نامەكانی ڕاپەڕینی ساڵی 1991


ڕاپەڕین ڕوداوێكی مێژوویی بوو ، كە دەكرا زۆر جوانتر لە مێژووی ئەم گەلەدا بنەخشانرایەت و نەوەكانیشی بە تامەزرۆوە هەموو جار بچونایەتە سەر ئەو بەشەی مێژوكەیان و شانازیان پێوە بكردایە ، نەك لە بیری خۆیان ببەنەوە و حەز بە باس كردنیشی نەكەن ، و گاڵتەشی پێ بكەن .
ئەم ڕوداوە هەرچۆنێك بێت گەلێك نامەی پەخش كرد كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین بە كورتی :
نامەی یەكەم : ستەم هەر كەس بیكات ، لە هەر زەویەكدا بێت ، لە ژێر هەر ناونیشانێكا بێت ، بەرامبەر هەر كەس كرا بێت ، پشت بە هەرچی ببەستێت ، وەك پەتێك دەبچڕێت و لە پێشا سەرانی ئەو ستەمە لە ناو دەچن و زۆریشیان بە ناشیرین ترین شێواز ئەم ژیانە بەجێ دەهێڵن و ئەگەر مردوەكانی بەردەستی ئەمان واتە ستەم كارەكان مەدالیای گەورەیی و فیداكاریان پێ ببەخشرێ لە لایەن گەلانەوە خۆ ئەمان هەڵواسین لە شوێنە گشتیەكان و تف و بەرد باران كردن .... هتد چاوەڕێیانە و ئەمەش ڕوداوە مێژووییەكان بۆمانی سەلماندوە پێویست بە زۆر لە سەر وەستانی ناوێت .
نامەی دوەم : ڕاپەڕین نامەیەكی ڕۆشن بوو بۆ ئەوانەی بوبون بە ژێر باری دەرونی بێ هیوایی و ڕەش بینی و كورت بینی و سەری خۆیان هەڵگرتبوو ، كە ڕۆژێك دێت ئەم بارە نالەبارە كۆتایی دێت و چەرخەكە بە جۆرێكی تر دەسوڕێتەو ەو بێ هیوایی كۆتایی دێت ، ئەوەی ژیا بێت لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی صەدامدا و كەمێك چاو بنوقێنی َو بە خەیاڵ بگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتانە بیری دەكەوێتەوە كە دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ئەو كاتە چۆن ژیانیان لەو خەڵكە تێك دابوو و كابرا لە دیوارەكەی خۆی بە شك بوو ، تەنها ئەگەر هەواڵێك بدرایە كە ( موخەڕیبێك ) بە واتاو دەستە واژەی ئەوان و ( پێشمەرگەیەك )چوەتە ماڵێك و یەك پەرداخ ئاوی خواردوەتەوە یان تیكەیەك نانی خواردوە ئەوە تەواوی ئەو ماڵە بە شۆفڵ دەڕوخا و خاوەن ماڵەكەش بۆی نەبوو نە چاكی بكاتەوە نە شتەكانی لە ژێردا دەر بهێنێ و لەم شێوازە زۆۆۆریان كرد.
نامەی سێیەم : سەرەتای هەموو ڕاپەڕینێك سەرەتای یەكەم هەنگاوی گۆڕانكاریە بەرەو ژیانێكی تر ، ئەگەر دەست بەو گۆڕانكاریە نەكرێت و پلان و پیاوی دڵسۆزی بۆ ئامادە نەكرێت ، كات لە بەرژەوەندی ئەو روداوە مێژووییە نابێت و نەوە لە دوای نەوە دڵ سارد دەبن و ئیتر گێڕانەوەی مێژوو نە نەوەكانی داهاتوو تێر دەكات نە لە سەرماو گەرما دەیان پارێزێت و كاتێك دەزانی لە یەك دابڕانێك لە نێوان ڕوداوێكی وا مێژوویی گەورە و نەوەكاندا ڕوو دەدات و ئەو كات وەك ئەفسانە دەڕواننە ئەو ڕووداوە و عیچ نرخ و ئیعتبارێكی بۆ دانانێن نە بۆ خۆی نە بۆ گیان فیدا كارانی یاخود ئەندازیار و پلان بۆ دانانی .
نامەی چوارەم : بۆ هەموو تاكێك لە هەر ئاستێكدا بێت ، لە هەر بارێكی كۆمەڵایەتی یان سیاسی یان زانستی ... هتد كە چیت بەخشی بەو ڕوداوە زێڕینە و ؟ ئەو هەلەی بۆت ڕەخسا چیت تێدا ئەنجام دا ؟ دوای ڕا پەڕین وولاِت پێویستی بە تۆ هەبوو لە كوێ بویت ؟ ئا هەستت بە بەر پرسیاریەتی كرد بەرامبەر ئەو گوڕانكاریە ؟ یاخود خۆت دزیەوە لە بەر پرسیاریەتی و بۆ خۆت لێی دانیشتی .
جا ئەو پرسیارەی زۆر گرنگە لێرەدا بكرێت ئەوەیە كام لەم نامانە وەك خۆی خوێنراونەتەوە ؟ و كەڵكی لێ وەر گیراوە ؟ كام لە نامەكان پشت گوێ خراوە و نەخوێنراونەتەوە ؟ یاخود سوتێنراون و پێویست بە ڕاپەڕینێكی تر دەكات تا بنوسرێنەوە ؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بەجێ دێڵین بۆ خوێنەری بەڕێز و مێژوو
بەغداد 7/3/2019