بـەھــار لە ڕۆشنایی پرشنگی ئایـاتـدا

بەھـار، وەرزی دەرخستنی جوانیەکانی سروشت، دەرفەتی لەئامێزگرتنی نازی ئەوینداران، فرسەتی بیرخستنەوەی بزرکراوی بەنرخی سەلیقەکاران. مەوسیمی جەمکردنی توێشوی بەکەڵک بۆ پارێزکاران، بێ کەڵک بۆ سنوور بەزێنان.
گەر لەئایاتی قورئانەوە تەماشای دیمەنی بەھاران بکەین، ئەوسا وەک ئاوێنەیەک بۆ دەرخستنی جوانی و کەماڵی خاوەنی دێتە پێش چاوان، وە زۆر بەڕوونی ئاماژەی گرنگ ئاڕاستەی خاوەن دڵانی زیندووی بێدار دەکات، لەوانە:
یەکەم: گرنگی سامانی ئاو . ئەم نیعمەتە بەھای بەرزو بڵندە، چەندە لێی بدوێین ھەقی خۆی پێ نادەین. دەی ھۆکاری سەرەکی بەھارو جوانیەکانی بریتیە لە دابارینی نیعمەتی ئاو : (وَأَنزَلْنَا مِنَ السَّمَاء مَاء)،کە بەپێی بەرنامەیەکی جێگیر ئاوداشتی زەوی دەکات. کەوایە ئاوەزداران ئەرکیانە بەئەندازەی بەنرخی ئاو مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بکەن.
دووەم: زیندووبوونەوەو ھەستانەوەو بووژانەوە. وەختێک تەماشای زەوی دەکەین وشک و بێناز ھەڵگەڕاوەو ھەست بە ژیانی تیا ناکەین. بەڵام پاش بارینی بارانی ڕەحمەت دەکەوێتە جوڵەو ئەو ھەمووە نیعمەتە جوانەی ناوی، زیندوو دەبنەوەو ھەڵدەستنەوە و تارای ڕەنگینی جوانی بەھار دەپۆشن: (وَتَرَى الْأَرْضَ هَامِدَةً فَإِذَا أَنزَلْنَا عَلَيْهَا الْمَاء اهْتَزَّتْ وَرَبَتْ وَأَنبَتَتْ مِن كُلِّ زَوْجٍ بَهِيجٍ)، تەواوی ئەم گژوگیاو دارو درەختانە ھاوژیانی شیاوو شایستە بەخۆیان پێ بەخشراوە، کە نیشانەی ئاشکران لەسەر تواناو دەسەڵاتی خالقی جیھانیان.
سێیەم: ماوەی مردن و کش و ماتی، سنووردارەو وادەی ھات کۆتایی دێت. زەوی دەبینی و پێتوایە بەتەواوی مردووە: (وَتَرَى الْأَرْضَ هَامِدَةً). ياخود زەوی دەبینی کش و ماتە: (وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنَّكَ تَرَى الْأَرْضَ خَاشِعَةً). جا ئەم دەورانی مردن و متکردنە سنووردارەو وادەی ھات تەواو دەبێ: (فَإِذَا أَنْزَلْنَا عَلَيْهَا الْمَاءَ اهْتَزَّتْ وَرَبَتْ). وە زیندوو بوونەوەو ھەستانەوە دەست پێدەکات. کەوایە دەورانی مردنی مرۆڤیش سنووردارەو وادەی ھات کۆتایی دێت. ئەمەش لە ئایاتای خوای (متعال)ـە.
چوارەم: ئەرکی مرۆڤی ئاوەزدار بریتیە لەڕوانین و تێڕامان لەو ڕوداوە گەورەیە. لەشوێنەواری ڕەحمەتی خوا، کە چۆن زەوی زیندوو دەکاتەوە پاش مردنی: (فَانظُرْ إِلَىٰ آثَارِ رَحْمَتِ اللَّهِ كَيْفَ يُحْيِي الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا)، بەڕاستی ئەو خاوەن ڕەحمەتەی زەوی زیندوو دەکاتەوە دوای مراندنی، ھەر ئەوە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە: (إِنَّ ذَٰلِكَ لَمُحْيِي الْمَوْتَىٰ وَهُوَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ).
پێنجەم: ئامانج لەم پرسە بۆ بەکارھێنانی ژیریە. تەواوی ئەم پرۆسە گرنگەی وا بەچاوی سەر دەیبینن، وە خاوەنەکەتان بۆتانی ڕوون کردۆتەوە، بۆ ئەوەیە تاکو ئێوە کەڵک لەئەقڵ و ئاوەزتان وەربگرن و بۆ پرسەکان کاری پێبکەن: (اعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ يُحْيِي الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا قَدْ بَيَّنَّا لَكُمُ الْآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ). بێگومان ھەرئەوانە دەبنە براوە کە ئەقڵ چاوساغیانە. وە ئەوانەش ژیری وەلا دەنێن و ھەواو ھەوەس ڕەواج پێ دەدەن زەرەرمەندن: (وَقَالُوا لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ).