بنەما ،ئۆ پۆ زسیۆن ، ئەخلاقی سیاسی


ئەم سێ دەستە واژەیە وەك بەكار هێنان نامۆ نیە بە سیاسیەكان و چاودێرەكانیش ، بەڵام لە وانەیە سەر كەوتوو نە بووبن لە ڕێك خستنەوەی یاخود گرێ دانی هەریەكەیان بەوی ترەوە ، بۆیە زۆر جار سیاسیەك كاتێ باسی موعارەزە بون دەكات یان دەیەوێت حیزبەكەی وەك موعارەزە بناسێنێ بە خەڵكی وا دەزانێ باس لە بنەما سەرەكیەكانی حیزبەكەی دەكات و زۆر كۆنكرێتیانە قسە دەكات و بیری دەچێتەوە یان چوەتەوە بنەما ی حیزبی جیایە لە تەكتیكی حیزبی بۆیە ئەوەندە دەڕوات ڕێگایەك بۆ گەڕانەوە ناهێڵێتەوە و ئەوەندە توند دەچێتە ئەم باسەوە ڕێك نزیكی دەكاتەوە لە دوژمنایەتی و بینینی بەرامبەر بە چاویلكەیەكی ڕەش و هەرچی شتە سپیەكانیشە خۆی دەكاتە میرات گری و كەمێكیش بۆ لایەكی تر دانانێت ، چونكە ئەگەر بڕیار وا بێت هەموو شتەكان ڕەش بوبن و دەرفەتێك نەبێت بۆ چاك كردنەوەی ئەو كاتە ئەبێت لە سەر هێلێكی تر كار بكەین كە دوور دەبێت لە موعارەزە و سەر بۆ كودەتا و سڕینەوە و بەدیلی بوونی دەبات ،.
بنەمای حیزبی هەندێك بیر و بۆچونە كە كۆنگرەی ئەو حیزبە دەنگیان بۆ داوەو حیزبەكەی پێ دەناسرێتەوە و دەبێتە جیاكەرەوەی لە حیزبێكی تر و زۆر بە دەگمەن گۆڕانكاری بە سەردا بێت و ئەو حیزبەش بە هۆكاری تایبەتی خۆی ئەندام و لایەنگرانی لە پێش هەموو كەسێكەوە لە سەر ئەو بنەمایانە پەروەردە دەكات و پاشان لە ڕوانگەی ئەو بنەمایانەوە خۆی دەناسێنێت بە و كۆمەڵگای تێدا دەژی .
ئەخلاقی سیاسی وا دەزانم ناكرێت بكرێتە موڵكی لایەنێك و كەسی تر نەتوانی باسی بكات ، بەڵام ئەوەی گرنگە پابەند بوونە پێوەی ، گرفتی لایەنە سیاسیەكان ئەوەیە لەم مەجالەدا زۆریان بێ تفاقن و هەتا هەنێكیان لە ژێر فشاری نەفس و ئارەزویاندا بڕوایان بەخۆیان كردوە كە لە سیاسەتدا ئەخلاق بونی نیە یاخود پێیان وایە سیاسەت كردن وات لێ دەكات نەتوانی پابەند بیت بە ڕێساكانی ئەخلاقەوە ، لە ڕاستیدا ئەمە بیدعەیەكە داهێنراوە و ئەوانە ی لایخۆشمان زیاتر ئاویان تێ كردوە ، ئەگینا لە ڕاستیدا سیاسەت لە بنەمادا بریتیە لە عیلم وەك هەموو بوارەكانی تری زانست و زانیاری و ئەمەیان پەیوەستە بە شێوازی بەڕیوە بردنی كۆمەڵگا و ناكرێت كەسێك یان لایەنێك بانگەشە بۆ كارێكی ئاوەها مەترسی دار و گرنگ بكات و لە هەگبەكەیدا هیچ جۆرە زانیاریەكی لە سەر ئەم بوارە وەك عیلم پێ نەبێت ، هەركاتێ سیاسەت بە بێ زانست كرا ئیتر ئەو كاتە ئەم جۆرە زانستە دەگۆڕردرێت بۆ شێوازی تر و دەبێتە مەترسی و نەخۆشی بە سەر كۆمەڵگەوە ، یۆیە هەركاتێ ئەخلاق و سیاسەت لە یەك جودا دەكرێتەوە ئەو جوداییە ناوێكی تری بۆ دروست دەكرێت وەك ( ستەم ، دیكتاتور ، پیاوی بێگانە بوون ....هتد )و لە سیاسەت وەك عیلم و مەعریفە دوور دەكەوێتەوە ، لەڕاستیا هەتا لایەنە سیاسیەكان هێڵێكی هاوبەشی نێوان ئەم سێ كوچكەیە نەدۆزنەوە و پێوەی پابەند نەبن ناتوانن خزمەت بە نیشتمان و هاوڵاتی بكەن ، و هەر ئەوەشە ئەمڕۆ لە عیراق و هەرێمیش بوەتە یەكێك لە سەرچاوەی نەهامەتی و دەتوانین بڵێین بە مانا زانستیەكەی ئەمڕۆ لەم ووڵاتەدا مومارەسەی سیاسەت ناكرێت بەڵكو بە مانا لادراوەكەی مومارەسە دەكرێت و ئەوەش ئەنجامەكەیەتی كە دەی بینین لە ووڵاتێكی دەوڵەمەندی وەك عێراقدا ئەو هەموو بێكاری و هەژاریە باڵی كێشاوە بە سەر خەڵكیدا ، لێرەوە گرنگی بونی ئەخلاقی سیاسی دەردەكەوێت .
بۆیە دەتوانی موعارەزە بیت نەك خوڵقاندنی دوژمنایەتی و سڕینەوەی بەرامبەر ، دەتوانی دەست بگریت بە بنەماكانی كە خۆت قەناعەتت پێی هەیە و بیكەیتە خاڵی جیا كەرەوەی خۆت لە گەڵ لایەنێكی سیاسی تردا ، ناكرێت بە بیانوی ئەوەی سیاسەت بە ئەخلاقەوە ناكرێت خۆت دابڕنی لە هەموو جۆرە ئەخلاقێكی سیاسی ، ئەخلاقی سیاسی زانستە ، دەبێت بخوێنرێت لە لایەن سەركردەكانەوە ، ئەوە لەم زانستەدا پلەی باشیان نەهێناوە بۆیە كۆمەڵگا بەم دەردە چوە ، تا نەگەڕێنەوە سەر ئەم زانستە و نەیخۆینن و پابەند نەبن پێوەی ئیتر ئەو لایەنانە و كەسانە پێیان ناوترێ سیاسی بەڵكو ئەكرێت ناو بنرێن ( ستەم كار ، گەندەڵكار ، دیكتاتۆر ، بەكرێ گیرا و ... هتد )