ئیسلام و رۆژئاوا , روداوەکەی نیوزلەندا و دیدێکی تر، دوور لە عاتیفە

 


سەرەتا دوعاخوازم خوای گەورە قوربانییەکان پلەی شەهید و ، بریندارەکانیش شیفای خێر و ئەجری شەهیدیان بداتێ.
رۆژئاوا هەموی شەڕ نییە ، وەک چۆن رۆژهەڵاتی ئیسلامی هەموی خێر نییە . رۆژئاوا وەکوو سیستەم ، ئازادی ئاینی بۆ دەیان ملیۆن موسڵمان فەراهەم کردووە ، زۆرێک لەو موسڵمانانە ، لە وڵاتی خۆیان راونراون ، یان لە زیندان کراون ، وەکوو سەلمان عۆدە و هاوڕێکانی لە سعودییە ، هەزاران بانگخواز و چالاکوانی مەدەنی لە میسر ، لە بەرامبەردا هەزاران بانگخواز و چالاکوانی مەدەنی ، لە رۆژئاوا ئازادانە کاری خۆیان دەکەن .
ئیتر بۆچی پەیوەندی رۆژئاوا و رۆژهەڵات ئاوا شێواوە؟ ناچمە سەر باسی مێژوویی کە دەیان هۆکار و فاکتەر دەگرێتەوە. بەڵکوو لە مێژوی تازەوە قسە دەکەم .
رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەمێکە خوێن لە نێوانیان رژاوە. لە مێژووی نوێدا ، کاتێک داعشییەک ، یان قاعیدەییەک ، لە ناو رۆژئاواوە هێرش دەبات ، دەبێ بزانین توندرەوەکانی ئەوانیش بێ دەنگ دانانیشن . داعشییەکەش دەڵێ : رۆژئاوا لە وڵاتی خۆمان هێرش دەکاتە سەر موسڵمانان ، بەم دوو ئاڕاستە دژەوە توندوتیژی دروست دەبێ .
کاتێک پۆلێک سەحابە کۆچیان کرد بۆ حەبەشە ، پێغەمبەری نازدار ص پێی گوتن پاشایەکی دادپەروەری لێیە ، سەحابەکانیش لە حەبەشە ، دەیانبینی مەسیحییەکانی حەبەشە ، چۆن عیبادەت دەکەن و عەقیدەیان چۆنە ، دەستیان نەبرد بۆ کوشتن و بڕین بە ناوی ئیسلام و تەوحیدەوە، هاوکات یاسا شکێنیان نەکرد ، بەڵکوو رێزی تەواویان لە یاسا و سیستەمی سیاسی حەبەشە گرت ، کە لە ئینجیلەوە چاوگەی گرتبوو ، نەشیان وت ئەو ئینجیلە بەدەس نوسراوەتەوە و یاسا و رێسای کوفرن . بەڵکوو بە ڕەوشتی جوان و یاسا پارێزی ، حەبەشە و پاشایان کردە موسڵمان، نەک بە شمشێر و تەکفیر کردن.
رۆژ ئاوا دار ئەلحەرب نییە ، بەڵکوو دار ئەل لجوئە ، ئەو دوو دارە ئەحکامی خۆیان هەیە.
لێرەوە دەڵێم : توندرەوی نازی و توندرەوی گروپە بە ناو ئیسلامییەکان، هەڕەشەی جددین بۆ مرۆڤایەتی . ئەگەر موسڵمانان پەلەیان نەبێ ، لە ئایندەیەکی نزیک یان دوور ، ئەوروپا، بێ شەڕ و بێ تەقینەوە ، دەبێتە موسڵمان ، پێشەوا سەعید نوورسی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئەوەی پێشبینی کردووە ، ئەوروپا باش دەزانن ئەوە دێتە دی ، هێرشەکەی نیوزلاند هەوڵە بۆ رێگە گرتن لە موسڵمان بوونی ئەوروپا ، تاوانبار خۆی وادەڵێ ، کەواتە باشتر وایە سوڵحی رۆشنبیری و فەرهەنگی لەگەڵ رۆژئاوا بکەین . تاوەکوو پرۆسەی موسڵمان بوونی رۆژئاوا ئارام و دوور لە خوێن بێ . کە لە دوو رەهەندەوە سەرکەوتنە :
1- موسڵمان بوونی رۆژئاوا لە خۆیدا سەرکەوتنە .
2- شمشمێر بە کار نایات لەو سەرکەوتنە .
ئیتر ئەو قسەیە کۆتایی دێ کە شمشمێر خەڵک دەکاتە موسڵمان ، هاوکات موسڵمان بوونی رۆژئاوا بێ شەڕ، باشتر لە دڵەکان دەچەسپێ و ، گۆڕانکاری بێ شمشێر دەبێتە بەشێکی ئارام لە فەرهەنگ و رۆشنبیری رۆژئاوا.
لەو سەرکەوتنەوە قۆناغێکی تری ستراتیژی بۆ ئیسلام دەست پێ دەکات،
وەک چۆن سوڵحی حودەیبیە سەرەتای قۆناغێکی نوێی ستراتیژی بوو