دوا بە دوای هۆشیاربوونەوەی گەلان لە سەدەی نۆزدەهەم و، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی،شۆڕشی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێكرد،رۆژ بەرۆژ گڵپە و پڕوشكی ئاگری شۆڕش زیاتر و زیاتر ناوچەكەی ئەتەنی.

لە لایەكی ترەوە زلهێزەكانی وەك بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەوانی تر، مانەوەیان لەناوچەكەدا بە تەواوی ئەركی زۆر قورس كردبوون،بۆیە لە ژێر هەر دوو فشار و پاڵنەرەكە، سەربەخۆیی وەرگرتنی وڵاتان بوو بە مۆدێل و یەك بەدوای یەك سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند.

ئەوەی جێگای سەرنجە هەموو ئەوانەی لەژێر پەردەی خەبات و تێكۆشان بەسەر شانی خەڵكی بەش مەینەت و شۆڕشگێر سەركەوتن و، جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست دواجار بوون بە دیكتاتۆر و كورسی دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ كردوو رێگایان نەدا كەسی تر بێتە پێشەوە.

دیكتاتۆرەكان چەندین دەیە حوكمڕانیان كرد و، هەناسەیان لە میللەت بڕی و، سەرخان و ژێرخان و رابردوو داهاتوو و، دار و نەداری وڵاتیان تەنیا بۆ خۆیان و خانەوادەكەیان برد و دزی. سەیر ئەوەیە گەلانی سەركوتكراو، بەردەوام ئومێدیان بە خۆرئاوا هەڵچنیوە كە بێن و رزگاریان بكەن لە دەست دیكتاتۆرەكانی خۆیان،بەڵام وەك رۆژی رووناك دیار و ئاشكرایە، كە هەرگیز خۆرئاوا حەز بە دیموكراسی و عەدالەت و سەروەری یاسا ناكات بۆ گەلانی خۆرهەڵات.

سادەترین هۆكاریش ئەوەیە، ئەگەر رێگا بدەن خەڵكی چاك و پاك و عەدالەتخواز وخزمەتكار و پێشكەوتوو دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوە هیچ جیاوازێك لە نێوان ئێمە و ئەواندا نامێنێ‌،لە كاتێكدا ئەوان بەردەوام مەبەستیانە، بە هەموو دنیا بڵێن فەرموو ئەوە خۆرهەڵاتی موسڵمان و ئەوەش خۆرئاوای سیكۆلار!!! لە لایەكی ترەوە عەقڵەیەتی دواكەوتوی زۆرێك لە تاكەكانی كۆمەڵگاكانی خۆرهەڵات، ژینگەیەكی زۆر لەباری فەراهەم كردوە بۆ گەشەكردن و نەشونمای هەموو جۆرە ڤایرۆس و میكرۆبێكی كوشندە. ساخكردنەوەی چەك و جبەخانەی خۆیا و فرۆشتنی بە وڵاتانی ناوچەكە، هۆكارێكی تری ئێش و ئازاری گەلانی ناوچەكەیە.

هەناردەكردنی دەروون نەخۆش و خەڵەتاوە توندڕەوەكانی خۆیان هۆكاریكی ترە بۆ بەردەوامی بڵێسەی ئاگری شەڕ لە ناوچەكەدا. چاوبڕینە سامانی وڵاتان و، دروستكردنی پێگە بۆ خۆیان لەژێر پاساوی جۆر بەجۆر، هۆكارێكی سەرەكیە بۆ نائارامی ناوچەكە. ئیتر هەموو ئەو هۆكارانەی ئاماژەیان پێدرا و چەندین هۆكاری دیار و نادیاری تریش هۆكارن بۆ نا ئارامی ناوچەكە و خراپی حاڵ و گوزەرانی هاوڵاتیان.

هەر كاتێكیش خەڵك دوای دەیان ساڵ لە زوڵم و زۆرداری بێ‌ دەنگی بشكێنێت و ڕاپەڕێت، ئەوە رێگا نادەن گەلانی چەوساوە بە مافەكانیان بگەن و، هەر لە رێگای ئەڵقە لە گوێكانی خۆیان دەست دەخەنە ناو شۆڕشەكان و رێگا نادەن هچی تیا سەوز بێت.

وەك ئەوەی لە رێگای كودەتایەكی خوێناوی شۆڕشی میسر لەبار برا و ، ئێستاش شەڕ لەگەڵ كات دەكەن بۆ مایەپوچ بوونی شۆڕشەكانی سوریاو جەزائیر و سۆدان و لیبیا،هێزە دیكتاتۆرەكان بە ئاشكرا لە رێگای میلیشیا چەكدارەكانی (حەفتەر).خەریكی لەبار بردنی حكومەتە شەرعیەكەی لیبیان.

هەر یەك لە سعودیە ئیمارات وەك دوو دەوڵەتی بەناو موسڵمان، سەدان میلۆن دۆلاریان بەخشیوە بۆ قەتڵوعام كردنی گەلانی ناوچەكە و، هێنانە پێشەوەی خراپترین خەڵكی جەللاد و نەفام و ناشایستە بۆ سەر تەختی حوكمڕانی.

بەداخەوە دوای سەدەیەك لە سەربەخۆیی زۆرێك لە وڵاتانی خۆرهەڵات، تا ئێستا شوڕش دزە ناوخۆیی و دەرەكیەكان رێگایان نەداوە، خەڵك هەناسەیەكی ئازادی هەڵمژێ‌،تەنیا رۆژێك وەك مرۆڤ بژین،بۆ تەنیا جارێك خەویان بێتە دی، جارێك هەست بە بوونی خۆیان بكەن. ئاخر كاتێك كە شۆرش دزرا، واتا هیوا وشك بوو و ئومێد هەڵوەری،چونكە دزین و بە لاڕێدابردنی شۆڕشەكان جگە لە مایەچی و بەدبەختی هیچی تری لێ چاوەڕێ‌ ناكرێت.

زۆر جار گۆڕانكای وەك خەوی درانگانی شەو، ئەمری واقیعە و بە زمانی حاڵ واقیعەكە هاوار ئەكات بم گۆڕن!،بەڵام شوڕش دزەكان لە بۆسەدان و شەونخوی ئەكەن بۆ ئەوەی، كارێك نەكرێ‌ بە زیانی ئەوان تەواو بێت و، مەترسی لەسەر دەسەڵاتە بەزۆر سەپێنراوەكەی ئەوانەوە دروست بكات.