ئەرکی ڕۆشنبیر لەکۆمەڵگادا

وەزیفەی ڕۆشنبیر چاندنی حیقد و ڕق نییە، بەڵکو دروستکردنی کەشی گفتو گۆییە بەداخەوە ئێستا چەند کەسێک کە خۆیان پێ ڕۆشنبیر و خاوەن دیدی خۆیانە بونەتە یەکێک لەوانەی کە تۆوی ناتەبایی و دوبەرەکی و لەیەک نەگەیشتن دەچێنن.
لەجیاتی گفتوگۆ و لەیەک گەیشتن تۆمەت دەبەشنەوە ئەوەی لە دەرەوەی بیرکردنەوە و بیر و بۆچوونی ئەوان بێت دەیکەن بە شەریکی شەیتان و بە ئەهریمەن وێنای دەکەن ، پێوەری مرۆڤ بوونیان ئایدیاییانەیە لە جیاتی کرانەوە.
ڕاسیسزم و ئایدۆلۆژیا دەرگای بیر و هۆشی داخستوون، هەموو موسڵمانێکیان پێ داعشە، هەموو کوردێکی دەرەوەی هزری خۆیان پێ خائین و خۆفرۆشە، پێوەریان بۆ نەیارانیان تەنها یەک تای تەرازووە یەک خوێندنەوەیان بۆهەموان هەیە.
وەهم و ترس و فۆبیا بڵاو دەکەنەوە ڕەشبینانە و کورتبینانە سەیری هەموو ئەوانە دەکەن کە لە خۆیان نین، خوێندنەوەیان بۆ کەسانی ئیسلامی و خودان ئاین و نەیاری ڕەهەند و میکانیزمی خەباتی خۆیان، تەنها لەبەرئەوەی دید و تێڕوانی سیاسیان لەوان جیایە دەیان دێوێنن، دونیا بەیەک ئایدیا و یەک چاویلکە دەخوێننەوە بەرامبەریان بەلێڵ دەبینن.

ئەرکی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ڕەخساندنی کەشی لەیەک گەیشتن و ئاڵ و گۆڕ کردنی بیرو ڕاکانە خوێندنەوەی هەموو تێڕوانینەکانە، نەک تێکشێلان و گشتاندنی تۆمەت هەڵبەستن بۆ هەمووان.
نوسەر و ڕۆشنبیری عەقڵانی دەبێت ئەوەندەی عەقڵ و هۆش ئاڕاستە دەکات نابێت هێندە لەوەتەری سۆز و هەڵچوون بدات، دەبێت بەقەڵەمەکەی ئەدەب و ئاکاری نوسین ڕەچاوکا، ڕەخنەگربێت لەو نەنگیانەی کە دەبێتە مایە لەق بوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و نادادی و یەکسانی، لەقسەکردن ڕەها نەبێت و تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتێنێت.
ئەفسوس هەندێ لەنوسەرانمان تەنها لە نوسین لە پشت لاپتۆپ و مۆبایلەکانیان شێری مەیدانن، بەڵام جورئەتی مامۆستاێکی ئاینییان نییە بەمەیدانی ڕووبەڕووی جەماوەر قسەبکات، یاخود توێژینەوەیەکی مەیدانی بکات لە بابەت پرسێکی مشتومڕ لەسەر، تەنها دەتوانێت مەقالەیەێک بنوسێت بێ ئەوەی تەواو بگڕێتەوە سەرچاوەکان حوکمی سەرپێی لەسەر پرسەکان دەدات.