ئارایش وەک بەشێک لە ئەرکی ئاینی

لەو ڕووەوە کە ئافرەت خاسیەت و تایبەتمەندیی گرنگترو جیاوازتری پێدراوە لە پیاو، لەبەرئەوە دەبینین دایم لە کۆمەڵگەی باوەڕداری تەندروستدا پیاوان بە مەمنونی و خۆشحاڵیەوە خوازبێنی لەوان دەکەن بۆ دروستکردنی لانەی ھاوژیانی، چونکە خوای (متعال) بە چاکەو حکمەتی، ئافرەتی وەک یەکەم بەشی سەرەکی و بەنرخ لە زینەت و جوانی لە ژیاندا، بۆ پیاوان بەیان کردووەو شتەکانی دیکە بەدوایدا دێن و ئەم یەکەمینە: ( زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاءِ ) آل عمران/ ١٤.
دەبێت ئەم کاڵا بەنرخ و گرانبەھایە بەردەوام بەھای پارێزراو بێت، تاوەکو بەرانبەرەکەی بەتامەزرۆیی و شەوقەوە لە بیری ھاوژیانی و پێکەوە بووندا بێت لەگەڵیدا بە شێوەیەکی شەرعی و سروشتی و تەندروست. جا تاوەکو پیاو توانای ھەبێ ئەرکیەتی و دەبێ لەسەر پێ بێت بۆ جێبەجێ کردنی خواست و داوا ڕەواکانی ھاو ژیانەکەی، بۆ ئەوەی ئەویش دروست ئەرکی مەزنى دایکایەتی ڕا پەڕێنێت.
ئافرەتی ئیماندار پۆشاکی ڕەمزە بۆ ڕادەو ڕێژەی دینداریەکەی، وەختێک پابەند دەبێت بە خاسیەت و مەرجی شەرعی جل و بەرگەوە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر مەحکەمی و قووڵی ئیمان و ئاین پەروەریەکەی. زۆر جێی سەرنجە کاتێک ئاڵتون و ئاوریشم لەسەر پیاوان قەدەغە دەکرێت، کەچی بۆ ئافرەتان حەڵاڵ و ڕەوایە خۆیانی پێ بڕازێننەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەرک و ڕۆڵی ئافرەت جیاوازە لە پیاو، ئەو بەویستی خوا گێڕاوە بە(مەعشوق)ی ھاوژیانی، چونكه سروشتی حەزکردنە لە زینەت و خۆجوان کردن و خۆڕازاندنەوەو ئارایش وەرگرتن.
گەر بڕوانینە دەورانی منداڵی ھەردوو ڕەگەز زۆر ئاسان ھەست بەم جیاییە دەکەین لە حەزو خەون و خولیایاندا، ئەمە وەڵامی فیترەت و سروشتی خاوێنە، ئەویان ڕۆڵی ئەرکی باوک بوون دەگێڕێ، ئەمیان ئەرکی دایک بوون دەنوێنێ. دەی وەختێ حەزکردن لە زینەت و جوانی و خۆڕازاندنەوە داوای سروشتی ئافرەتە، ھەرئەمە بۆ خۆی ھۆکاری ئارام بوونەوەو سوکنایی بەخشینە بە پیاو، کە خوای (متعال) بە ئایەت و بەڵگە لەسەر خواناسی ھێناویەتی: ( وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ /٢١: الروم).
وەختێک ئافرەت خۆی بۆ ھاوژیانەکەی دەڕازێنێتەوە، ئەوە بە خواست و پاڵنەری ئاینەکەی دەیکات، دەی ھەرجارێ بە زینەتەوە دەردەکەوێت بۆ پیاوەکەی لە ناخەوە زیاتر حەزی پێ دەکاو زۆرتر خۆشی دەوێ (مرغوبة ومحبوبة)، وە ئاوا ھاوسەرەکەی دوور دەکەوێتەوە لە حەرام، ئەمەیە واتای ھاندانی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)ی پێشەوامان، بۆ گەنجان تاوەکو ھاوسەرگیری بکەن چونکە چاو لە حەرام دەگێڕێتەوە.
بە پێچەوانەوە، ئەو ژنانەی بە ئەنقەست کەمتەر خەمن لە خۆ جوانکردن و زینەت و ئارایشی ڕەوادا، ئەم کارەی ھۆکارە بۆ ئەوەی پیاوەکەی چاو بخاتە دوای ئافرەتی بێگانەو تاوانبار ببێت، بێگومان ئەم ئافرەتە لە سنووری شەرع لایداوە، گەرچی کاری چاكەی تری زۆرى ببێت.
تێگەیشتنی ئافرەتی سەحابی لە ئاستێکی بەرزدابووە، وەختێک بە پیاوەکەی وتووە: پێویستیت بە من ھەیە؟! ئەگەر وەڵام بەڵێ بوایە، بۆی جێبەجێ دەکرد ئەوەی دەیویست، خۆ ئەگەر بیوتایە: نەخێر، ئەوکات دەچو بۆ سەر بەرماڵ و شەو بێداری دەکرد.
بەشێک لە ئەرکی ئاینی ئافرەتی ئیماندار، گرنگی دانە بە پیاوەکەی، ئەویش بەخۆ دەرخستن بەشێوەو ڕوخساری جوان و ڕێک و پێکی، وەک وتمان زینەت و ئارایش و خۆجوان کردن (التزیین)، پەیوەستە بە سروشتی ئافرەتەوە، گەر ئەم کارەی بۆ پیاوی بوو ئەوە گوێڕایەڵی و عبادەتە، وە ئەگەر بۆ بێگانە بوو ئەوا سەرپێچی و لە سنوور دەرچون و گوناھباریە بۆی.
ئافرەتی باوەڕدار بۆ ھاوژیانى خۆی دەڕازێنێتەوە، تەنانەت ئەو دەترسێ گەر کراسی نوێ لەبەر بکاو پیاوەکەی یەکەم کەس نەبێت بی بینێت، لەبەرانبەردا پیاوی باوەڕداریش بۆ ھاوژینەکەی ئەرکیەتی گرنگی بە پاک و خاوێنی خۆی بدات، وە پاکی جەستەو بەرگ و ڕوخسارو ناخی بەدروستی ڕابگرێت، وە دەبێت بەدوور بێت لە بۆنی ناخۆش و شێوەی شێواو، چونکە ئەمە داواکاری ئیمانى ساغ و تۆکمەیە.
خوێنەرانی ڕێزدارم، ماڵی باوەڕدار نمونەی بەھەشتە، لەبەر ئەوە نا کە فراوان و گەورەو نەخشێنراوە؛ ھەرچەندە ئەم بوارە بەشێکی گرنگە، بەڵکو لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی خوای تیا دەکرێت. ئەی کەی لادان و دەرچون ڕوو دەدات؟ کاتێک ئافرەت بۆ غەیری پیاوەکەی خۆی بڕازێنێتەوە، وە پیاویش چاوبگێڕێ بەشوێن ئافرەتی بێگانەدا.
لەم بارەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ھۆشداری داوە: ( أَيُّما امرأةٍ استَعْطَرَتْ، فمَرَّتْ على قومٍ ليَجِدُوا رِيحَها، فهي زانيةٌ، وكلُّ عينٍ زانيةٌ). (الراوي: أبو موسى الأشعري ، المحدث: الألباني ، صحيح ابن خزيمة: (١٦٨١).
دەی بۆ ئەوەی ئەو ڕێزو پایەبەرزی و قەدرەی خوا پێی داون پارێزراو بێت، دەرگاو دەرچەی ئاسان کردنی تاوان لەلای ئەوانەوە داخرێت، ئەوا پێویستە ئافرەتانی ئیماندار زۆر بەجوانی وەڵامی بانگەوازی خوایی بدەنەوە. بۆ ئەم مەبەستە مەزنە حەتم دەبێت:
یەکەم: بەدروستی و واقعی لەبیرو خەمی ئارایش و زینەت و خۆجوان کردندا بن بۆ پیاوەکانیان بەپێی تواناو بۆگونجان. دوور لە زیادەڕۆیی، بەڵکو لە سنووری شەرع و ڕەواییدا.
دووەم: لەبەر ئەوەی ئەوان بەشێکی گرنگی ناو کۆمەڵگەن، تێکەڵ دەبن بەخەڵکی بێگانەو نامەحرەم، ئەوا زۆر پێویستە لەسەریان بەو پەڕی تواناوە ھەوڵ بدەن تاکو بەڕێک و پێکی ئەرک و فرمانی خوا جێبەجێ بکەن، لە ڕەچاوکردنی مەرج و خاسیەتی پۆشاکی شەرعیدا، وە دەبێت ئاوا دەرکەون کە خاوەنەکەیان لێی داوا کردوون، تاوەکو لەدنیا براوەو لە دواڕۆژ بەختەوەری مسۆگەر بکەن.