کردنەوەى کارگە لەکەرتە جیاوازەکانی ئابووری هەرێمى کوردستاندا هەرچۆن بێت دڵمان خۆش دەکات و هەناسەیەکمان بە بەردەداتەوە ، چونکە چاک ئەوە دەزانین ئابووریى هەرێمی کوردستان پێویستى بەم هەنگاوە گەورانە هەیە.
ئابووری هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئابوورییەکە لەسەر بنەمای بەکاربردن کاردەکات، واتا رەگەزی بەرهەمهێنان تێیدا زۆر لاوازە، کردنەوەی ئەم کارگانە دەکرێت ببێت بە فریادڕەسی ئابووریی هەرێمی کوردستان كە نەخۆشی بەکاربردن کە تاسەرئێسقان چووە.
باشتر با بچینە نێو بابەتەکە ،ئەگەر جار جار کارگەیەکى زەیتى زەیتوون بکرێتەوە رەنگە ئەوانەى لەو 10 هەزار دۆنم زەوی چێنراوەى زەیتون کە پشکێکیان هەیە کە نزیکەی دوو ملیۆن درەختی زەیتونیان لەخۆگرتووە دڵیان خۆش بێت کە بەرهەمەکەى ئەوان بازاڕى بۆ پەیدا دەبێت و سوک وئاسان بەرهەمەکانیان هەڕاج ناکرێت.
بۆیە ئەو نمونەم باس کرد بۆ بۆ ئەوەى بزانین پێویستى سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی پیشەسازییەکانی ناوخۆ چەندە گرنگە پەیڕەو بکرێت، بۆ ئەوەش دەبێت بەخشینی کارگەکان لە باج‌و دانانی گومرک لەسەر ئەو بەرهەمە هاوشێوانەی کە هاوردە دەکرێـت جێبەجێ بکرێت.
بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی‌و گەشەسەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان‌ بەوە دەکرێت کارگەکانى خۆمان پەرەپێ بدەین بۆ ئەوەى هەر هیچ نەبێت لەو 5 هەزار کارگەیەى کە مۆڵەتیان پێدراوە هەزار کارگەیان بکەینە هەوێنى پێشخستنى بەرهەمى خۆماڵى و بەگەڕخستنى دەستى کار وسەرمایەى خۆماڵى.
دەبێت بیر لەوە بکینەوە بە پلانێک کە لەسەر کاغەز بێتە سەر ئەرزى واقیع کارگەکان بکەینە شوێنى ساغکردنەوەى بەرهەمە ناوخۆییەکان ، بۆنمونە جووتیاران بەرهەمى زۆریان هەیە ئەگەر ئەوە بکرێت ئەوان دەپارێزێن لە نزمبونەوەی نرخی بەرهەمەکانیان، هەروەها گەرەنتییەکە بۆ زیادبونی بەرهەمی خۆماڵیش و خەلکى تریش رووى تێدەکەن.
بەکردنەوەی کارگە رێگا لە چوونە دەرەوەی پارەی ناوخۆی هەرێم دەگیرێت کە بۆ ئەوە ساڵانە بەلاى کەمى 15 بۆ 20 ملیار دۆلارمان دەڕوات بۆ گیرفانى خاوەنى کارگەکانى بیانى.
هەڵبەت کردنەوەی ئەم کارگانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی کارکردن بۆ ژمارەیەک لەدانیشتوان دەڕەخسێنت، بەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو رێژەی بێکارییەی کە لەئێستادا بەرزە.
ئەگەر کارگەیەکى خۆماڵى بکرێتەوە نابێـت بە کەمى بزانین چونکە کارگەیەک بۆ ئێمە و ئابوورى ئێمە کەم نیە و هەرچ نەبێت دەکرێت هاندانى بەدواوە بێت بۆ ئەوەى سەرمایەدارانى تر چاوى لێ بکەن و بکەونە کێبڕکییەک کە هەم ئەوان و هەمیش نشتیمانەکەمان سودی لێوەردەگرێت.
گرنگترین شت ئەوەیە کارگەى وڵاتانى تر بهێندرێتە کوردستان و حکوومەت و داموو دەزگاکانیش ئەوپەڕى ئاسانکارى بکەن چونکە ئەو ئاسانکارى و ئیمتیازاتانە کە چەند ساڵە لە کەرتى وەبەرهێنان داومانە دەبێت بیگوازینەوە بۆ ئیمتیازدان بەو کەسانەى کارگە دەکەنەوە.