جاسیندا دەرسێک کە دەبێ سەرکردەکانی ئێمە فێری بن !

شێوازی ئیدارەدانی جاسیندا ئاردێرن ی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بۆ تاوانی سەر دوو مزگەوتەکەی کرایست چێرچ زۆر سەرنجڕاکێش بوو ، ئەم ژنە کە هێشتا تەمەنی نەبۆتە چل ساڵ و کەمتر لە دووساڵە سەرۆک وەزیرانە هەر لەساتەوەختی تاوانەکەوە هاتە سەرخەت و وتی " نیوزلەندا نیشتیمانی موسوڵمانە قوربانیەکانە ، ئەوان غەریب وتەنیا نین ، ئێمە هەموو لەپشتیانین ، ئێمە یەکین"

جاسیندا لە ساتی یەکەمی تاوانەکەوە بێ مینجە مینج و ڕاڕایی وتی " ئەمە تاوانێکی تیرۆریستیە" بەڵام حازر نەبوو ناوی تیرۆریستەکە بهێنێ و وتی " ئەو نابێ بکرێتە پاڵەوان ، پاڵەوانی ڕاستەقینە قوربانیەکانن ، ئەوان دەبێ ناو و یادیان زیندوو ڕابگیرێ و چیرۆکەکانیان بگێڕدرێتەوە"

جاسیندا دوایی ئەوە بەڵێنی دەسکاری کردنی یاساکانی چەکهەڵگرتنی دا ، بەپێچەوانەی ترامپەوە کە سەرەڕای دەیان تاوانی هاوشێوە لە ئەمریکا ڕازی نیە دەسکاری یاسای چەکهەڵگرتن لە ئەمریکا بکرێ .

خانمە سەرکردە نیوزلەندیەکە هەر بەمەشەوە نەوەستا و بە بە دەربڕینی هاوسۆزی ڕەها وبەردەوام بووە بەشێک لە کەسوکاری قوربانیەکان ،
پیرۆزیەکانی ئەوانی پۆشی ، باوەشی بە کەس وکاری قوربانیەکاندا کرد و لەگەڵیان گریا ،چەندین ئایەت وفەرمودە وسڵاوی موسڵمانانی بەکار هێنا ، خەرجی هاتنی کەس وکاری قوربانیەکانی بۆ پرسەوسەرەخۆشی لەسەرتاسەری دونیاوە بۆ نیوزلەدا خستە ئەستۆی حکومەت و تەرمی ئەوانەشی کە ویستیان ناردەوە بۆ وڵاتەکانیان .

چەند سەفەری تایبەتی لەپایتەختەوە بۆ دوورگەی تاوانەکرد و ئامادەی نوێژی هەینی بوو لە مزگەوتی نور ، هاوکات هەموو میدیاکانی وڵاتەکەی بانگ و وتاری هەینیان لە مزگەوتەکانەوە پەخش کرد و لەهەموو فەرمانگە حکومیەکانەوە بانگی نوێژی هەینی بەرز کرایەوە وخانمە بێژەرەکانی تەلەفزێۆن لە ڕۆژی هەینیدا هەموو لەچکیان کرد و توندترین ڕێوشوێنی ئەمنی لە مزگەوتەکاندا گیرایەبەر .

جاسیندا هەموو ساتێ لە ئیدارەدانی ئەم قەیرانە بێ هاوشێوەیەی مێژووی وڵاتەکەیدا توانا وزیرەکی زیاتر نیشان ئەدا ، پرسیار ئەوەیە سەرکردەکانی دنیای ئیسلامی و لای ئێمە چۆن وەڵامی قەیرانەکان وقەیرانی هاوشێوە ئەدەنەوە !
خەڵک لە هەرێم کە لێیان دەقەومێ چی لەسەرکردەکانیان دەبینن ؟کەی دەگەنە لایان و چۆن دێن وچیان بۆ ئەکەن ؟!

بەنمونە ئێستا کە 30 ساڵ بەسەر کۆستە گەورە نەتەوەییەکانی ئەنفال و هەڵەبجەدا تێپەڕیوە کەس وکاری قوربانیەکان چەند یەکی جاسیندا هاوسۆزیان لەسەرکردەکانیان بینیوە ! بەداخەوە کە قوربانیانی ئێمە ، نەک هەر پەرۆشی وبەدەمەوەبوون نابینن ، بەڵکو ئازاری دەروونی ومەعنەویش ئەدرێن !
ئەی سەرانی ئێرە چ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ قوربانیانی تیرۆر و ڕوداو وکارەساتەکانی تردا دەکەن ؟

بەو تێبینیەش کە جاسیندا ئاین ونەتەوەشی لەهی قوربانیەکان جیایە و ئەمانەی ئێرە بەحساب هاودین و لەیەک نەتەوەونەژادن !

خۆزگە سەرکردە گەنج وخۆبەزلزان و دابڕاو و پیر ولێقەوماو و وماندووەکانیش لای ئێمە لەجاسیندای گەنج وبەتواناوە فێردەبوون چۆن وەڵامی قەیرانەکان بدەنەوە ومامەڵە لەگەڵ ژیان و کەرامەت وپیرۆزیەکانی خەڵکدا بکەن !