چێژی خۆراك لە ترشی و سوێری و چەوری و شیرینیەكەیەتی، بەپێی ڕێنمای پزیشكیش ئەو خۆراكانە زیانیان زیاترە لە سودیان، بەردەوام بون لەسەر خواردنی ئەو جۆرە لە خۆراك كەسەكە توشی چەندین نەخۆشی كوشندە دەكات، بۆیە وا پێویست دەكات پاش خواردنی ئەو خۆراكانە دەوا بخۆێت بەدوایاندا، دیسان دەواكەش بەدورنیە لە دەرهاویشتەی نەرێنی، كەواتە ژیانی مرۆڤایەتی لەمەترسیدایە بەهۆی هەم دەرد و هەم دەواكەوە، ئەوە ئەگەر دەردەكە كە خۆراكەكەیە و دەواكانیش ساختە نەبن، ئەمە دیسان ئەوەندەیتر مەترسیەكە زیاتردەكات، چونكە دەركەوتووە كە زۆرێك لە دەواكانیش ساختەن و هیچ كاریگەریەكیان لەسەر نەخۆش و نەخۆشیەكان نیە.
ئەو مەترسیانە كاتێك بنە بڕ دەبن كەی مرۆڤ توانی كۆنترۆڵی خۆی بكات و تەنها خۆراكی تەندروست بخوات، بەڵام چێژی خۆراك و نەوسی مرۆڤ وادەكات كە كۆنترۆڵكردنی زۆر ئەستەم بێت، زۆر كەمن ئەوانەی ناچاری پارێزی لەو جۆرانەی خۆراك دەبن، ئەوانیش كەسە نەخۆشەكانن، من كەم كەسم بینیوە نەخۆش نەبن و پارێز لە خواردنی شەكر یان خوێ یان چەوری یان گۆشتی سور یان نانی سپی یان خواردنەوە گازیەكان و كحولیەكان بكەن، لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا جوڵەی كەم و وەرزش نەكردن و ژینگەی ناتەندروست، هێندەیتر خەڵكی تەممەڵ و قورس و قەڵەوكردووە.
باوەڕناكەم هیچ خێزانێك هەبێت كەسێك یان زیاتری خێزانەكەی جۆرێك لە نەخۆشیەكانی سەردەمی نەبێت.
سەرچاوەی هەمو نەخۆشیەكانمان لە دوو حاڵەت بەدەرنیە، ئەوانیش خۆراكی نا تەندروست و وەرزش نەكردن، ئەوە بێ لەو نەخۆشیانەی كە خودی كەسەكە خۆی هۆكارنیە بۆ توشبونیان، وەك نەخۆشیە بۆ ماوەییەكان و گوازراوەكان و ڕوداوەكانی هاتوچۆ.
كەواتە ببە بەپزیشكی خۆت، پێش ئەوەی ناچار بە ڕەچەتەی پزیشك و دەفتەری نەخۆشیە درێژخایەنەكان ببیت، چونكە گەر خۆت نەبیت بە پزیشكی خۆت هەمو پزیشكی جیهان چارەی نەخۆشیەكەت ناكەن.
پابەندبە بە ( خۆراكی تەندروست، وەرزش، ژینگەی تەندروست).