبی خۆیان وپشت گوێ خستنی خه‌می خه‌ڵك،كه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌داهاتودا وڵات به‌ره‌و بارودۆخێكی نه‌خوازارو ببات.له‌م هه‌رێمه‌ خاوه‌ن پێنج ملیۆن هاوڵاتیه‌و وده‌وڵه‌مه‌ند به‌ده‌یان سه‌رچاوه‌ی داهاتی كانزایی وكشتوكالی وسروشتی ومرۆیی وفیكری وجیۆپۆلیتیكی كه‌چی خه‌ریكه‌ هاوڵاتیانی له‌ژیانێكی پڕ نه‌هامه‌تی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئایا بۆ مانه‌وه‌ی خۆتان ودڵنیابون له‌خۆتان باشتر وانیه‌ كه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن ؟یانیش پێتان وایه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگا بریتیه‌ له‌بردن وفه‌رهود كردنی داهاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆ حزبه‌كانتان وده‌واتر لاوازكردنی پێگه‌ی یاسا وحكومه‌ت وپه‌رله‌مان درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی خۆتان بده‌ن.
ئێستا هه‌موو سه‌رچاوه‌كان له‌به‌رده‌ستی دوو حزبی پارتی ویه‌كێتیه‌،هه‌رشتێك ئه‌وان بیانه‌وێت باوی ده‌بێ وسه‌رده‌گرێ ئه‌وه‌ی نه‌یانه‌وێت سه‌رناگرێت،ئه‌گه‌رچی خه‌ڵك وجه‌ماوه‌ر به‌ هه‌فته‌ یان به‌مانگ وساڵیش بایكۆت بكه‌ن وخۆپیشاندن بكه‌ن وناڕازی ببن ئیتر هیچ سودێكی وه‌های نیه‌ وخۆیان له‌خه‌تی سی وشه‌ش ده‌ده‌ن له‌ئاستیان وبگره‌ تۆمه‌تی ئاماده‌كراو بۆیان هه‌ڵده‌به‌ستن وسه‌ره‌نجام خه‌ڵك له‌ بێ ئومێدی ده‌مێنێته‌وه‌ یان به‌ره‌و هه‌نده‌ران ،یان به‌ره‌و لای ئه‌وان ، یانیش ده‌سته‌وئه‌ژنۆ، تاوه‌كو لایه‌ك به‌لایه‌ك ده‌كه‌وێت .ئیتر پێم بلێن كوا دیموكراسی له‌م ولاته‌ ،كاتێك چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌وتبێته‌ ژێر هه‌ژمونی چه‌ند حزبێك ئه‌وانیش گاڵته‌یان پێ بكه‌ن وڕۆژێك به‌شه‌ڕ دێن وڕۆژێك هاوپه‌یمانن وڕۆژێكی خیانه‌ت باری یه‌كتر ده‌كه‌ن وبه‌شه‌و نه‌یارن وبه‌رۆژیش دۆستن.دڵنیابن خه‌ڵك بێزاره‌ لێتان وكه‌س چاوه‌ڕێی چاكبونتان لێ ناكات ،دلنیابن خه‌ڵك سه‌ری بۆ ئاسمان به‌رز كردۆته‌وه‌ نزای ئاوابونتان ده‌خوازێ .چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ بردنی میله‌تێكی خاوه‌ن ده‌یان هه‌زار شه‌هید نیه‌،ئه‌وه‌ پاداشتی ئه‌و میله‌ته‌یه‌ كه‌ له‌گه‌لتانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌چی ئێوه‌ش گاڵته‌ به‌چاره‌نوسی ده‌كه‌ن.دڵنیابن ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی ڕابردوو لێتان ببورێت ئه‌وا نه‌وه‌یه‌كی تر به‌ڕێوه‌یه‌ له‌پێناو ژیانی خۆی هه‌موو شت ده‌كات.ده‌سا خه‌می وڵاتان بێت به‌سیه‌تی له‌ڕاگه‌یاندن دوژمن له‌پشته‌وه‌ دۆست.خه‌می دیموكراسیه‌تان بێت ،خه‌می كورسیتان نه‌بێت،خه‌می په‌روه‌رده‌ی وپێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی هۆشیار وخاوه‌ن ئیراده‌تان بێت.بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌لتان ڕوبه‌ڕووی هه‌موو دوژمێنك ببێته‌و نه‌ك خۆزگه‌ به‌هاتنی دوژمن بخوازێت.ئیتر ئێوه‌ش وه‌كو مرۆڤ سه‌یری ئه‌م خه‌لكه‌ بكه‌ن وئێوه‌ش مرۆڤن وه‌كو ئه‌وان وهیچ پله‌یه‌ك له‌سه‌رووی ئه‌وان نین.وا مه‌زانن به‌هه‌بوون هێزوپاره‌ وده‌سه‌ڵات ده‌توانن خۆتان له‌وان به‌رزتر ڕاگرن ئه‌وه‌ هه‌موی كاتیه‌ وڕۆژێك دێت وه‌كو خه‌ونێك ده‌ڕوات. ئێمه‌ش وه‌كو دڵسۆزی خۆتان ونیشتمانه‌كه‌مان پێتان ده‌لێین له‌م خه‌وه‌ قوڵه‌ هه‌ستنه‌وه‌،خه‌مێك له‌م ئه‌زمونه‌ بخۆن ودیموكراسیه‌ت پیاده‌ بكه‌ن.ئه‌وسا هه‌مومان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش هه‌نگاو ده‌نێین وبه‌یه‌كه‌وه‌ حزب وحكومه‌ت وجه‌ماوه‌ر وڵات به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ڕاسته‌قینه‌ ده‌به‌‌ین.