سودان لە بازنەی كودەتاكانی دەوڵەتی قوڵدا

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ لە رێپێوان و خۆپیشاندان و مانگرتنی گەلی سودان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە، دواجار لە 11ی نیساندا عومەر بەشیری سەرۆك كۆماری سودان لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لەسەركار لابرا.

عومەر بەشر خۆیشی هەربەهۆی كودەتایەكی سەربازیەوە لە ساڵی 1989 دا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، دیمەنەكان لە سوداندا هاوشێوەی یەكن و مێژووی سیاسی سودان دەیان رووداوی هاوشێوەی لەم جۆرەی بەخۆوە بینیوە، لەوكاتەوە كە سودان وەك دەوڵەتێك ناسراوە كە لە ساڵی 1989 بەریتانیەكان دروستیان كردووە هەتا ساڵی 1956 كە سەربەخۆیی وەرگرتووە و لەوكاتەشەوە هەتا ئێستا سوپا كاراكتەری گەورە و بەهێزبووە لە دروستكردنی گۆڕانكاری سیاسی دا، سەرەڕی ئەوەی كە گەلی سودان بە بەردەوامی ئامادەبووە بەرەوڕووی دەسەڵاتە ستەمكار و عەسكەرتارەكان ببێتەوە و گۆڕانكاری سیاسی دروست بكات و حكومەتێكی مەدەنی كاروبارەكانیان بۆ بەڕێوە ببات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە دەسەڵاتی سەربازی وەك هێزێكی تۆكمە و خاوەن دەسەڵات لەڕووی ئابووری و سیاسیەوە رەگی داكوتاوە، هیچ هێزێكی مەدەنی ناتوانێت بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی دوری بخاتەوە، ئەمەش تەنها لە سوداندا نیە بەڵكو لە میسر و جەزائیریش هەمان سیناریۆیە، كە گەل توانای ئەوەی نیە بەرهەمی خۆپیشاندان و گۆڕانكاریەكان بچنێتەوە، بەڵكو لەپاش ئەوەش كە كۆتایی بە حوكمی دەسەڵاتە كۆنەكە دێت، عەسكەر بە گەمەیەكی سیاسی جارێكی تر كەسێكی تر دەهێنێت كە ئینتیمای بۆ هەمان دامەزراوە هەیە، بەڵام بە رەنگێكی تر و بە ئالیەتێكی تر كە زۆرجاریش تێكەڵی دەكات بەخواستی خۆپیشاندان و جەماوەر و بە پرۆسەیەكی دیموكراسی دەمامكدار دەیهێنێتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی و بۆ ئەم مەبەستەش هەڵبژاردن رێك دەخات و ناوی حكومەتی مەدەنی لێ‌ دەنێت و ئەنجامەكەشی وەك سەرخستنی ئیرادەی گەل لە قەڵەم دەدات و ئەمجارەیان بە سیمایەكی مەدەنی خۆی نیشان دەدات.

دامەزراوەی سەربازی لەم وڵاتانەدا كە سودانیش یەكێكە كە ئەوان، دامەزراوەیەكی پیشەیی نیە كە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیەكانی خۆیدا مامەڵە بكات، بەڵكو بەردەوام پێیەكی لەناو دەسەڵاتی سیاسی دا بووەو رێگەی نەداوە كە حكومەت بكەوێتە ژێر سایەی هێزە مەدەنیەكانەوە ،بەڵكو لەسەر و ئەمانەوە سوپا خۆی بە پارێزەری سەروەری وڵات و دەستور و یاسا و شەریعەت داناوەو ئەو دەست تێوەردانانەشی بە بەرپرسیاریەتێكی نیشتمانی وەسف كردووە. ئەمجارەشیان ئەوەی دەبینرێت هەمان سیناریۆیە.

دەسەڵاتەكەی عومەر بەشیر كە بە كودەتا لە ساڵی 1989 هاتۆتە سەر دەسەڵات، خۆی بەشێك بووە لە دامەزراوەی سەربازی پاشان، بوەتە سەرۆكی پارتێكی سیاسی و خۆی كردووە بە بەشێك لە پرۆسەی سیاسی مەدەنی و بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە و هەموو جارێكیش بە درێژایی 30 ساڵی رابردوو براوەی یەكەم بووە لە هەڵبژاردنەكان، عومەر بەشیر لە پاش 30 ساڵا كە زۆرتر وەك پیاوێكی سەر بازی دەركەوتووە و ویستوویەتی ببێتە سەركردەیەكی كاریزما، بەڵام لەلایەكی ترەوە وڵاتی بەرەو دواكەوتوویی و هەژاری و وێرانی بردووە و بەم هۆیەشەوە گەلی سودانی خستۆتە بارێكی زۆر خراپ، كە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوریە خراپەوە گەل ناچار بوو كە بێتە سەر شەقام و درێژە بە رێپێوان و خۆپیشاندان بدات، هەتا ئەوكاتەی كە بە كودەتایەكی سەربازی بەكار لابرا.

لە ئێستادا پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی كارای ئەوتۆ نیە كە رابەرایەتی جەماوەری راپەڕیو بكات و وڵات رزگار بكات لە حوكمی دەسەڵاتی تاكڕەوی عەسكەر و گەندەڵكاران. هەرچی ئەو پارتانەن كە لە گۆڕەپانی سیاسی سوداندا هەن بەشێكی زۆریان تاقیكراونەوەو وەك بەشێك لە پشتیوان لە دەسەڵاتی سەربازی دەركەوتوون و حوكمی وڵاتیان بردووە بەڕێوەو دواجار شكستیان خواردووە لە ئەنجامدانی چاكسازیدا.

لەبەرئەوە، ئەوەی ئەمڕۆ هاتۆتە سەر شەقام و رێپێوان دەكات نەوەیەكی نوێیە كە داوای گۆڕانكاری و نوێبوونەوەو چاكسازی دەكات بە عەقڵێكی نوێ‌، لەبەرئەوە ئەو گۆڕانكاریە بەو سەركردە و پارتە تەقلیدیانە ناكرێت و ئەم نەوە نوێیەش رازی نابێت بەوەی كە ئەو پارتانە ئێستا بێن و خۆیان بكەن بە خاوەنی خۆپیشاندانەكان و دەستكەوتەكانی بەرێت بۆخۆی، لەبەرئەوە ئێستا هەست دەكرێت لە كۆمەڵگەی سودانیدا بۆشاییەك هەیە، ئەویش ئەوەیە لەلایەك جەماوەر رازی نیە بەو سیناریۆیانەی كە دەسەڵاتی سەربازی رێكی دەخات و هەر رۆژە كاراكتەرێكی نوێ‌ نمایش دەكات، لەلایەكی تریشەوە رازی نیە بەوەی پارتە تەقلیدیەكان بێنەوە سەر حوكم ،بەڵام بەهۆی ئەوەشەوە كە عەسكەر رەگ و ریشەیەكی بەهێزی هەیە و رابەرایەتی دەوڵەتی قوڵا دەكات لە سوداندا، كەواتە وا بە ئاسانی لە دەسەڵات دور ناخرێتەوەو هەوڵا دەدات بە جۆرێك لە جۆرەكان بەڕێكەوتن و دانوستان لەگەڵا پارتە تەقلیدیەكان كێشەكە یەكلا بكاتەوەو ناڕەزایەتیەكان خامۆش بكات و بە سیناریۆیەكی تر كار بۆ هێنانەكایەی دۆخێكی سیاسی تر بكات كە ئەمیش هەرخۆی رابەرایەتی بكات.